پارتی: جەماوەر و لایه‌نگرانمان لە كەركووك ناچنە دەنگدان

:: PM:01:16:17/04/2018 ‌
بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی بەشداری هەڵبژاردن نابن و دەنگ نادەن، ئەمەیش وەك هەڵوێستێك دژی فرۆشتنی شارەكە و داگیركردنی.

محەمەد خورشید بەرپرسی لقی كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەر كوردستانییەك بیر لە دۆخی كەركووك بكاتەوە، بەو داگیركارییەی لە شارەكە هەیە، هەڵوێست وەردەگرێ و خاكفرۆشی ناكات و ددان بەو پرۆسە داگیركارییە نانێت. بۆیە بایكۆتی پارتی لە هەڵبژاردنی كەركووك تەنیا خۆی لە نەبوونی لیست و كاندید نابینێتەوە، بەڵكو جەماوەری پارتیش بەشداری هەڵبژاردن ناكەن و دەنگ نادەن.

زیاتر گوتی، كادر و ئەندام و لایەنگر و جەماوەری ئێمە لە كەركووك بەشداری دەنگدان نابن و ناچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە هیچ لایەنێك و كاندید و لیستێك نادەن، نامانەوێ بە یەك دەنگیش شەرعییەت بەو پرۆسە داگیركارییە بدەین.

لەبارەی هۆكاری ئەو بڕیارەی پارتی بەرپرسی لقی سێ گوتی، وەك وەفایەك بۆ خوێنی شەهیدان كە بۆ ئازادی و بەرگریكردن لە كەركووك خوێنێ خۆیان بەخشی و سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووكیان پاراست، بۆیە ئێستە بە دەنگ ڕەوایەتی بەو داگیركارییە نادەین، كە بەهۆی خیانەتەوە خوێنی شەهیدان و شارەكە پەراوێز خرا و كورد لە شارەكەمان ئاوارە كران.

ئاماژەی دا، سەرەڕای ئەو هۆكارانەی باسمان كرد، بەبێ ئاڵای كوردستان بەهیچ شێوەیەك بەشداری لە هەڵبژاردنی كەركووك ناكەین، ئاڵا بەلای ئێمەوە پیرۆز و شكۆمەند و هەزاران پێشمەرگە گیانیان لە پێناوی شەكانەوەی ئاڵای كوردستان بەخشیوە و ئێستەیش بێ ئاڵا چۆن بەشداری هەڵبژاردن بكەین.

محەمەد خورشید داوای لە خەڵكی كەركووك كرد، بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردن، دەتوانن سزای خیانەتكاران بدەن، چونكە ئەو خیانەتەی ئەوان بووە هۆی دووبارە بە عەرەبكردنەوەی كەركووك و دەركردن و ڕاگواستنی بە زۆرەملێی خەڵكی كورد لە شاردا، گوندەكان عەرەبی هاوردەیان بۆ گەڕێنرایەوە و خاكی باب و باپیرانمان دووبارە داگیر كرایەوە.

لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە لەلایەن گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجام درا، كەركووك لە بەرانبەر بە قاچاخبردنی نەوت فرۆشرایە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، بەوهۆیەوە زمانی كوردی قەدەغە كرا و بە عەرەبكردن دەستی پێ كردەوە و 170 هەزار هاووڵاتیی كوردیش ئاوارە بوون، ڕەشبگیری و تاڵانی و تێكچوونی دۆخی تەناهی و سووكایەتیكردن بە كورد و ئاڵای كوردستان تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.

كەركووك/ئارام شێركۆ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د