به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی، به‌شی یه‌كه‌می شه‌قامی 120 مه‌تری هه‌ولێر له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی توركییه‌وه به بودجه‌ی ١٤٠ ملیۆن دۆلار بڕیار بوو جێبه‌جێ بكرێ به‌ماوه‌ی دوو ساڵ، به‌ڵام ئێسته هه‌شت ساڵ تێپه‌ڕیوه و ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامه‌كه به‌نیوه‌چڵی ماوه‌ته‌وه. له كاتێكدا به‌شی دووه‌می ئه‌و شه‌قامه كراوه‌ته‌وه و خه‌ریكه به‌شی سێیه‌م و كۆتاكه‌شی ته‌واو ده‌بێت.
شاره‌وانی هه‌ولێر ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، "ئه‌و كۆمپانیا توركییه زیانی گه‌وره‌ی به‌و پڕۆژه‌یه گه‌یاندووه و چیتر چاوه‌ڕێ نابین و دوو هه‌فته‌ی تر چاره‌نووسی به‌شی یه‌كه‌م به لێسه‌ندنه‌وه، یان به ته‌واوكردنی یه‌كلا ده‌كه‌ینه‌وه".
شه‌قامی بازنه‌یی ١٢٠ مه‌تری به مه‌ودای ٤٠ كیلۆمه‌تر باوه‌ش به هه‌ولێردا ده‌كات. ئه‌و شه‌قامه كه چه‌ند مه‌ترێك له شه‌قامی 100 مه‌تری به‌رینتره، جیا له دووسایدی پانی سه‌ره‌كی، دووسایدی خزمه‌تگوزاریش له‌گه‌ڵی درێژ بووه‌ته‌وه. به ته‌واوبوونیشی هه‌ناسه‌یه‌ك ده‌داته‌وه هاتوچۆی خنكاوی هه‌ولێر، ئاخر شه‌قامێكی خێرای بێ ترافیكه.
تێچووی 120 مه‌تری 450 ملێۆن دۆلاره، چوار ساڵ به‌ر له ته‌نگژه‌یی دارایی كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و به سێ به‌ش به كۆمپانیا درا. به‌شی یه‌كه‌م له ساڵی ٢٠٠٩ به كۆمپانیای بیانی و دووبهشهكهی تری له ساڵی ٢٠١٣ به كۆمپانیایه‌كی ناوخۆیی درا. ئێسته به‌شی دووه‌می كراوه‌ته‌وه و به‌شی سێیه‌می له ته‌واوبووندایه، به‌ڵام به‌شی یه‌كه‌می كه ده‌بوو دوو ساڵ به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی ته‌واو بووایه، ئێسته‌یش ٤٠%ی كاره‌كانی ماوه و هه‌ر داخراوه.
كاتێك ده‌چیته به‌شی یه‌كه‌می شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری، كه ڕێی كه‌ركووك به مه‌ودای ١١ كیلۆمه‌تر به ڕێی مووسڵ ده‌به‌ستێته‌وه و له ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٠ به كۆمپانیای ئیكجلهری توركی درا، 60%ـی كاره‌كانی كردووه و گوایه ته‌نگژه‌یی دارایی په‌كی خستووه، به‌ربه‌ستێكی گڵین له ئۆتۆمبێل ده‌تهێنێته خواره‌وه. له‌ودیو بهربهستهكهوه ڕێیه‌كی خۆڵی به‌رینی ته‌خت درێژ بووه‌ته‌وه و به‌جێهێشتنی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌و شێوه‌یه، بێ زیان نه‌بووه و له زۆر شوێنی قه‌ڵایه‌ك زبڵ هه‌ڵدراوه‌ته‌وه، یا زبڵ و خاشاك ئاوه‌ڕۆكانی پڕ كردوونه‌ته‌وه.
به‌درێژایی ئه‌و پارچه‌یه‌ی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری شوێنی كۆمپانیای جێبه‌جێكار بوونی نییه و بێ خاوه‌ن، به به‌ربه‌ستی گڵینه‌كانی ئه‌ملاولا هاتووه‌ته سپاردن، كه به‌پێی یاسای به‌ڵێنده‌ران به‌رپرسی یه‌كه‌م له پڕۆژه به‌ڵێنده‌ره.
