ساڵی داهاتوو نرخی نەوت دەگاتە سەرووی 60 دۆلار

:: AM:10:42:28/11/2016 ‌

بازاڕی بۆڕسە چاوەڕوانی كۆبوونەوەی ئەم چوارشەمەی وڵاتانی ئۆپێك دەكات، بۆیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆڕسە دابەزیوە. هاوكات وەزیری وزەی جەزائیر و دامەزراوەی دارایی گۆلدمەنیش پێشبینی ئەرێنییان بۆ داهاتووی نرخی نەوت هەیە.

دامەزراوەی دارایی گۆلدمەن ساش پێشبینی كردووە گەشەی ئابووریی ئەمەریكا لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوودا بگاتە ٢.٣%، لە سێ مانگی دووەم بگاتە ٢.٤%، لە سێ مانگی سێیەم بگاتە ٢.٥% و لە سێ مانگی چوارەمیش بگاتە ٢.٦%. دامەزراوەكە هەروەها پێشبینی كردووە نرخی نەوتی ئەمەریكی لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو لە نزیكەی ٤٦ دۆلارەوە بۆ خوارووی ٤٥ دۆلار داببەزێت و سێ مانگی دووەم ٥٠ بگاتە دۆلار، سێ مانگی سێیەم ٥٥ دۆلار و سێ مانگی كۆتای ساڵیش بگاتە سەرووی ٦٠ دۆلار.

 بەو پێیە كە نرخی نەوتی برێنت لە نەوتی ئەمەریكی بەرزترە نرخەكەی بەرزبوونەوەی زیاتر تۆمار دەكات. لە لایەكی ترەوە وەزیری وزەی جەزائیر ئاشكرای كرد ئەگەر ئەندامانی ئۆپێك لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەم كە بە كۆبوونەوەی ژمارە ١٧١ ناسراوە بە رێككەوتن بگەن، ساڵی داهاتوو لە نیوەی یەكەمی ساڵەكە نرخی نەوت تا ٥٥ دۆلار و تا كۆتای ساڵیش تا سەرووی ٦٠ دۆلار بەرز دەبێتەوە.



نوورەدین بوتەرەفە لە دیداری لەگەڵ وەزیری نەوت ئێران ئەو پێشبینییەی كردبوو. ئەو باسی لەوەش كردبوو كە پێشنیاریان كردووە وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێكیش ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەیان دابەزێنن.

ئەو بەرپرسەی جەزائیر زۆر گەشبینە لەوەی دانیشتنی رۆژی چوارشەم ئەنجامی ئەرێنی هەبێت. ئەندامانی ئۆپێك لە كۆبوونەوەی ٢٨ی مانگی ئەیلوول بڕیاریان دابوو بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ٣٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل كەم بكەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم كە هەفتەیەكی نوێی بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ كردووە، نرخی نەوت بە هێمنی لە بەرزبوونەوەدایە و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە ٤٧ دۆلار و ١٨ سەنت دەفرۆشرێت كە كۆتای هەفتەی رابردوو نرخەكەی بە نزیكەی ٤٧ دۆلار بەسترابوو.

ئەمڕۆ دووشەم دەبوو دانیشتنی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك لە نەمسا بەڕێوە بچێت، بەڵام دوای ئەوەی سعوودیە رەتی كردەوە بەشداری لە دانیشتنی تایبەتی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بكات، دوێنێ ئازەربایجانیش لە كۆبوونەوەكە پاشەكشەی كرد و بەمەش دانیشتنەكە هەڵوەشایەوە.



بڕیار بوو دانیشتنەكە وەك ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی فەرمی ئۆپێك كە رۆژی چوارشەم بەڕێوە دەچێت، ئەنجام بدرێت و هەریەك لە بەرازیل، ئازەربایجان، مەكسیك، كازاخستان، عەمان و رووسیا بەشداری بكەن كە هیچ كامێكیان ئەندامی ئۆپێك نین.

تێكڕای نرخی نەوت لە ساڵی ٢٠١٦دا بریتی بووە لە ٤٤ دۆلار كە ٥٠% كەمترە لە تێكڕای نرخی نەوت لە پێنج ساڵی رابردوو.

 لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا، بە شێوەیەك تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا گەیشتە نۆ ملیۆن و ٦١٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا و ئێستە بە دابەزینی ١٠% ی بەرهەمهێنان، ئاستەكەی دابەزیوە بۆ هەشت ملیۆن و ٦٩٠ هەزار بەرمیل.

لە دانیشتنی كۆتای مانگی ئەیلوولی ئۆپێك لە جەزائیر، رێككەوتن لەسەر ئەوە كرابوو وڵاتان ئاستی بەرهەمهێنانیان كەم بكەنەوە، بەڵام ئەوە دیاری نەكرابوو هەر وڵاتێك پشكەكەی لە كەمكردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت چەند بێت.

 بەگوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەیەك لە رێكخراوی ئۆپێك، هەریەك لە ئێران و عێراق و سعوودیە رەزامەندییان نیشان داوە لە كەمكردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتەكەیان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا.

داوا لە ئێران كراوە بڕی بەرهەمهێنانی نەوتەكەی  ٤.٥% كەم بكاتەوە و بەرزترین بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتەش سێ ملیۆن و ٩٢٠ هەزار بەرمیل دستنیشان كراوە و دەبێت بە هەمان رێژە لە نەوتەكەی كەم بكرێتەوە كە دەكاتە ١٣٠ هەزار بەرمیل.

ئەگەر كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەم دەرەنجامی نەبێت، ئەوا نرخی نەوت روو لە دابەزین دەكات كە بەزیانی هەموو ئەو وڵاتانەیە لە داهاتی گشتییاندا پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستن.



پێشبینییەكی تر باس لەوە دەكات ئەگەر كۆبوونەوەكەش سەركەوتووانە تەواو بێت، ئەوە مەترسی نوێ لە داهاتوودا دێنە كایەوە. پێشبینی سەرۆكی رێكخراوی نێودەوڵەتیی وزە، لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەفتەی رابردوودا بووە هۆی ئەوەی كە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا روو لە دابەزین بكات.

فیت بیرۆل سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە گوتبووی ئەگەر رێكخراوی ئۆپێك لە دانیشنی ٣٠ ئەم مانگە بەرهەمهێنانی نەوت سنووردار بكات، ئەوا نرخی نەوت تا ٦٠ دۆلار بەرز دەبێتەوە و لەوكاتەش دەبێت چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێت نەوت شێلی ئەمەریكا دووبارە بەرهەمهێنانەكەی بەرز بكاتەوە و كە دووبارە نرخی نەوت دادەبەزێنێتەوە.

سەرچاوە/ایلنا-dailyfx


وشە - سلێمان تاشان