نه‌خۆشى دەردەڕێوی چییه‌؟

:: PM:08:24:17/04/2018 ‌
دەردەڕێوی، یەكێكە لە نەخۆشییەكانی پێست كه‌ تاڕادەیەك دەتوانین بڵێین نه‌خۆشییه‌كى درێژخایەنە، بەڵام هەندێكجاریش كورت خایەنە و كەسەكە زوو چاك دەبێتەوە، ئەم نەخۆشییە لەو بەشانەی لەشدا درووست دەبێت كە هەڵگری مووەكانن، بەمەش كەسی تووشبوو ناڕێكییەكی بەرگری لە هەندێك شوێنی لەشیدا ڕوو دەدات و بەهۆیەوە مووی ڕوخسار یان پەلەكان و جەستە هەڵدەوەرێنێت.

حاڵه‌تێكه‌ تێیدا مووى له‌ش (به‌تایبه‌تى پێستى سه‌ر) هه‌ڵده‌وەرێت. له‌ زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا تووشى چه‌ند سپۆتێكى دیاریكراوى پێستى سه‌ر یان پێستى ناوچه‌یه‌كى تری له‌ش ده‌بێت و ئه‌و ناوچه‌ دیاریكراوانه‌ موویان پێوە نامێنێت، له‌ 1-2%ى حاڵه‌ته‌كاندا هه‌موو پێستى سه‌ر كه‌چه‌ڵ ده‌كات. له‌ ژماره‌یه‌كى كه‌مترى تووشبوواندا هه‌موو مووى له‌ش هه‌ڵده‌وه‌رێت. 1 تا 2 له‌ هه‌زارى خه‌ڵكى به‌ پیاو و ئافره‌ته‌وه‌ تووش ده‌بن، بەڵام له‌ ئافره‌تاندا بڵاوتره‌.

كێ تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت؟

هەموو كەسێك ئەگەری تووشبوونی بەم نەخۆشییە هەیە هەر لە منداڵی ساوا هەتا كەسە بەتەمەنەكان، ئەوكەسانەی نەخۆشییەكانی وەك (سەدەفی، غودە، ئۆتیزم) یان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە دەردەڕێوی زیاتر لێ‌ دەكرێت، بەپێی لێكۆڵینەوە و بەڵگە پزیشكییەكان 2%ی خەڵكی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.

نیشانەكانی نەخۆشی ده‌رده‌ڕێوى چییه‌؟

ئەگەر هاتوو نەخۆشییەكە لە بەشەكانی پێشەوەی دەموچاو بوو، وەك ڕیش و سمێڵ ئەوە كەسی تووشبوو خۆی دەتوانێت بیبینێت، بەڵام لە سەرەتادا هەستی پێ‌ ناكات، چونكە بەپێی كات وردە وردە مووەكانی هەڵدەوەرێت یان ئەگەربێت و لەناو پێستی سەردابێت ئەوا قژی كەسەكە بەپێی قەبارەی نەخۆشییەكە مووەكانی هەڵدەوەرێت، هەندێك نەخۆشی تریش هەن وەك كەڕووەكان كە موو هەڵ دەوەرێنێت، بەڵام دەردەڕێوی بەوە دەناسرێتەوە مووەكان لەو شوێنەدا نەماون یان بە پشكنینی چاوی پزیشك هەست بە نەمانی مووەكان دەكرێت.

تا ئێستا هیج جینێك نەبینراوە كە تووشی دەردەڕێوی بن، بەڵام لە خێزانێكدا كەسێك تووشی ئەم نەخۆشییە بێت پێدەچێت گوازراوەبێت، وەك چۆن لە خێزانێكدا كەسێك نەخۆشی رۆماتیزمی هەبێت بەهەمان شێوە لەو خێزانەدا كەسێكی تریشیان تووشی ڕۆماتیزم بێت.

هۆكارە ژینگەییەكان و بەتایبەت كەشوهەوا دەشێت یەكێك بیت لەو فاكتەرانەی ڕۆڵی خۆی هەبێت، بۆ نموونە بەهۆكاری ژینگەیی كەسێك تووشی پەتایەك بووە كاتێك بە لەشیدا بڵاو دەبێتەوە كاریگەری لەسەر هۆرمۆنات و ناڕێكی لەشی دەكات، بەڵام ڕەنگە نەبێتە هۆی تووشبوونی كەسەكە بەم نەخۆشییە.

