نیمار تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو
نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بەر لە ئەنجامدانی یارییەكەی شەوی رابردووی یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد، تووشی رووداوی هاتوچۆ ببوو.
شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 13ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی ئەنویتا بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ لەگەڵ یانەی ریال سۆسیداد یەكسان بوو.
رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: سەرلەبەیانی دوێنێ یەكشەم كاتێك نیمار بە ئۆتۆمبێڵە تایبەتییەكەی بەرەو شوێنی مەشق و راهێنانی یانەی بەرشەلۆنە دەچوو، لە شەقامێكی خێرادا كۆنتڕۆلی ئۆتۆمبێڵەكەی لەدەست دەرچوو و بەو هۆیەشەوە خۆی بە بەربەستی شەقامەكە دادا.
رۆژنامەكە هەروەها بڵاوی كردەوە كە نیمار بەهۆی ئەو رووداوەوە هیچ ئازارێكی پێ نەگەیشتبوو و داواشی كردبوو رێگەی بدەن لە یارییەكە بەشداربێت.
سەرچاوەكە بڵاویشی كردەوە كە هۆكاری سەرەكی رووداوە هاتوچووەكەی نیمار بەهۆی خراپی كەشوهەوا و بارینی بارانێكی زۆرەوە بوو كە بووەتە هۆی ئەوەی ئۆتۆمبێڵەكە لە رێرەوی شەقامەكە دەربچێت.
جێی باسە نیمار و سەرجەم یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكەدا نەیانتوانی ئاستێكی شایستە پێشكەش بكەن و وەك لویس ئێنریكی راهێنەر ئاماژەی بەوەدابوو كە ئەم یارییە خراپترین یاری بووە لەوەتەی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنەی گرتووەتە ئەستۆ.
وشە -
ئامانج ئهكرهم