هه‌ڵبژاردن هیچ له دۆخی عێراق ناگۆڕێت و ده‌نگی عێراقییه‌كانیش هیچ به‌هایه‌كی نییه بۆ ده‌ستنیشانكردنى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوو، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات چوار ساڵى داهاتوو له چوار ساڵى ئه‌م خوله‌ی پێش خۆی باشتر نه‌بێت. عه‌دنان حوسێن نووسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی رۆژنامه‌ی "مه‌دا" و كه‌سایه‌تیى دیاری عێراق، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا له‌باره‌ی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ڵێ، له بنه‌ڕه‌تدا پلانێك نییه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانى نێوانیان، ره‌نگه گۆڕانكارییه‌كی زۆر كه‌م ببینین.
له‌باره‌ی ریفراندۆم و لێكه‌وته‌كانی ده‌ڵێ، ئه‌وانه‌ى له دواى 2003ه‌وه حوكمیان له عێراق گرتووه‌ته ده‌ست، هیچ جیاوازییه‌كیان نیشان نه‌داوه له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانى به‌عس و سه‌دام به‌رانبه‌ر به كورد، ئه‌و سیاسه‌ته‌ى له ساڵى 1975 بۆ سه‌ركوتكردنى شۆڕشی كوردی له‌گه‌ڵ شای ئێران رێككه‌وتنى كرد، به‌هۆیه‌وه دووچاری شه‌ڕی هه‌شت ساڵه بوو، پاشان شه‌ڕی دژ به كوێت و دواتریش رووخانی رژێمه‌كه‌ی. بۆیه عێراق هیچ كات سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه نابینێت تا كێشه‌ى كورد چاره‌سه‌ر نه‌كات.
عێراق دواى داعش به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟ هیچ ئاسۆیه‌ك هه‌یه ببێت به ده‌وڵه‌تێكی یاسا سه‌روه‌ری؟
به‌داخه‌وه ره‌وشی عێراقی دواى داعش باشتر نابێت له عێراقی سه‌رده‌می داعش و ته‌نانه‌ت پێش داعش‌یش، هۆكاره‌كه‌ش به ساده‌یی ئه‌وه‌یه ئه‌و ره‌وشه‌ى له عێراق هه‌یه، هه‌مان ئه‌و ره‌وشه‌یه كه بووه هۆی ده‌ركه‌وتنی داعش.
تا ئێسته ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی به‌غدا په‌ندیان له‌وه‌ى رووی داوه له 2014 و پێشتریش، وه‌رنه‌گرتووه. ته‌نانه‌ت به هه‌مان عه‌قڵییه‌ت مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و زۆر به توندیش گۆڕانكاری له رژێمى سیاسی ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه كه عێراقی به‌و رۆژه گه‌یاند كه هۆی ده‌ركه‌وتنى داعش بوو، هه‌روه‌ها هۆی سه‌رهه‌ڵدانى جه‌نگ و ململانێی تایفه‌گه‌رایی و توندوتیژی بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕی كه لێكه‌وته‌ی ئه‌و رژێمه سیاسییه و به‌رهه‌می ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانى به‌غدایه، بوونى هه‌ر ماوه، ئه‌مه‌ش وای كرد كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقی به‌ره‌و ململانێیه‌كی ناوخۆیی چه‌كداری ببات، ململانێی تائیفه‌گه‌رایی زه‌ق كرده‌وه، داعشی هێنا. كه‌چی تا ئێسته هه‌ست به هیچ پلانێك ناكه‌ین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، ئه‌گه‌رچی هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دووباره‌ى ده‌كاته‌وه كه گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕی مه‌ترسییه له‌سه‌ر عێراق و مه‌ترسییه‌كه‌ی هیچی كه‌متر نییه له مه‌ترسی داعش، بۆیه پێم وایه به‌گژدانه‌چوونه‌وه‌ى داعشمان به جۆرێكی تر بۆ ده‌هێنێته‌وه.
له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه، ده‌ڵێم عێراقی دواى داعش هیچ گۆڕانێكی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه به به‌راورد له‌گه‌ڵ عێراقی سه‌رده‌می داعش و پێش داعش، ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌یی له رژێمى سیاسی نه‌كرێت و كۆتا به پشك پشكێنه و ده‌ستگرتن به ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌وه روو نه‌دات، ئه‌وا هه‌موو مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر عێراق هه‌ر ده‌مێنێته‌وه.
