سێلتا فیگۆ بەدەستهێنانی خولی ئیسپانیای بۆ بەرشەلۆنە دواخست

:: AM:11:15:18/04/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنە دوێنێ سێشەم نەیتوانی بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ لە گەڕی 33ی خولی ئیسپانیا سەركەوتن بەدەست بێنێ و هەردوولا بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ یەكسان بوون.

یانەی بەرشەلۆنە لەو یارییەدا نەیتوانی 3 خاڵی تەواو بەدەست بێنێ و هەنگاوێكی گەورە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا نزیك ببێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە كۆكردنەوەی 83 خاڵ هەر لە پێشەنگی یانەكان مایەوە و جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی نزیكترین ركابەری كرد بە 12 خاڵ و لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ریزبەندی سێیەم كرد بە 15 خاڵ.

گۆڵی یەكەمی یارییەكە لەلایەن عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی فڕەنسی لە خولەكی 36 بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆمار كرا، جۆنی كاسترۆ لە خولەكی 45 گۆڵی یەكسانبوونەوەی بۆ یانەی سێلتا فیگۆ تۆمار كردەوە.

لە گێمی دووەمدا یانەی بەرشەلۆنە دووبارە گۆڵی پێشكەوتنی تۆمار كردەوە، بەڵام یانەی سێلتا فیگۆ دیسان گۆڵی یەكسانبوونەوەی تۆمار كردەوە و بەمەش یارییەكە بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ تەواو بوو.

لەو یارییەدا سێرجیۆ رۆبەرتۆی بەرگریكاری یانەی بەرشەلۆنە بە كارتی سوور كرایە دەرەوە و و یانەی بەرشەلۆنە بۆ ماوەی زیاتر لە 20 خولەك یارییەكەی بە 10 یاریزان بەڕێ كرد.

لەو یارییەدا ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە یاریی بە ژمارەیەك ئەستێرەی تیپەكەی نەكرد بۆ یارییەكەی شەمووی داهاتوو بەرامبەر یانەی سڤیلییە لە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م