بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر سزای غەرامەی ئۆتۆمبێل رادەگیرێ

:: AM:11:37:28/11/2016 ‌

بە پاساوی زیادكردنی داهاتی ناوخۆیی و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  بە نووسراوێكی فەرمی، ماوەی دوو مانگ مۆڵەت دراوەتە هاووڵاتییان و شوفێران بۆ پێدانەوەی قەرزی سزای سەرپێچییەكانی ئۆتۆمبێل. جێگری لیژنەی ناوخۆش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، چەند ڕۆژە لە پێوەندیدان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ئەو بڕیارە و نابێت لەم دۆخەدا بارگرانی بخرێتە سەر هاووڵاتییان، هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، كە فراكسیۆنەكەیان كاری لەسەر بڕیارەكە كردووە و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە ڕێنماییەكان كاریان پێ نەكرێ و ڕابگیرێن.

نازم كەبیر، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە كە داهاتی ناوخۆیی زیاد بكات و خەرجییەكان كەم بكاتەوە، بەڵام نابێت لەسەر بنەمای بارگرانی بێت بۆ ژیانی هاووڵاتییان. 

زیاتر روونی دەكاتەوە، ڕاستە حكوومەت ناتوانێ‌ لە كاتی خۆی مووچە بدات بە فەرمانبەران و ئەوەش نیگەرانی دروست كردووە كە شوفێران و هاووڵاتییان نەتوانن بڕی سزای سەرپێچییەكانیان بدەن، بۆ ئەو مەبەستە لە هەوڵی بەردەوامداین لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی چاوخشاندنەوە بەو بڕیارەدا بكەن.

ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێگەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی،  دوای ئەوەی ناڕەزایی هاووڵاتییان دروست بوو لەسەر ڕێنمایی وەزارەتی ناوخۆ بە دانی پارەی سەرپێچی شوفێران، بەدواداچوونمان بۆ ڕێنماییەكان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و دەزگە پێوەندارەكان گەیشتینە ئەم ئەنجامەی كە ڕێنماییەكان رابگیرێ و كاری پێ نەكرێت، هەروەها باشتر لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێ و ڕێنمایی تازە دەربچێ كە لەگەڵ ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی كوردستان گونجاو بێت.

رائید فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئێمە بڕیاردەر نین بەڵكو لایەنی جێبەجێكارین، ئەوەی بڕیاری داوە لەسەر ئەو بابەتە وەزارەتی ناوخۆیە و ئەوانیش چیمان پێ‌ بڵێن دەبێت پابەندی بین و جێبەجێی بكەین. بەڵام تا ئێستە پێمان نەگوتراوە رێوشوێنی جێبەجێكردنی بڕیارەكە چۆن بێت و چی بكەین.

سابیر گەردی یاساناس و لێكۆڵەری داد لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" دەڵێ، بەپێی یاسا هەر سزا و سەرپێچییەك لەكاتی خۆی نەدرێت، ئەوا زیادبوونی بڕی ئەو سزایە لەڕووی مادییەوە یاساییە.

دووپاتی دەكاتەوە، ماوەیەك بەر لە ئێستە ئەنجوومەنی شوورای هەرێم  ڕای گەیاندووە، ئەو سزا مادییانەی بواری هاتوچۆ لە كوردستان كە زیاد كراوە، لە هیچ بڕگەیەكی یاسایی و دەستووری ئاماژەی بۆ نەكراوە، بۆیە وەك ئەو دەڵێت ئەوەی نایاسایییە زیادكردنی سزا و سەرپێچییەكان نین، بەڵكو خودی دانانی سزا و سەرپێچییەكانە لە بواری هاتوچۆی هەرێمی كوردستاندا.

هەولێر/هێمن ڕەفیق 


وشە - هیدایه‌ت جان