كه‌واته ده‌بێ چی بكرێت تا گۆڕانكاری له‌و عه‌قڵییه‌ته سیاسییه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌ى به‌غدا بكرێت تا دواتر گۆڕانكاری له رژێمی سیاسی و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تایفه‌گه‌ریی و به‌گژداچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی ئه‌نجام بدرێت؟
به‌داخه‌وه هیچ قوتابخانه‌یه‌ك نییه تا ئه‌و سیاسییه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانه ره‌وانه‌ى ئه‌وێ بكرێن و فێر بكرێن! ئه‌وه‌ى روونه نایانه‌وێت وانه له رابردوو وه‌ربگرن، بۆیه ئه‌وان خۆیان بوونه‌ته به‌شێك له كێشه و ته‌نگژه.
ده‌ركه‌وتنی نه‌وه‌یه‌كی نوێی سیاسیی به‌شێكه له چاره‌سه‌ر، جگه له‌مه ده‌بێت ره‌وتى نیشتمانى دیمو‌كراتى عێراقی به‌هێز بكرێت كه ئێسته لاوازن و ئه‌و شێوازه‌ى كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ده‌بێت بیگۆڕن، چونكه حزبه ئیسلامییه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌كانیش به‌شێكن له‌و ته‌نگژه‌یه‌ی هه‌یه، بۆ نموونه له كوردستان هه‌ندێك هێزی نوێ ده‌ركه‌وتوون ره‌نگه گۆڕانكاری ئه‌نجام بده‌ن، عێراقیش ده‌بێت چاوی لێ بكات نه‌ك په‌نابردن بۆ گۆڕانكاری له رێى چه‌كه‌وه، جگه له‌مه، توێژی رۆشنبیرانیش ده‌بێت له‌مه‌دا رۆڵیان هه‌بێت و بێنه ناویه‌وه و كاریشی بۆ بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر له توێژی رۆشنبیرانه‌وه پرسیار بكه‌م، رۆشنبیرانى عێراق و كوردستانیش به‌شی زۆریان سوودمه‌ندن له‌م دۆخه‌ى هه‌یه، ئیتر چۆن گۆڕانكاری روو ده‌دات؟
به‌داخه‌وه ئه‌مه نه‌خۆشییه‌كی رۆژهه‌ڵاتییه نه‌ك له كوردستان و عێراق به ته‌نیا، رۆشنبیران هه‌ڵوێستێكی نه‌رێنییان هه‌یه له‌باره‌ی گۆڕانكاری به‌ره‌و باشتر، به‌ڵكو ده‌بێت رۆشنبیران چاره‌نووسیان هاوشانى چاره‌نووسی خه‌ڵك بكه‌ن و كار بۆ گۆڕانكاری باشتر بكه‌ن، بۆیه ده‌بێت پشتگیری له ره‌وته دیمو‌كراتى و نیشتمانییه‌كان بكه‌ن. ئه‌مه‌ش هیچ راست نییه كه نابێت رۆشنبیر رۆڵى هه‌بێت له ئاراسته‌كردنى سیاسه‌ت، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا سیاسه‌ت به‌شێكه له رۆشنبیریی و به‌یه‌وه‌كه‌وه نووساون، وه‌ك له شه‌ست و حه‌فتاكانى رابردوو بینیمان رۆشنبیرانى كورد رۆڵى كاریگه‌ریان هه‌بوو له هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی له‌سه‌ر گۆڕانكاری و شۆڕش و گه‌یاندنى پشتگیری خه‌ڵك بۆ شۆڕش، پێویسته له ره‌وشێكی وه‌ك عێراق رۆشنبیران رۆڵیان هه‌بێت و ده‌توانن رۆڵێكی كاریگه‌ریش ببینن.
پێت وایه حكوومه‌تى داهاتووی عێراق ده‌توانێ پارێزگاری له یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بكات له كاتێكدا كورد خۆى به عێراقی نازانێت، سوننه پێی وایه بووه‌ته قوربانی سیاسه‌تى حكوومه‌تى شیعه، كه‌وایه عێراق چۆن ده‌توانێت به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه؟
عێراق وه‌ك وڵات ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌ته‌كه چۆن ده‌بێت؟ راستییه‌كه‌ی عێراق له ده‌وڵه‌ت ده‌چێت نه‌ك خۆى ده‌وڵه‌ت بێت، له ناوخۆیدا داڕووخاوه و گه‌نده‌ڵى دارایی و كارگێڕی، رژێمی سیاسی، پشك پشكێنه و ململانێی سیاسیی حزبه‌كان زیاتر به‌ره‌و داڕمانى ده‌به‌ن. ته‌نانه‌ت له زۆر له پارێزگاكانى عێراق شتێك نییه ناوی ده‌وڵه‌ت بێت، هاووڵاتییان له ده‌رگاى ماڵه‌كانیان دێنه ده‌ره‌وه، ده‌بینین ساده‌ترین یاسا كه یاسای هاتوچۆیه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان نییه، كه‌وایه ئه‌و ده‌وڵه‌ته چ به‌هایه‌كی هه‌یه؟ یان هاووڵاتییان چۆن رێز له ده‌وڵه‌تێك ده‌گرن كه یاسایه‌كی نییه شه‌قامیان بۆ رێك بخات.
ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌رێك له فه‌رمانگه‌كانى عێراق نابینیته‌وه به‌رتیل وه‌رنه‌گرێت، راستییه‌كه‌ی عێراق ده‌وڵه‌ت نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا وه‌ك ده‌وڵه‌ت ده‌مێنێته‌وه به‌مجۆره‌ى هه‌یه ئه‌گه‌ر كێشه سیاسییه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، ره‌نگه خولێكى تری ململانێی تایفه‌گه‌رایی ببینینه‌وه، چونكه هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى له رابردوودا، هێشتا له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌بینرێن. بۆ نموونه راپرسییه‌كه‌ى كوردستان ئه‌نجامی دا پێویستى به‌و هه‌موو په‌رچه‌كرداره له به‌غداوه نه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراون، هه‌ر كات و له‌سه‌ر ساده‌ترین پرس له‌مه‌ش خراپتری لێ ده‌كه‌وێته‌وه، له‌وانه جێبه‌جێ نه‌كردنى یاساكانى پێوه‌ند به كێشه‌كانى هه‌ردوولا وه‌ك ماده‌ى 140، یاساى نه‌وت و گاز و.. بۆیه كاتێك كێشه‌كان ده‌مێننه‌وه، ئه‌وا گه‌وره‌تر ده‌بن.
نه‌ك ته‌نیا هه‌رێمى كوردستان، هه‌موو پارێزگاكانى عێراق كێشه‌یان له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت هه‌یه، ته‌نانه‌ت هه‌موو تاكێكی عێراقی كێشه‌ى هه‌یه، ئه‌مه‌ش وایكردووه له 2015ه‌وه تا ئێسته‌یش هه‌موو رۆژانێكى هه‌ینى خه‌ڵك خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌وانیش داواى ده‌وڵه‌تیان نه‌كردووه؟ به‌ڵكو ئه‌وان داواى خزمه‌تگوزاری ده‌كه‌ن.
كه‌واته به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تى عێراقی وه‌ك ده‌وڵه‌ت هێشتووه‌ته‌وه؟
بێگومان ئه‌وه زۆر راسته، ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش وایان كردووه عێراق وه‌ك نیمچه ده‌وڵه‌ت بمێنێته‌وه، چونكه هه‌ندێك ده‌ستوه‌ردانى وڵاتانى هه‌رێمیى زیانبه‌خشه و تایفه‌گه‌رایی و كێشه‌كان زیاتر ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردن، له‌م هه‌ڵبژاردنه گۆڕانكاری له پێكهێنانى قه‌واره‌كان ده‌بینین، پێت وایه ئه‌مه لێكه‌وته‌ى هه‌بێت به‌سه‌ر گۆڕانكاری له پێكهێنانى حكوومه‌تیش؟
بێگومان ده‌بێت گۆڕانكاری بكرێت، به‌ڵام كاردانه‌وه‌ى به‌سه‌ر حكوومه‌ت زۆر لاواز ده‌بێت، چونكه ئه‌و ده‌سته‌بژێره سیاسییه جۆرێك له رژێمی سیاسی‌یان داهێناوه بووه‌ته رێگر له به‌رده‌م هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت گۆڕانكاری راسته‌قینه روو بدات، ده‌بێت یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردن هه‌بێت دادپه‌روه‌ری تێدا بێت، ئه‌و یاسایه‌ى ئێسته كاری پێ ده‌كرێت رێ نادات گۆڕانكاری روو بدات، به‌ڵكو ئه‌و ده‌سته‌بژێره سیاسییه به‌جۆرێك دایانڕشتووه تا خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بكات، ناتوانرێت رێگری له ساخته‌كاریش بكرێت. ته‌نانه‌ت كۆمسیۆنیش سه‌ربه‌خۆ نییه، به‌ڵكو نوێنه‌ری حزبه‌كانن و كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبه‌كانیان ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌وانه وا ده‌كه‌ن گۆڕانكاری ریشه‌یی و راسته‌قینه روو نه‌ده‌ن و ئه‌م ئامانجه هێشتا دووره.
