ئه‌مه‌ریكا مامه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ چین قه‌ده‌غه‌ ده‌كات


ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا مامه‌ڵه‌كردنی كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای دروستكردنی مۆبایلی چینی ZTE قه‌ده‌غه‌ كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوای حه‌وت ساڵ ده‌ركه‌وت كۆمپانیاكه‌ مامه‌ڵه‌ی نایاسایی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات.

ئاژانسی رۆیته‌رز له‌ هه‌واڵێكدا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه‌لوپه‌لیان به‌ ڕێژه‌ی 25% بۆ 30% له‌لایه‌ن ZTE ی چینی دابین ده‌كرا بۆ مۆبایلی زیره‌ك و دروستكردنی تۆڕی پێوه‌ندییه‌كان، به‌ڵام وه‌زاره‌تی بازرگانیی ئه‌مه‌ریكا ڕای گه‌یاند، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ ئه‌نجامی پابه‌ند نه‌بوونی كۆمپانیایZTE به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا بووه‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت له‌ ساڵی ڕابردوو له‌لایه‌ن داداگای ته‌كساس دانی به‌وه‌ دانا كه‌ بازرگانی بۆ كه‌لوپه‌له‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بووه‌. 

كۆمپانیا چینییه‌كه‌ كه‌ مۆبایلی زیره‌ك ده‌فرۆشێت، باجی 890 ملیۆن دۆلاری به‌ حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا داوه‌، له‌گه‌ڵ زیادكردنی 300 ملیۆن دۆلاری تر له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌. 

ئیریك هیرشهۆرن، بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی بازرگانی ئه‌مه‌ریكا ڕای گه‌یاند، ئه‌گه‌ر كۆمپانیاكه‌ نه‌توانێت هه‌ڵه‌كانی چاك بكاته‌وه‌، ئه‌وا كاركردن له‌گه‌ڵی ده‌وه‌ستێنین و زۆرینه‌ی بانك و كۆمپانیاكان ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكان هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ناكه‌ن. 

كۆمپانیای ZTEی چینی كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ شاری شێنژێنه‌ ڕای گه‌یاند، بڕیاری ده‌ركردنی چوار له‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی كۆمپانیاكه‌ی داوه‌ و 35 كارمه‌ندیش سزا ده‌دات، به‌ڵام كۆمپانیاكه‌ له‌ مانگی ئاداری ڕابردوو له‌ بڕیاره‌كه‌ی پاشگه‌ز بووه‌ و ڕای گه‌یاند، كه‌ چوار به‌رپرسه‌كه‌ی له‌ كار دوور خستوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سزای 35 كه‌سه‌كه‌ی تر نادات.  


وشە - په‌یام محه‌مه‌د


AM:10:15:17/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