بایرن میونشن هەوڵی كڕینی مارسیال دەدات

:: AM:09:27:17/04/2018 ‌

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی هاتە ریزی ئەو یانانەی كە لە هاوینی داهاتوودا هەوڵی كڕینی ئەنتۆنی مارسیاڵی ئەستێرەی فڕەنسی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دەدەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە مارسیال ماوەیەكە هەست بە نادادپەروەری دەكات بەهۆی ئەوەی لە یارییەكی زۆری ئەم وەرزەدا لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد دوورخراوەتەوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی یانەكە لەماوەی گواستنەوەی زستانەی رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ ئەلێكسیس سانچێزی ئەستێرەی چێڵی ئیمزا كرد.

ماڵپەڕی (كالچیۆ میركاتۆ)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: یانەی بایرن میونشن بڕیاریداوە گرینگییەكی تەواو بە گرێبەستكردن لەگەڵ مارسیال بدات لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەستێرەكە خۆی هیوای خواستبوو بۆ وەرزی داهاتوو ریزی یانەی مانچستەر یونایتد جێبێڵێ.

پێشبینی دەكرێ لە هاوینی داهاتوودا ركابەرییەكی سەخت لەنێوان یانەكانی بایرن میونشن و یۆڤانتۆس و ئارسناڵ دەست پێ بكات بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ مارسیال، چاوەڕوانیش دەكرێ نرخەكەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا بگات بە 50 ملیۆن یۆرۆ.

مارسیال /22 ساڵ/ لەم وەرزەدا بەشداری لە 41 یاریی یانەی مانچستەر یونایتد لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا كردووە و تێیدا 11 گۆڵی تۆمار كردووە و 10 گۆڵی تریشی بۆ هاوڕێكانی دروست كردووە.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م