هه‌رچه‌نده زاناى كۆمه‌ڵناسى عێراقى خۆى له خوێندنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگاى كوردى به دوور گرتووه، كه‌چى زۆر له چه‌مكه‌كانى ئه‌م كۆمه‌ڵناسه كه‌وتووه‌ته سه‌رزارى رۆشنبیر و گه‌نجانى كورد، به‌شێوه‌یه‌ك ئێسته‌یش زۆرترین خوێنه‌رى له‌ناو كورددا هه‌یه.
له ناوه‌ڕاستى په‌نجاكانى سه‌ده‌ى بیسته‌م كۆمه‌ڵناسێكى عێراقى ده‌ركه‌وت و چوارچێوه‌ى بیركردنه‌وه‌ى عێراقییه‌كانی له هه‌موو ئاسته‌كان گۆڕى، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بوو، یه‌كه‌م كارى ئه‌و كۆمه‌ڵناسه ئه‌وه‌بوو بیركردنه‌وه‌ى عێراقییه‌كانى ڕووبه‌ڕووى خۆیان كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان ببینن و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه دزێوه‌كانی خۆیان بۆ ده‌ركه‌وێت. ئه‌م كۆمه‌ڵناسه‌ش "عه‌لى وه‌ردى" بوو كه له‌ناو كورددا ئێسته‌یش كتێبه‌كانى به چه‌ندان جار چاپ كراونه‌ته‌وه.
وه‌ك كتێبفرۆشه‌كان ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ى به‌رده‌وام كتێبه‌كانى ره‌واجی هه‌یه و هه‌ندێك له كتێبه‌كانى تا ئێسته هه‌شت تا نۆ جار چاپ كراوه‌ته‌وه.
عه‌لى وه‌ردى و كورد
هه‌رچه‌نده به‌شێكى زۆرى كاره‌كانى بۆ كۆمه‌ڵگاى عێراق ته‌رخان كردووه و هیچ كارێكى تایبه‌تى له‌سه‌ر كورد نه‌كردووه، به‌و پێیه‌ى ئه‌وكات كۆمه‌ڵگاى كوردیش له رووى كارگێڕى و سیاسییه‌وه به‌شێك بووه له عێراق، ئه‌وه‌ى لێره‌دا پرسیار بێت ئه‌وه‌یه ئایا عه‌لى وه‌ردى شاره‌زایى له‌سه‌ر كورد نه‌بووه؟ یان پێی وا بووه كۆمه‌ڵگاى كوردى جیاوازیى له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانى تر‌ى عێراق هه‌یه؟
له‌باره‌ی پرسیارى یه‌كه‌م به خوێندنه‌وه‌ى ژیاننامه‌ى عه‌لى وه‌ردى ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م كۆمه‌ڵناسه له چه‌ندان قۆناغى جیاوازى ته‌مه‌نى، كوردى له نزیكه‌وه ناسیوه. قۆناغى یه‌كه‌م، مامۆستایه‌تییه، ئه‌و نزیكه‌ى 30 ساڵ له ئاماده‌یى و زانكۆكانى عێراق مامۆستا بووه، وانه‌ى به ژماره‌یه‌كى زۆرى قوتابییانى كورد گوتووه و له نزیكه‌وه دۆستایه‌تى له‌گه‌ڵیان هه‌بووه، له قۆناغێكى تریش زۆربه‌ى رۆشنبیرانى كوردى ناسیوه.
دكتۆر موحسین محه‌مه‌د حوسێن كه یه‌كێك بووه له قوتابییه‌كانى عه‌لى وه‌ردى، ماوه‌یه‌كى زۆر دۆستایه‌تى له‌گه‌ڵدا هه‌بووه، له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى بۆچى وه‌ردى له‌سه‌ر كوردى نه‌نووسیوه، دكتۆر موحسین بۆ " وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه "به‌دیاركراوى نازانێ هۆكاره‌كه چییه"، به‌ڵام به‌پێی ئه‌زموونی پێوه‌ندییه‌كه‌یان ده‌ڵێ "ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌وم ناسیبێت، پێم وایه له‌به‌رئه‌وه له‌سه‌ر كوردى نه‌نووسیوه، نه‌ك كورد به‌وه رازی نه‌بن نووسه‌رێكى عه‌ره‌ب له‌باره‌یانه‌وه بنووسێت".
