ڕۆژنامەیەك: ئێران هەڵمەتی تیرۆركردنی رۆژهەڵاتییەكانی لە باشوور دەست پێ كردووە

:: AM:10:23:17/04/2018 ‌

 
تەنیا لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 16 كەسایەتیی رۆژهەڵات لە باشووری كوردستان تیرۆر كراون، هەفتەی رابردووش هەوڵێكی تیرۆركردنی یەكێك لە سەركردە دیارەكان شكستی هێنا و هێشتا سەركردەیەكی تریش لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدایە، لە هەموو ئەو كردەوانەشدا پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران درێژ دەكرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵدا شەپۆلێكی تیرۆركردنی سەركردە و كەسایەتییەكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، لە 40 رۆژی رابردوودا حەوت كەسایەتیی گرنگ تیرۆر كران، بەمەش ژمارەی تیرۆركراوانی رۆژهەڵاتییەكان لە باشووری كوردستان گەیشتە 16 كەسایەتی.

جگە لەمە شكستیان هێنا لە تیرۆركردنی حوسێن یەزدانپەنا سەرۆكی پارتی ئازادی كە هەفتەی رابردوو لەسەر شەقامی بازنەیی 120مەتری لە هەولێر لەرێی دوو ماتۆڕسكیل هێرشی كرایە سەر كە بەهۆیەوە شوفێرەكەی بەسەختی بریندار بوو، هەروەها خۆیشی بە سووكی بریندار بووە. تا ئێستەش سەڵاح رەحمانی سەركردەی باڵی سەربازی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی چڕدایە، دوای ئەوەی لە كۆتای مانگی رابردوو لەرێی بۆمبێكەوە كە بە ژێرەوەی ئۆتۆمبێلەكەی چێنرابوو، تەقییەوە و خۆی بە سەختی بریندار بووە و كوڕێكیشی گیانی لە دەست دا.

 لەسەر ئەو پرسە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەڵێن ئەوەی روو دەدات، جەنگێكی هەواڵگری و سیخوڕیی جیاواز و نوێیە لەسەر خاكی كوردستان بەڕێوە دەچێت. ئەفسەرێكی ئاسایشیش دەڵێ، تەواوی ئەو كردە تیرۆریستییانەی دژ بە سەركردەی حزبە رۆژهەڵاتییەكان ئەنجام دەدرێن، هەواڵگری و سیخوڕی ئێرانی و فەیلەقی قودس لە پشتیەوە بووە بەسوود وەرگرتن لەو كوردانەی بوونەتە بەكرێگیراوی ئێران.

ئەو ئەفسەرە روونی كردەوە، لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا حەوت سەركردەی گرنگی حزبە رۆژهەڵاتییەكان تیرۆر كراون كە بەشێك لەو سەركردانە پێوەندییان لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمەریكی هەبووە و دەستیان كردووە بە چالاكی لە شارە كوردستانییەكانی ئێران، بەهۆی كردە تیرۆریستییەكانی ئێرانیش، زۆرینەی سەركردەكانی پارتە كوردستانییەكانی رۆژهەڵات شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕیوە و زۆر بە وریایییەوە دەرچوونەكانیان ئەنجام دەدەن.

ئەو ئەفسەرەی ئاسایش ئاشكرای كرد كە عەمید ئیقبال پوور سەركردە لە فەیلەقی قودس، سەرپەرشتی كردە تیرۆریستییەكانی ئێران لە باشووری كوردستان دەكات.
 
 ئەوانەی تا ئێستە تیرۆر كراون، قادر قادری سەركردە لە باڵی سەربازیی حزبی دیموكراتی كوردستان لەو كاتەی لە سەروچاوە دەگەڕایەوە بۆ ماڵ، لە رێدا تەقەی لێ كرا. هەروەها خورشید عەزیز تەموون بەرپرسی ئیدارەی دۆسیەی سەربازیی حزبی دیموكراتی كوردستان لەكاتی بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز بە قەناس تیرۆر كرا، جگە لەوان حەمید قادر بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حزبی دیموكرات لەناو ماڵەكەی خۆی لە شاری هەولێر چەند چەكدارێك هێرشی دەكەنەسەر و تیرۆری دەكەن، هەروەها ئەمیر ئەحمەدی سەركردەی هەرە دیار و چالاكی رۆژهەڵاتی، لە ئەوروپا لە كاتی گەڕانەوەی بەسەردان بۆ كوردستان لەناو ماڵەكەی خۆیدا لە 30ی مانگی رابردوو بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆر كرا. هاوكات ئێران لە پشتەوەی كوشتنی كوڕەكەی سەڵاح رەحمانی بوون كاتێك بۆمبێكی چێنراویان خستە ژێر ئۆتۆمبێلەكەی لە بنەسڵاوە، بەهۆیەوە سەڵاح رەحمانیش بە سەختی بریندار بوو، هاوكات رۆژی پێنجشەمی رابردووش حوسێن یەزدانپەنا سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان لەسەر شەقامی 120 مەتری بازنەیی لە هەولێر بە دوو ماتۆڕسكیل هێرشی كرایەسەر، خۆی بە سووكی بریندار بوو و شوفێرەكەشی بە سەختی.

