ئەمڕۆ بەرشەلۆنە یاریی هەیە

:: AM:09:05:17/04/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنە ئەمڕۆ سێشەم لە گەڕی 33ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی پالایدۆس دەبێتە مێوانی یانەی سێلتا فیگۆ.

یانەكە لەم هەفتەیەدا رۆژی شەمووی رابردوو لە گەڕی 32 لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی ڤالێنسیای بردبووەوە و توانی ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ لە خولی ئیسپانیا تۆمار بكات ئەویش نەدۆڕان بوو لە 39 یاریی یەك لە دوای یەكدا.

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریداوە بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ پشوو بە هەندێ لە ئەستێرەكانی بدات بۆ یارییەكەی شەمووی داهاتوو لە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر یانەی سڤیلییە.

یانەی بەرشەلۆنە ئێستا لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی ئیسپانیایە بە جیاوازی 11 خاڵ لەگەڵ نزیكترین ركابەری كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدە و تەنیا 6 یاریش لە خولەكە ماوە.

تا ئێستا ڤالڤێردی دیاری نەكردووە بە چ پێكهاتەیەك ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ یاریی دەكات، بەڵام پێشبینی دەكرێ پشوو بە زۆرینەی یاریزانە سەرەكییەكان بدات و بە پێكهاتەی دووەم یارییەكە ئەنجام بدات.

جێی باسە یارییەكەی نێوان سێلتا فیگۆ و بەرشەلۆنە سەعات 10ی شەو بەكاتی كوردستان بەڕێوە دەچێت و پێشتریش لە گەڕی 14ی خولەكەدا هەردوو یانەكە لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ یەكسان ببوون.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م