داعش 40 گوندی داقووقی كۆنتڕۆڵ كرد

:: AM:11:18:17/04/2018 ‌
قایمقامی شارۆكەی داقووق ئاشكرای كرد، تیرۆریستانی داعش 40 گوندی داقووق و باشووری كەركووكیان بە تەواوی لە ژێر دەستدایە و 31 گوندی تریش هەڕەشەی ڕژدیان لەسەرە و تیرۆریستان دەیانەوێ كۆنتڕۆڵیان بكەن.

ئەمیر خودادا كەرەم قایمقامی شارۆكەی داقووق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی داقووق و باشووری كەركووك بە ئاشكرا بوونیان هەیە و ڕۆژانە خەڵكی دەیانبینن كە هاتوچۆ دەكەن و 40 گوندی شارۆكەی داقووق بە تەواوی لە ژێر دەسەڵات و كۆنتڕۆڵی چەكدارانی داعشدایە، ئەمەیش مەترسییەكی گەورەیە و پێشبینی دەكرێ تیرۆریستان لەو 40 گوندەوە پیلان دابڕێژن بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانی تر.

زیاتر گوتی، بەهۆی ئەو مەترسییە گەورەیە، دەیان گوندی تری ناوچەكە لەلایەن خەڵكەكەیەوە چۆڵ كراون، ئەوان دەزانن كە تیرۆریستان لە ناوچەكە بوونیان هەیە و ژیانیان لە ناوچەیەكی ئارام و بێ كێشە نییە، بۆیە ناچارن گوندەكانیان چۆڵ بكەن و ئاوارە ببن، جیا لەو 40 گوندە، 31 گوندی تریش هەڕەشەی ڕژدیان لەسەرە كە كەوتوونەتە دەوروبەری ئەو 40 گوندەی لە ژێر دەستی داعشدایە.

ئاماژەی دا، لە پاش 16ی ئۆكتۆبەر و ڕۆیشتنی پێشمەرگە هیچ هێزێكی تەناهی لە سنوورەكە بوونی نییە، ئەمەیش دەرفەتێكی گەورەی بۆ تیرۆریستان ڕەخساندووە تا ناوچەكە بكەنە مۆڵگەی خۆیان و جموجۆڵی تێدا بكەن.

لەلایەكی ترەوە عەمید ئیدریس رەفعەت بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك بۆ "وشە" گوتی، پاش داگیركردنی كەركووك لەلایەن میلیشیاكان و نەمانی پێشمەرگە و ئاسایش، بۆشایی گەورەی تەناهی لە كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری و شارۆكە و شارەدێكان دروست بووە، ئەمەیش دەرفەتێكی زێڕینی بە تیرۆریستانی داعش بەخشیوە تا دووبارە خۆیان ڕێك بخەنەوە و چالاكی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.

لە ئەنجامی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر كە لەلایەن گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجام درا، لە بەرانبەر بە قاچاخبردنی نەوتی كەركووك، خاك و خەڵكی شارەكەیان بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی فرۆشت، بەوهۆیەوە تا ئێستە نزیكەی 170 هەزار هاووڵاتی كورد ئاوارە بوون و 600 خانوو و دووكانی هاووڵاتییانی كورد ڕووخێنراون، دزی و تاڵانی و ڕەشبگیری و سووكایەتی بەرانبەر بە كورد بەردەوامی هەیە و بە عەرەبكردن و ڕاگواستن بە چڕی دەستی پێ كردووەتەوە.

كەركووك/ئارام شێركۆ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د