پاریس سان جێرمان بڕیاری كڕینی كاسێمێڕۆی داوە

:: PM:12:46:17/04/2018 ‌

یانەی پاریس سان جێرمانی پاڵەوانی ئەمساڵی خولی فڕەنسا بڕیاریداوە لە هاوینی داهاتوو هەوڵ بۆ كڕینی كاسێمێڕۆی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بدات.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی پاریس سان جێرمان هەوڵ بۆ بەهێزكردنی تیپەكەی دەدات بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەدەست بێنێ دوای ئەوەی لەم وەرزەدا لە قۆناغی 16 لەلایەن یانەی ریال مەدریدەوە كرایەوە دەرەوە.

یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی یانەی پاریس سان جێرمان بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەستكردنە لەگەڵ كاسێمێرۆ بۆ شوێنی تیاگۆ مۆتای ئیتاڵیا كە بەهۆی گەورەبوونی تەمەنییەوە (34 ساڵ) بڕیارە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا یانەكە جێبێڵێ.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: یانەی پاریس سان جێرمان بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو بەفەرمی دەستەوارە پێشكەش بە یانەی ریال مەدرید بكات بۆ كڕینی كاسێمێرۆ.

مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی كاسێمێرۆ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید برێتییە لە 200 ملیۆن یۆرۆ، رەنگە ئەمە ببێتە كێشە لەبەردەم یانەی پاریس سان جێرمان بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئەستێرە بەڕازیلییە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م