به‌ڵام گۆڕانكاری له پێكهێنانى لیسته‌كاندا كراوه؟
راسته گۆڕانكاری كراوه، چونكه هێزه ئیسلامییه‌كان شكستیان هێنا له هه‌موو سێكته‌ره‌كان له ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك لێیان رازی نییه و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن. ئه‌و حزبانه بۆیان ده‌ركه‌وت ئه‌گه‌ر به هه‌مان ناو دابه‌زن بۆ هه‌ڵبژاردن، ئه‌وا ده‌نگ ناهێنن، بۆیه ده‌یانه‌وێت له رێى تره‌وه بێنه‌وه و له په‌رله‌مانیش یه‌ك ده‌گرنه‌وه.
ئه‌ى هاوپه‌یمانى سائرون؟
هاوپه‌یمانێتییه‌كی نوێیه و با بزانین ده‌توانن چی بكه‌ن، ره‌نگه سه‌ركه‌وتوو بێت هه‌روه‌ك له ئه‌مه‌ریكاى لاتین رووی دا و سه‌ركه‌وتووش بوو. دواتر ئه‌مه سیاسه‌ته و لیسته‌كه‌ش بۆ مه‌به‌ستێكى سیاسی و هه‌ڵبژاردن پێكهێنراوه، بۆیه هێشتا زووه هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ بكه‌یت.
بۆچوونت له‌سه‌ر حكوومه‌تى زۆرینه‌ى سیاسی چییه؟
وه‌ك بنه‌ما هه‌موو وڵاتێك زۆرینه‌ى سیاسی حوكمی ده‌كات، به‌ڵام مه‌رجی هه‌یه وه‌ك بوونى رژێمێكی سیاسیی ته‌ندروست، دیموكراسییه‌كی راسته‌قینه، سه‌روه‌ری یاسا، ره‌وشێكی ئارام هه‌بێت هاووڵاتییان نوێنه‌ری خۆیان ئازادانه هه‌ڵبژێرن، له نه‌بوونى ئه‌و مه‌رجانه‌دا حكوومه‌تى زۆرینه‌ى سیاسی ئه‌و بنه‌مایه‌ى له‌سه‌ر جێگیر ده‌بێت كه گوتنه‌كه‌ى راست و ره‌وایه، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌تاڵه. جگه له‌مه ئه‌م ده‌سته‌بژێره سیاسییه خۆیان رژێمی پشك پشكێنه و تایفه‌گه‌رییان داهێناوه، خێره ئێسته پشتى لێ ده‌كه‌ن، له كاتێكدا مه‌رجه‌كانی بوونى ئه‌و رژێمه له عێراق بوونى نییه، هێشتا زۆر له هێزه‌كان ترسیان له ساخته‌كاری هه‌یه، كه‌واته ئه‌وانه‌ى ساخته‌كاری ده‌كه‌ن، هه‌ر خۆیشیان حكوومه‌تی زۆرینه‌ى سیاسی دروست ده‌كه‌ن.
به تێگه‌یشتنى ئێوه ئه‌و سیسته‌مه بۆشاییی تێدایه بۆ ساخته‌كاری؟
زۆر له‌وانه‌ى شاره‌زایییان له هه‌ڵبژاردن هه‌یه، ده‌ڵێن ئه‌و سیسته‌مه ساخته‌كاری تێدا ده‌كرێت، هێشتا روون نییه ساخته‌كارییه‌كه له ئامێره‌كه ده‌كرێت یان ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ى ئیداره‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌دات ساخته‌كارییه‌كه ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام بنه‌مایه‌كی گشتى هه‌یه كه ساخته‌كاری له هه‌موو شتێك‌دا ده‌كرێت، بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ش هه‌رچه‌نده ئامێره‌كه گرنگ و باش بێت، به‌ڵام كه كۆمسیۆن سه‌ربه‌خۆ نییه، ده‌توانرێت ساخته‌كاری بكرێت و دڵنیایی نییه و كۆمسیۆنیش جێى متمانه نین. ته‌نانه‌ت كۆمسیۆن نایشارێته‌وه كه گوشاری له‌سه‌ره له جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان كار به‌و سیسته‌مه نه‌كرێت، به‌ڵكو به‌ده‌ست ده‌نگه‌كان جیا بكرێته‌وه، كه‌واته عه‌قڵییه‌تى ساخته‌كاری بوونى هه‌یه و ده‌یه‌وێت به جۆرێك ده‌نگه‌كان جیا بكرێته‌وه كه سوودی بۆ ئه‌و هه‌بێت.