محه‌مه‌د عیسا خاقانى كه نووسه‌رى كتێبى "100 ساڵ له‌گه‌ڵ عه‌لى وه‌ردی"یه، زیاتر له 10 ساڵ له‌گه‌ڵ وه‌ردى ژیاوه و ماوه‌یه‌كى زۆر مه‌جلیسێكى تایبه‌تى به ناوى مه‌جلیسى خاقانى بۆ كۆڕه‌كانى عه‌لى وه‌ردى ته‌رخان كردبوو. ئه‌و له‌باره‌ى پێوه‌ندى نێوان عه‌لى وه‌ردى و كورد، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "زۆربه‌ى نووسه‌رانى كورد له به‌غدا له كۆتای هه‌شتاكان له كۆڕِه‌كانى عه‌لى وه‌ردى ئاماده ده‌بوون و له نزیكه‌وه وه‌ردییان ده‌ناسى، له‌وانه خه‌سره‌و جاف و به‌درخان سندى و چه‌ندان نووسه‌رى تر، دۆستایه‌تییان له‌گه‌ڵ وه‌ردى هه‌بووه".
خاقانى گوتی "وه‌ردى شاره‌زایى له‌باره‌ى كورده‌وه هه‌بووه، ته‌نانه‌ت جارێك به‌یه‌كه‌وه له زیكرێكى ته‌كیه‌ى كه‌سنه‌زانیش ئاماده بووین، ئه‌مه‌م له كتێبه‌كه‌م باس كردووه".
كورد به‌شێك نییه له كۆمه‌ڵگاى عێراق
جیا له‌وه‌ى سه‌رجه‌م نووسینه‌كانى وه‌ردى تایبه‌ته به كۆمه‌ڵگاى عێراق، به‌ڵام چه‌ند كتێبێكى لێكۆڵینه‌وه‌ى ورده له‌سه‌ر عێراق، له‌وانه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ى كۆمه‌ڵگاى عێراق. له‌و كتێبه‌دا وه‌ردى كۆمه‌ڵگاى عێراق به‌سه‌ر چه‌ند جیۆگرافیایه‌ك دابه‌ش ده‌كات، به‌شى چیایى و به‌شى بیابان و به‌شى شاره‌كان، له‌باره‌ى كۆمه‌ڵگاى چیایى كه كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارییه، وه‌ردى هیچ شتێك له‌باره‌ى ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌وه ناڵێت، ته‌نیا ده‌نووسێَ، "ئه‌م كۆمه‌ڵگایه پێویستى به لێكۆڵینه‌وه‌ى تایبه‌ت هه‌یه".
ئه‌و چه‌مكه‌ى وه‌ردى زۆر كارى له‌سه‌ر كرد، كۆمه‌ڵگاى بیابان بوو، پێی وابوو كۆمه‌ڵگاى بیاباننشینى (به‌دو) كۆمه‌ڵگاى عێراقى تێك داوه، چونكه ئه‌وانه‌ى بیاباننشینن، دوو پێوه‌ر به‌كار دێنن، پێوه‌رى به‌هاكانى بیابان و پێوه‌رى به‌هاكانى شار، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات "دووفاقى" له كۆمه‌ڵگاى عێراق و كه‌سێتیى تاكى عێراقى دروست بێت.
