رۆما وەڵامی ریال مەدریدی دایەوە: گۆڵپارێزەكەمان بۆ فرۆشتن نییە

:: AM:10:16:17/04/2018 ‌

یانەی رۆمای ئیتاڵی وەڵامی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دایەوە و تێیدا رەتی كردەوە بۆ وەرزی داهاتوو گۆڵپارێزی بەڕازیلی ئەلیسۆن پیكەر بفرۆشێ.

لە ماوەی رابردوودا چەندان گەورە یانەی ئەوروپا ئامادەیی خۆیان بۆ كڕینی ئەلیسۆنی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەڕازیل نیشان دابوو لەسەرووی هەمووشیانەوە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.

لەمبارەیەوە جیمس بالوتا سەرۆكی یانەی رۆما لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سكای سپۆڕت)ی ئیتاڵی رایگەیاند: هیچ نیازێكمان نییە بۆ فرۆشتنی ئەلیسۆن، كاتێك لەسەرەتادا گرێبەستمان لەگەڵی ئیمزا كرد پێمانوابوو یەكێك لە باشترین گۆڵپارێزەكانمان هێناوەتە یانەكەمانەوە و بە دروستیش وابوو و بۆیە بەهیچ شێوەیەك نایفرۆشینەوە.

سەرۆكی یانەی رۆما جەختیشی كردەوە كە هەر داواكارییەكایان ئاراستە بكرێ لە هەر یانەیەكەوە و بەهاكەی هەر چەندیش بێت بیر لە فرۆشتنی ئەلیسۆن ناكەنەوە.

جێی باسە یانەی رۆما لە هاوینی 2016 بەفەرمی ئەلیسۆنی لە یانەی ئەنتەرناشیۆنالی بەڕازیلی بە بەهای 7 ملیۆن پاوەن هێنابووە یانەكەیەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م