شوان یوسف به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌كنیكی له سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك به به‌ڵێنده‌ر ده‌درێت، پێویسته له‌و ڕۆژه‌ی ده‌ستبه‌كار ده‌كات تا كاتی ڕاده‌ستكردنی ئاگاداری بێت، به‌ڵام به‌هۆی به‌جێهێشتنی ئه‌و به‌شه‌ی ١٢٠ مه‌تری، بایی ده‌یان ملیۆن دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه له ئاوه‌ڕۆ و كۆبوونه‌وه‌ی زبڵ".
ئه‌و پڕۆژه‌یه ماوه‌ی ته‌واوبوونی به بودجه‌ی ٨٠ ملیۆن دۆلاره‌وه ساڵێك بووه، دوو فه‌رمانی گۆڕانكاری له پڕۆژه‌كه‌دا كراوه و له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش واده‌كه‌ی ١٢٠ ڕۆژ درێژ كراوه‌ته‌وه و ٦٠ ملیۆن دۆلاریشی بۆ زیاد كراوه، واتا بودجه‌ی به‌شی یه‌كه‌می 120 مه‌تری كراوه‌ته ١٤٠ ملیۆن دۆلار و له‌و بڕه‌ش، كۆمپانیا زیاتر له ٧٠ ملیۆن دۆلاری وه‌رگرتووه.
به‌رپرسه‌كه‌ی شاره‌وانی هه‌ولێر ئاماژه به كاتی ته‌واوبوونی پڕۆژه‌كه ده‌دات كه ده‌بوو به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی ته‌واو بێ. به‌ڵام هه‌ر خۆی ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، "كۆمپانیا ٦٠%ی كاره‌كانی جێبه‌جێ كردووه و خۆی به پێشینه‌كان به‌ستووه‌ته‌وه، ئێسته‌یش كه ته‌نگژه‌ی دارایی پێشینه‌كانی نه‌هێشتووه، كۆمپانیا كاره‌كانی ڕاگرتووه".
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، ئه‌و كۆمپانیا توركییه به‌هۆی گرفتی له جێبه‌جێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی له پارێزگای سلێمانی و قه‌رزداربوونی پاره‌ی خه‌ڵك، خه‌ڵكی كه‌لوپه‌له‌كانی كۆمپانیایان له پڕۆژه‌كه بردووه و كێشهكهیشیان گواستووه‌ته‌وه دادگای هه‌ولێر. شوان یوسف ددان به‌وه‌دا ده‌نێ كه "كێشه‌ی ئه‌و كۆمپانیا توركییه زۆر قووڵه".
له‌مه‌ڕ دواكه‌وتن و ته‌واونه‌كردنی به‌شی یه‌كه‌می شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری، حكوومه‌ت سێ جار ئاگاداری كۆمپانیای ئیكجلهری توركی كردووه‌ته‌وه كه كاره‌كانی ته‌واو نه‌كات پڕۆژه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه، به‌ڵام به‌وه‌یشه‌وه تا ئێسته شه‌قامه‌كه هه‌روه‌ك و خۆی به داخراوی و خۆڵ و تۆزه‌وه ماوه‌ته‌وه.
كۆمپانیای ئیكجلهری توركی هیچ به‌ش و ئۆفیسی له به‌شی یه‌كه‌می شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری نه‌ماوه، له ڕێی شاره‌وانییه‌وه "وشه" ژماره‌ی خاوه‌نی كۆمپانیاكه‌ی وه‌چه‌نگ خست تا ده‌رفه‌ت به كۆمپانیا بدات قسه‌ی خۆی بكات، به‌ڵام ئه‌و ژماره‌یه‌ی پێی درابوو هه‌ر وه‌رنه‌گیرا.
