تۆرێس بارگەی خۆی بۆ ئەمەریكا دەپێچێتەوە
چاوەڕوان دەكرێ فرناندۆ تۆرێسی هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی بۆ وەرزی داهاتوو لە یانەیەكی خولی تۆپی پێی ئەمەریكا یاری بكات دوای ئەوەی بڕیاری رۆیشتنی لە یانەكەی دەركرد.
تۆرێس ماوەیەك پێش ئێستا رایگەیاندبوو ماوەی یاریكردنی لە ریزی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید تەواو بووە و دوای ئەوەی لەم وەرزەدا لە بەشێكی زۆری یارییەكانی یانەكەدا لە پێكهاتەی سەرەكی دوور خرابووەوە.
رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: تۆرێس خۆی ئاوات دەخوازێت دوایین وێستگەكانی ژیانی وەرزشی لە ئەمەریكا بەسەر ببات، هەرچەندە چەندان داواكاری گەورەی لەلایەن یانەكانی خولی تۆپی پێی چینەوە پێ گەیشتووە.
تۆرێس ئێستا خەریكی گفتوگۆكردنە لەگەڵ 5 یانەی ئەمەریكی ئەوانیش برێتین لە: مۆنتریال ئیمپاكت، شیكاگۆ فایەر، سیاتل ساوندەرز، نیۆیۆڕك سیتی و سپۆرتینگ كانساس سیتی.
تۆرێس سەرەتا لە ریزی تازەپێگەیشتووانی ئەتلەتیكۆ مەدرید دەستی بە یاریكردن كردبوو لەنێوان ساڵانی 2001 تا 2007، دواتر رووی لە یانەكانی لێڤەرپوول و چێڵسی و میلان كردبوو، لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ساڵی 2015 بەفەرمی دووبارە گەڕایەوە ریزی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید.
تۆرێس /34 ساڵ/ لەم وەرزەدا بەشداری لە 36 یاریی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا كردووە و تێیدا 8 گۆڵی تۆمار كردووە و 2 گۆڵی تریشی بۆ هاوڕێكانی دروست كردووە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم