سبەی پشووە

:: PM:02:26:17/04/2018 ‌
بەبۆنەی هاتنی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدی، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان سبەی چوارشەمی 18ـی نیسان پشووە لە سەرجەم دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئێزیدییەكان لەو مانگەدا هیچ جۆرە هاوسەرگیرییەك ئەنجام نادەن.

ئەمڕۆ سێشەم 17ـی نیسان/ ئەپریل، عەزیز شركانیم بەرپرسی بنكەی لالش بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چوارشەم 18ـی نیسان، لە سەرجەم داودەزگاكان پشووە بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی ئێزیدی.

بەرپرسی بنكەی لالش دەڵێت، بە ساڵی ڕۆژهەڵات یەكەمین هەفتەی مانگی نیسانە و لە ساڵی زاینی دووەمین هەفتەی مانگی نیسانە كە لە ئاینی زەردەشتی وا هاتووە ئەمڕۆ دنیا دروست بووە، بۆیە بەسەری ساڵی نوێی ئێزیدی دەزانرێت.

شركانیم زیاتر گوتی، لەو مانگە بەهۆی پیرۆزی لای ئێزدییەكان، هیچ ژن و ژنخوازییەك ئەنجام نادەن و ڕێزی دەگرن، هەروەها بۆنەی تایبەت ڕێك دەخەن بە ڕەنگاوڕەنگ كردنی هێلكە و كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر كە بە چوارشەمی سوور ناسراوە.

هاوكات سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سایتی حكوومەت بڵاوی كردۆتەوە بە بۆنەی جەژنی چارشەمبا سۆر رای دەگەیەنین، سبەی چوارشەم 2018/4/18 لە دام و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتە پشووی فەرمی ، جگە لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەسەر داوای خۆیان و بەهۆی دواكەوتنی پرۆسەی خوێندن.

قانع عەملی بەرپرسی یادكردنەوەی ئەمساڵ جەژنی ئێزیدییەكان بۆ "وشە" گوتی، هەرچەندە بەشێكی ئێزیدییەكان دڵیان تەنگە بەهۆی ئاوارەیی و بێسەروشوێنی بەشێكیان، بەڵام ئەمساڵ ئەو یادە دەكەینەوە.

ئێزیدییەكان یەكێكن لە پێكهاتە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان و لە یادی سەری ساڵی ئێزیدییەكان ئەو ڕۆژە لە هەرێمی كوردستان دەكرێتە پشوو، بە ئازادی ئەو ڕۆژە یاد دەكەنەوە.



وشە - رامیار جەواد