تا ئێستاش بەپێی لیكۆڵینەوەكان و بەدواداچوونە پزیشكییەكان هیچ هۆكارێك دەرنەكەوتووە كە خواردن و جۆری خواردنەكان كاریگەریان هەبێت لەسەر تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشی دەردەڕێوی.

كاری هۆرمۆنەكان ڕێكخەری كاروبارەكانی لەشی مرۆڤە، دەكرێت بە تێكچوونی كاری ئەم هۆرمۆنانە جا بەهەڵكشان یان داكشان بێت، ئەوا نەك بەتەنیا كەسەكە تووشی نەخۆشی دەردەڕێوی دەكات، بەڵكو هۆكار دەبێت بۆ زۆر نەخۆشی تری لەبەر ئەوە كاری هۆرمۆنەكان زۆر گرنگ و بە بایەخە، بۆیە پێویستە لەكاتی تێكچوونیاندا بە زوویی چارەسەر وەربگیرێت بۆ بەدووربوون لە زۆر حاڵەتی نەخوازراوی تر.

بوونی موو لەسەر ڕووخسارو لەسەر پەلەكان و جەستە بۆخۆی سوودی گرنگی هەیە و پارێزگاری لە جەستەی مرۆڤ دەكات، بەتایبەت لە هۆكارە ژینگەییەكان كە زیان بە جەستە دەگەیەنێت، بەڵام دەبینیت لە مرۆڤێكدا كە قژی ڕووتابێتەوە پێستی سوور دەبێتەوە و لە داهاتوودا ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی پێستی لێ‌ دەكرێت، ئەم نەخۆشییە لە كۆمەڵگادا بە گەڕی سەیر دەكرێت لە ڕاستیدا ئەوە نییە كە مرۆڤ لێی گەیشتووە.

ده‌رده‌ڕێوى ڕێگا خۆش ده‌كات بۆ تووشبوون به‌ فشارى ده‌روونى و خه‌مۆكى و هه‌ست به‌ كه‌مى و شه‌رمكردن. ئه‌ركى پسپۆڕانى ده‌روونى و ده‌وروبه‌ره‌ یارمه‌تى ئه‌وانه‌ بده‌ن كه‌ موویان هه‌رگیز نایه‌ته‌وه‌ خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌م باره‌دا بگونجێنن و چیتر چاوه‌ڕوانى چاره‌سه‌ر نه‌بن.

چارەسەری نەخۆشی دەردەڕێوی چییه‌؟

70%ی ئەو نەخۆشانەی تووشی ئەم نەخۆشییە بوون خۆیان چاك دەبنەوە، بەڵام هەندێك نەخۆش لەكاتی سەردانی پزیشك و وەرگرتنی چارەسەردا مووەكانیان دووبارە بۆ دەگەڕێتەوەو گەشە دەكەن، چارەسەرەكانیشی بریتییە لە كرێمی پێست یان دەرزی لەو شوێنەی مووەكەی لێ‌ نەماوە یان ئەگەر نەمانی مووەكان بە شێوەیەكی فراوان لە بەشێكی لەش بێت چارەسەری هەر بە دەرزی دەبێت، ئەوكات دەرزییەكە بۆ هەموو ئەو بەشانەی لەش بەكاردەهێنرێت.

ده‌بێت هه‌مووان بزانن كه‌ ئه‌وانه‌ى چه‌ند ناوچه‌یه‌كى بچووكى قژ ڕوتانه‌وه‌یان هه‌یه‌، ئه‌گه‌رى چاكبوونه‌وه‌یان زیاتره‌. بەڵام ئه‌وانه‌ى ناوچه‌گه‌لێكى فراوانیان كه‌چه‌ڵ ده‌بن یان نەخۆشییەكەیان  زۆر خێرا ته‌شه‌نه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌یان زیاتره‌ حاڵه‌ته‌كه‌ سه‌رجه‌م مووى سه‌ریان یان ته‌نانه‌ت هه‌موو له‌شیان بڕوتێنێته‌وه‌ و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ زیاتره‌ له‌و جۆره‌ بن كه‌ ئیدی موویان نایه‌ته‌وه‌، دواى هاتنه‌وه‌ى مووه‌كه‌، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دووباره‌ و چه‌ند باره‌ مووه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌رێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ mawdoo3


وشە - محەمەد میران