پرسێكی تر لێره‌دا هه‌یه، چ مانایه‌ك بۆ ده‌نگی ده‌نگده‌ر هه‌یه كاتێك بۆچوونێكی بڵاو هه‌یه كه سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتووی عێراق ده‌بێت به سازانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران بێت؟
ئه‌وه تا ئاستێك زۆر راسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیسته‌مێكی سیاسیی تۆكمه هه‌بووایه، كه‌س نه‌یده‌توانى ده‌ستوه‌ردان بكات، كه ئه‌و سیسته‌مه نییه، رێ به ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی ده‌دات و ئه‌وه‌ى حوكمی عێراق ده‌كات، ده‌نگده‌ره‌كانی نین.
له‌باره‌ی پێوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، دواى 25ى ئه‌یلوول و 16ى ئۆكتۆبه‌ر و لێكه‌وته‌كانى پێوه‌ندییه‌كان، چۆن رێك ده‌خرێته‌وه؟
كێشه‌ى راپرسی ته‌نیا له كاته‌كه‌یدا بوو، ئه‌وه‌ى وایكرد كوردستان روو له راپرسی بكات ئه‌و سیاسه‌ته بوو له به‌غدا له دواى 2003ه‌وه دژ به كوردستان پێڕه‌و ده‌كرێت. ده‌سته‌بژێری حوكمڕان له به‌غدا عه‌قڵییه‌ته سیاسییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عه‌قڵییه‌تى سیاسیی سه‌دام حوسێن جیاواز نییه، ده‌بێت ئه‌وه بزانین كێشه‌یه‌ك له مێژووی عێراق كه كێشه‌ى كورده، چاره‌سه‌رنه‌كردنى ئه‌و كێشه‌یه به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه و ئاشتییانه عێراقی دووچاری ته‌نگژه و كێشه‌ى سیاسیی گه‌وره كرد، هه‌ر له 1975 و رێككه‌وتنى جه‌زائیر دژ به شۆڕشی كورد كه عێراقی دووچاری شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ى ئێران كرد، ئه‌و شه‌ڕه ئابووریی عێراقی داته‌پاند و دووچاری شه‌ڕى كوێتى كرد.
هه‌موو ئه‌وانه روویان دا به‌هۆى چاره‌سه‌ر نه‌كردنى كێشه‌ى كورد، دواى 2003 ده‌سته‌بژێری حوكمڕان له به‌غدا هه‌مان هه‌ڵه‌یان دووباره كرده‌وه و هه‌مان عه‌قڵییه‌تى شۆڤێنییان هه‌یه و ماده‌ى 140یان جێبه‌جێ نه‌كرد، كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانیان چاره‌سه‌ر نه‌كرد، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه رێگرییان له ده‌رچووانى هه‌ر یاسایه‌ك كرد كه ده‌بووه هۆی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، بیر بكه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بووبوونایه، عێراق به‌وه‌ى ئێسته نه‌ده‌گه‌یشت.
مه‌به‌ستته بڵێی ریفراندۆمیان نه‌ده‌كرد؟
وه‌ك خۆم نه‌ك له‌گه‌ڵ ریفراندۆم دام، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ مافی چاره‌ی خۆنووسینى كوردیش دام و مافی كورده. گه‌لى كورد بۆى هه‌یه بڕیاری له‌سه‌ر بدات و كه‌سیش بۆى نییه بڵێ مافی نییه.
كه‌واته ئه‌گه‌ر نه‌كرایه، ئه‌وه رووی نه‌ده‌دا؟
مه‌به‌ستم ئه‌م دیوه نییه، به‌ڵكو ده‌سته‌بژێری سیاسی له به‌غدا نه‌ك چاره‌سه‌ریان بۆ كێشه‌ى كورد له‌لا نییه، به‌ڵكو بۆ هاووڵاتییانى شیعه‌ش هیچیان پێ نییه و ئه‌وانیش له نه‌بوونى خزمه‌تگوزاری ده‌ناڵێنن و هیچ خزمه‌تێكیان پێشكه‌ش به خه‌ڵكی خۆیشیان نه‌كردووه، زۆرینه‌یان هه‌ژارن و كێشه‌یان هه‌یه.
دواى هه‌ڵبژاردن پێت وایه كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌بن؟
نه‌خێر. به‌غدا هیچ پلانێكی نییه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، ره‌نگه جۆرێك له جموجۆڵ ببینین، به‌ڵام كاتییه و كێشه‌كان وه‌ك چوار ساڵی رابردوو ده‌مێنێته‌وه. هۆیه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه هه‌ڵبژاردنه‌كه نابێته هۆى هێنانه پێشه‌وه‌ی ده‌موچاوی سیاسیی نوێی كراوه كه هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان بدات له‌گه‌ڵ كوردستان، ته‌نانه‌ت كێشه ناوخۆیییه‌كانى تری ناو عێراقیش.