لێبوردنی نێودەوڵەتی: عێراق دۆزەخی ژن و منداڵانە

:: AM:09:04:17/04/2018 ‌
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە توندی سەركۆنەی دەسەڵاتدارانی عێراقی كرد، كە سزای بە كۆمەڵی بەردەوامیان بۆ سەر ژنان و منداڵان لە كۆمەڵگەكە ڕەخساندووە، بە تۆمەتی بوونی پێوەندی بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئەو سزا قورسە وای كردووە هیچ هاوكارییەكی مرۆیییان پێ نەگات و خۆیشیان ڕێیان پێ نادرێ بچنە دەرەوە و لە كەمپەكان كە بووەتە گرتووخانە بۆیان، توندوتیژییان بەرانبەر دەكرێ.

ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتێكە بەناونیشانی "ژن و منداڵان لە عێراق پەراوێزخراو و گەمارۆدراو و بەكارهێنانیان" بڵاو كردووەتەوە و تێێدا بە وردی تیشك دەخاتە سەر ئەو جیاكارییەی دژی ژنان لە كەمپەكان ئەنجام دەدرێ لەلایەن هێزەكانی تەناهی عێراق و كەسانی سەرپەرشتیاری كەمپەكان دەستدرێژی سێكسییان دەكرێتەسەر و تۆمەتی بوونی پێوەندییان بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەدرێتە پاڵ.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكە هاتووە، تیمەكانمان سەردانی هەشت كەمپی ناوچەكانی ژێر دەستی هێزەكانی عێراقییان كردووە و بە وردی لێكۆڵینەوەیان لەسەر كردوون.

لین مەعلووف بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەكە دەڵێ، شەڕی دژ بە داعش لە عێراق كۆتای هاتووە، بەڵام مەینەتی عێراقییەكان بەردەوامە و درێژەی هەیە، ژن و منداڵانی لە دۆخێكی زۆر خراپ دان، بە تۆمەتی پێوەندی بە تیرۆریستانی داعش كەمپەكان بۆیان وەك گرتووخانەی لێهاتووە و ناتوانن هاتوچۆ بكەن و بچنە دەرەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د