ریال مەدرید ئەمساڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی باشتر بووە

:: AM:10:02:17/04/2018 ‌

یانەی ریال مەدرید لەم وەرزەی خولی ئیسپانیادا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئاست و ئەنجامی باشتر بووە بە بەراود لەگەڵ ئەو یارییانەی لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجامی داون.

یانەی ریال مەدرید بە سەركردایەتی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی لەم وەرزەدا تا ئێستا لە كۆی 16 یاریی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی توانیویەتی 34 خاڵ كۆ بكاتەوە، لەبەرامبەریشدا یارییەكانی لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە 16 یارییدا 33 خاڵی كۆ كردووەتەوە.

ریال مەدرید جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ركابەرەكەی یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگی یانەكان هەیە لەو یارییانەی لەنێو یاریگەی كامپ نوو ئەنجامی داون، یانە كەتەلۆنییەكە لەناو یاریگەی خۆی 10 یاریی بردووەتەوە و لە 3 یاریشدا بەرامبەر یانەكانی ڤالێنسیا، لیڤانتی و ئەتلەتیكۆ مەدرید یەكسان بووە، یانەی ریالیش لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ 3 یاریی بەرامبەر یانەكانی ریال بیتیس و بەرشەلۆنە و ڤیاڕیال دۆڕاندووە.

یانەی شاهانە لە ركابەرییەكانی ئەم وەرزەی جامی شای ئیسپانیادا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ نەیتوانیبوو بەرامبەر یانەكانی فۆینلابرادا و نۆمانسیا و لیگانیس بباتەوە، هەروەها لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش نەیتوانیبوو لە تۆتنهام و یۆڤانتۆس بباتەوە.

یانەكە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا 10 یاریی بردووەتەوە لەگەڵ 4 یانەش یەكسانبووە بەرامبەر ئەتلەتیكۆ مەدرید، ئەتلەتیك بیلباو، سێلتا فیگۆ و لیڤانتی، جگە لەوەش لە 2 یارییدا بەرامبەر یانەكانی گیرۆنا و ئیسپانیۆڵ دۆڕاوە.

ئەگەر تەنیا یارییەكانی ناوەخۆ هەژمار بكرێن، یانەی بەرشەلۆنە بەكۆكردنەوەی 44 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانە و دوای ئەویش یانەی ئەتلەتكیۆ مەدرید دێت بە كۆكردنەوەی 40 خاڵ و لە ریزی سێیەمیش یانەی ڤالێنسیا دێت بە 38 خاڵ.

بەشێویەكی گشتی یانەی ریال مەدرید ئێستا بەكۆكردنەوەی 67 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی خولی ئیسپانیایە، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیش لە ریزبەندی دووەمە بە 71 خاڵ و بەرشەلۆنەش بە 82 خاڵ لە ریزی یەكەمە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م