هەناردەی مەهاباد 71% زیادی كردووە

:: AM:09:23:17/04/2018 ‌

بەرپرسانی گومرگی مەهاباد ئاشكرایان كرد ساڵی رابردوو بەهای هەناردەی گشتی مەهاباد بەراورد بە ساڵێك پێشتر 71%  زیادی كردووە. 

ئەحمەد ئەحمەدی بەڕێوەبەری گومرگی مەهاباد ئاماژەی بەوە كرد كە 490 جۆر كاڵا بە بەهای 21 ملیۆن و 28 هەزار دۆلار هەناردە كراوە. ساڵی ئێران لە نەورۆزەوە دەست پێ دەكات و نزیكەی مانگێكە كەوتوونەتە ناو ساڵی 1397 ی كۆچی هەتاوییەوە.

زۆربەی ئەو شتومەكانە بۆ هەرێمی كوردستان، توركیا و كۆماری نەخجەوان هەناردە كراون. چیمەنتۆ، نەمام، خۆراكی ئاژەڵ، مافوور لە گرنگترین ئەو بەرهەمانەن كە لە مەهابادەوە هەناردە كراون.

بەرپرسەكە باسی لەوەش كرد كە لە میانەی هەناردەكردن هەستیان بەوە كردووە كە خەڵكێك ویستوویەتی بە قاچاخ شت هەناردە بكات و لە ماوەی ساڵیكدا 503 حاڵەت راگەیەنراوە و دۆسیەكانیشیان دراونەتە دادگا.

بەگوێرەی "ئیرنا"، مۆبایل، جلوبەرگ، پارچەی یەدەگ، پێداویستی ناوماڵ زۆرترین ئەو جۆرە كاڵایانەن كە لەمساڵەدا هەناردە كراون.

ژمارەی دانیشتووانی مەهاباد سەرووی 237 هەزار كەسە و كەوتووەتە باشووری پارێزگای ورمێ. پارێزگاكەش 960 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەریەك لە هەرێمی كوردستان، توركیا و نەخجەواندا هەیە.




وشە - سلێمان تاشان