پەیكەر بۆ كچە بۆیاغچییەكەی سلێمانی دروست دەكرێ

:: AM:11:39:17/04/2018 ‌
پەیكەرتاشێكی كورد، كچێكی بچووكی خەڵكی كۆبانێ كە لە شاری سلێمانی بە كاری بۆیاغچییەوە خەریكە، پەیكەرێكی بۆ دروست دەكات و دەڵێ، پێنج مانگ خەریكی پەیكەرەكەی ئارین بووم.

ئاسۆس جاف ژنە پەیكەرتاشی كورد بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كچە بۆیاغچی، كچێكی بچووكی خەڵكی كۆبانێیە و ناوی ئارینە، پاش ئاوارەبوونیان ڕوویان كردووەتە سلێمانی و بۆ دەسكەوتنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەكەی، دەستی بە كاری بۆیاغكردنی پێلاو كردووە، پاش بڵاوبوونەوەی وێنەكەی سەرنجی ڕاكێشام و بڕیارم دا پەیكەرێكی بۆ دروست بكەم.

زیاتر گوتی، ماوەی پێنج مانگ خەریكی پەیكەرەكە بووم و لە كۆتادا توانیم بە سەركەوتوویی كارەكە تەواو بكەم، زۆریش دڵخۆشم كە توانیومه ئازار و مەینەتی كچێكی كوردی ئاوارە بكەمە پەیكەر و پەیامێكی ڕوونیش لە پشت ئەو پەیكەرەیە، لەو بڕوایەم بۆ هەمووان دیار بێ و چیتر منداڵان كاریان پێ نەكرێت.

ئاسۆس ئەحمەد قادر ناسراو بە ئاسۆس جاف لە ساڵی 1989 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و دەرچووی كۆلێژی هونەرە جوانەكانە بەشی پەیكەرسازی، خاوەنی زیاتر لە 35 كاری هونەرییە و تا ئێستە بەشداری زیاتر لە 20 پێشانگای هاوبەشی كردووە و خاوەنی زیاتر لە 15 خەڵاتی ڕێزلێنانە، چەندان كاری سەرشەقامی هەیە بۆ ئەنفال و شنگال و هەڵەبجە و ژنان و نیشتمان، پڕۆژەی مۆنۆمێنتی هونەرمەند شەماڵ سائیب و پڕۆژەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار دانەری ئەلف و بێی نوێی كوردی یەكێكی ترن لە كارەكانی، سەرەتای كاركردنی لە بواری پەیكەرسازی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە و یەكەم كاری بۆ دایكی بووە.

هەولێر/ شاخەوان شێخانی.
















وشە - باز ئه‌حمه‌د