پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە

:: AM:10:03:17/04/2018 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز بكات و ژمارەیەك پڕۆژە یاسای ناكۆكی لەسەر خراونەتە بەرنامەی كارەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی پەرلەمان دوا دانیشتن نییە و بەگوێرەی ماوەی درێژكراوەی پەرلەمان تا 30 حوزەیران/یۆنیۆی داهاتوو پەرلەمان دەتوانێ كۆبوونەوە ئەنجام بدات و ئەم خولەی پەرلەمان وادەكەی تا كاتی بڕیار لێدراو كۆتای نایەت، بۆیە لەو ماوەیە دەتوانێ دانیشتنی ئاسایی و نائاسایی ساز بكات.

بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژە یاسای نوێنەران لە دادگای تێهەڵچوونەوە و ژمارەیەك پڕۆژە یاسای تر بخرێنە ڕوو، بەڵام هیچ بەرنامەیەكی كار لە پێگەی فەرمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاو نەكراوەتەوە.

بڕیارە ئەم خولەی پەرلەمان دوا دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات، لە ڕۆژی هەڵبژاردن كە 12ی ئایار/مایۆ واتە مانگی داهاتووە، خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دێتە هەڵبژاردن و خولی چوارەمی پەرلەمان كۆتای بە ماوە یاسایییەكەی دێ.

سیستەمی عێراق كۆماری فیدراڵی پەرلەمانییە و لە دەستوور ئەمە چەسپاوە، بەڵام تا ئێستە لە گۆڕەپانی سیاسی نەتوانراوە دەستوور بە تەواوی جێبەجێ بكرێ و زۆرجار بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، بەرپرس و باڵوێز و فەرماندە سەربازییەكان دیاری دەكرێن و دەخرێنە سەر كار، بۆیە ڕەخنەی زۆر لە جێبەجێ نەكردنی دەستوور و نەچەسپاندنی عێراقی دوای سەدام لەسەر بنەماكانی دەستوور دەگیرێت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د