ئه‌و دواكه‌وتنه‌ی به‌شی یه‌كه‌می شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری و مانه‌وه‌ی به‌نیوه‌چڵی، له كاتێكدایه هه‌رچی دوو به‌شه چهماوهكی تری، كه یه‌كیان 16 كیلۆمه‌تره و له ڕێی مووسڵه‌وه تا ڕێیه‌كه‌ی شه‌قڵاوه‌یه، سێ ساڵ دوای كاره‌كانی كۆمپانیا توركییه‌كه ده‌ستی پێ كراوه و ئێسته هاتوچۆی له‌سه‌ره. خۆ له‌وێشه‌وه 11 كیلۆمه‌تری تا ڕێی كه‌ركووك كه به‌شی سێیه‌مه، كاری تێدا ده‌كرێت و ئه‌و دوو به‌شه كۆمپانیای ناوخۆیی "هێمن گرووپ" جێبه‌جێی ده‌كات.
سه‌رتیپ سابیر قادر نوێنه‌ری ئه‌ندازیاری شاره‌وانی و چاو‌دێر له‌و پڕۆژه‌یه باس له جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه به كوالیتی به‌رز ده‌كات له‌و دوو به‌شه‌ی كۆمپانیای ناوخۆ، كه به شێوه‌یه‌كه به‌رگه‌ی لۆدی زۆر و ئاو ده‌گرێت كه ئه‌وانه به‌ڵای شه‌قامن و پێویستییه‌كانی ته‌مه‌ن درێژیشی تێدا ڕه‌چاو كراوه. ئه‌و بۆ "وشه" ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، بیر له چاككردنه‌وه "سیانه"یش كراوه‌ته‌وه كه ده‌توانن له ته‌نیشت شه‌قامه‌كه‌وه، كاره‌كانیان بكه‌ن و تا ساڵێكیش سیانه‌ی شه‌قامه‌كه له‌سه‌ر كۆمپانیا ده‌بێت.
سه‌رباری ته‌نگژه‌ی دارایی، ئێسته ئه‌و كۆمپانیا ناوخۆیییه، كار له به‌شی سێیه‌م و كۆتای شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری ده‌كات، ئه‌میر عه‌بدولخالق به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كانی ڕێگه له هێمن گرووپ ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه جگه له كێشه‌كانی كاره‌با و ته‌له‌فۆن و بۆڕیی ئاو، زیاده‌ڕۆیی زۆر له پڕۆژه‌كه‌دا هه‌بوو، به‌وه‌یش به‌گوته‌ی خۆی "ساڵێك كاره‌كانی ئێمه‌یان ڕاگرت، به‌ڵام سێ مانگ به‌ر له واده‌ی خۆی به‌شی دووه‌ممان ته‌واو كردووه و ئێسته كار له 11 كیلۆمه‌تره‌كه‌ی به‌شی كۆتا ده‌كه‌ین و كۆتای ئه‌مساڵ ئه‌ویش ته‌واو ده‌كه‌ین".
ئێسته شاره‌وانی هه‌ولێر كه مه‌به‌ستیه‌تی به‌شی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه كه ٦٠% ی كاره‌كانی ته‌واو بووه، بكاته‌وه و له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تری تێكه‌ڵاوی بكاته‌وه، كۆمپانیای توركییان ئاگادار كردووه‌ته‌وه به‌وه‌ی خۆی یه‌كلا بكاته‌وه یان كاره‌كه ته‌واو بكات، یا ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه. شوان یوسف ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، كه له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا وه‌ك شاره‌وانی سێ كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا توركییه‌كه‌دا كردووه و واده‌ی مانگێكی پێ دراوه و ده‌بێت یه‌ك له‌و بژاردانه هه‌ڵبژێرێت.
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی شاره‌وانیی هه‌ولێر ده‌ڵێ، "له‌ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا شاره‌وانی نیازیه‌تی كاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیا توركییه ته‌واو بكات، یان ئه‌وه‌ی ده‌ست به كاره‌كه‌ی بكاته‌وه و ته‌واوی بكات و ئه‌و پاره‌یه‌ی له لای حكوومه‌ت ماوه‌ته‌وه به‌ره‌به‌ره وه‌ریبگرێته‌وه، یاخۆ له ڕێی دادگاوه كاره‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه.
وشه/ هه‌ولێر- چواس خالید