چه‌ندان پاساو له ده‌ست وه‌ردى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى خۆى له خوێَندنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگاى كوردى دوور بخاته‌وه، یه‌كه‌میان كێشه‌ى زمانه و دووه‌میان سروشتى جیۆگرافیاى كوردستانه، سێیه‌میش ئه‌و چه‌مكه‌ى ئه‌و كارى له‌سه‌ر كردووه، له كوردستان بوونى نییه، ئه‌ویش چه‌مكى" بیاباننشینیه".
ئه‌وه‌ى كتێبه‌كانى وه‌ردى بخوێنێته‌وه و له تێگه‌یشتنى ئه‌و بگات، ده‌زانێ وه‌ك ئاكارێكى به‌رزى توێژینه‌وه و رێزگرتن له كۆمه‌ڵگایه‌كى تر، ده‌ستى بۆ كۆمه‌ڵگاى كوردى نه‌بردووه، به پێچه‌وانه‌ى ده‌یان نووسه‌رى تر‌ى عه‌ره‌ب كه زۆرجار له نووسینه‌كانیان سته‌میان له كورد كردووه. هه‌رچه‌نده وه‌ردى به چه‌ندان بیانووى جیاواز خۆى له قه‌ره‌ى خوێندنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگاى كوردى نه‌داوه، به‌ڵام چه‌مكه‌كانى ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كى زۆر كاریگه‌ر له‌ناو كورددا بڵاوه، به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن نووسه‌ر و كۆمه‌ڵناسانى كورد، وه‌ردى پله‌ى ئیمتیازى هه‌یه له خوێندنه‌وه و به‌كارهێنانى چه‌مكه‌كانى.
دانا شوانى مامۆستاى زانكۆ و نووسه‌ر، بۆ "وشه" باسى له‌وه كرد كه ده‌كرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگاى كوردی سوود له چه‌مكه‌كانى وه‌ردى وه‌ربگرین هه‌رچه‌نده بۆ كۆمه‌ڵگاى كوردى نه‌نووسیوه. به‌گوته‌ی دانا، "ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه كه كۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتییه‌كان كه‌م تا زۆر كۆمه‌ڵگاگه‌لی هاوشێوه‌ن، واته له رووی بونیاده‌كانی كۆمه‌ڵگا و كولتووری گشتی و ره‌فتاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌وه له یه‌كه‌وه نزیكن، به‌رمه‌بنای ئه‌م دیده ده‌كرێ بڵێین كۆمه‌ڵگای كوردی و كۆمه‌ڵگای عێراقی له‌ڕووی به‌ها و نۆرمییه‌وه زۆر له یه‌كده‌چن، به ئه‌سته‌م ده‌كرێ له ئاستی كولتووری گشتییه‌وه له‌یه‌كی جیا بكه‌یته‌وه".
جیا له‌مه‌ش، دانا شوانى ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه سه‌رچاوه‌ى هزرى كۆمه‌ڵناسى عه‌لى وه‌ردى ئه‌مه‌ریكاییه، بۆیه هیچ پاساوێك نییه بۆ ئه‌وه‌ى خۆمان له به‌كارهێنانى پێوه‌ر و چه‌مكه‌كانى وه‌ردى به‌دوور بگرین. روونی كرده‌وه، "سه‌رچاوه فیكری و سۆسیۆلۆجییه‌كانی وه‌ردی پتر ئه‌مه‌ریكین و ده‌كرێ له هه‌مان ده‌لاقه‌وه سوودیان لێ وه‌ربگیرێت به‌تایبه‌ت له پرسه‌كانی ئاین و كه‌سایه‌تی و بونیادی سیاسیمان، چونكه تا ئاستێك له‌و رووه‌وه له‌ژێر كاریگه‌ری یه‌ك سه‌رچاوه‌ین، سه‌رباری ئه‌و كارلێكه‌ی له نێوان تاكی كوردی و عێراقیدا بوونی هه‌یه و بووه‌ته هۆی دروستبوونی تایپێكی دیاریكراو له ره‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تی".