لەسەر ئەو پرسە خەلیل ناردی بەرپرسی پێوەندییەكانی پارتی ئازادی كوردستان دەڵێ، ئەمەی رووی دا هەوڵێكی تیرۆر بووە كە هەواڵگری ئێران لە پشتیەوەیەتی، بەڵام شكستیان هێنا و سەرۆكی حزبەكەش سەلامەتە.
 
لە هەرێمی كوردستان چەندان حزبی رۆژهەڵاتی كوردستانی هەن كە بەشێكیان باڵی چەكداریان هەیە و چالاكیی چەكداریش ئەنجام دەدەن، بەشی زۆری ئەو حزبانە پێگە و بارەگایان لە گوندەكانی دەوروبەری چیای قەندیلە، لەوانەی پارتی ئازادی كوردستان، حزبی دیموكرات "حدكا" و رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران "كۆمەڵە" و پارتی ژیانی ئازادی كوردستانی ئێران "پژاك". ئەو پارتە رۆژهەڵاتییانە لە ناوچە كوردستانییەكانی رۆژهەڵات لە لوڕستان و كرمانشان و قەسری شیرین و ئیلام و مەهاباد و چەندان ناوچەی تر چالاكی سەربازی دژ بە رژێمی كۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدەن.

لەسەر ئەو پرسە، لە هەرێمی كوردستان بۆچوونی جیاواز هەیە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە پێوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئێران و حزبەكانی باكوری كوردستان هەیە، دەڵێ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاژاوە لە كوردستان دەنێنەوە.

ئاوات عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ كردەی تیرۆركردن لە هەموو ناوچەیەكی دنیا بوونی هەیە، بەڵگەش بۆ ئەمە تیرۆركردنی سێرگی سكریپاڵ لە لەندەن، بۆیە ناكرێت لایەنێك تۆمەتبار بكرێت كە دەستی هەیە لە كردە تیرۆریستییەكان.

هاوكات سەركردەیەكی دیاری هاوپەیمانی لە عێراق دەڵێ، ئەوەی روودەدات جەنگێكی هەواڵگری و سیخوڕییە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئەمەریكا سەدان چەكداری كوردی ئێرانی راهێنان پێ كردوون و چەكی پێ داون و ئەوانیش لە ریزی پێشمەرگە شەڕی دژ بە داعشیان كردووە، لەوانە پێشمەرگەكانی پارتی ئازادی و هەڵۆكانی كوردستان و دیموكراتی كوردستان و شیوعی كوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستە ئێران هەوڵی لەناوبردنی ئەو سەركردانە دەدات، بەڵگەش بۆ ئەمە چوار لەوانەی بەمدوایییە تیرۆر كران سەركردەی سەربازی بوون، ئەمەش وایكرد ئەوانی تر كە لە باشووری كوردستان بوون، بە تەواوەتی خۆیان بزر بكەن كە رەنگە لەمەدا ئەمەریكا هاوكاری كردبن تا لە بازنەی مەترسی دوور بكەونەوە، ئەوانەشی لە شارەكانی كوردستان ماونەتەوە، پێویستە خۆیان بگەیەننە ناوچە سنووریی و شاخاوییەكان.

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی كوردستانی ئاشكرای دەكات كە هەواڵگری ئێران و فەیلەقی قودس بە شوێن مستەفا هیجری دەگەڕێن كە وەك باوكی رۆحی "حدكا" ناسراوە، كە بەگوێرەی هەواڵەكان ئێستە لە چیای قەندیل خۆی حەشار داوە.

عەبدولباری زێباری پەرلەمانتار و سەركردە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێ، پێویستە هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر ئەو پرسە بێنە دەنگ، كۆمەڵێك سەركردە تیرۆر كراون و ئەوانیش وەها بێدەنگن هەروەك بڵێی هیچ رووی نەدابێت.

لای خۆشیەوە ماجید شنگالی پەرلەمانتاری پارتی دەڵێ، روون و ئاشكرایە كە هەواڵگری ئێران لە پشتەوەی ئەو زنجیرە كردە تیرۆریستییەیە دژ بە سەركردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. گوتی "كردەی تریش بەڕێوەیە ئەگەر بەری پێ نەگیرێت".
 
هاوكات كیفاح مەحموود راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك بارزانی دەڵێ، ئەوەی روو دەدات دۆخێكە بەسەر هەرێمی كوردستان سەپێنراوە و هەرێمیش بە ناچاری باجەكەی دەدات. گوتی "كردە تیرۆریستییەكان بەشێكن لە ململانێی تاران لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، هەمانشێوە توركیاش دژ بە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی ئەنجامی دەدات لە شاری سلێمانی".



وشە - فه‌رمان سادق