ئایا بەڕاستی میسی پێكانی هەیە؟


رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد، لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی تا ئێستا ئازار و پێكانی لە ماسوولكەكانی دواوەی رانیدا هەیە و هەر لەبەر ئەمەشە ئاستی یاریكردنی لە یارییەكانی ئەم دواییەدا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.

میسی ماوەیەكە بەدەست ئازاری ماسوولكەكانی دواوەی رانیدا دەناڵێنێ و بەهۆیەوە نەیتوانی لە هەردوو یاریی هەڤاڵینی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرامبەر ئیتاڵیا و ئیسپانیا یاریی بكات وەك ئامادەكارییەك بۆ یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: میسی لە یارییەكانی ئەم دواییەی یانەی بەرشەلۆنە ئاستی یاریكردنی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە ئەویش بەهۆی ئەو ئازارەوەیە كە ماسوولكەكانی دواوەی رانیدا دروست بووە و تا ئێستاش پێیەوە دەناڵێنێ.

هەرچەندە میسی ماوەیەكە خەریكی وەرگرتنی چارەسەریی تەندروستییە و لە چەند یارییەكیشدا پشووی وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا ئازارەكانی كەم نەبوونەتەوە و بە تەواوی چاك نەبووەتەوە.

رۆژنامە كەتەلۆنییەكە جەختیشی كردەوە پزیشكەكانی یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بەهەموو شێوەیەك لە هەوڵی ئەوەدان كۆتایی بە ئازارەكانی میسی بێنن، بەڵام تا ئێستا لە كارەكانیان سەركەوتوو نەبوونە.

پێشبینی دەكرێ ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكەی ئەمڕۆی یانەكەیدا لە گەڕی 33ی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ یاریی بە میسی و چەند ئەستێرەیەكی یانەكەی نەكات بۆ یارییەكەی شەمووی داهاتوو بەرامبەر یانەی سڤیلییە لە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا.

وێنە.. ئەو شوێنەی میسی ئازاری هەیە:-



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:11:06:17/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 219 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