نیمار وادەی گەڕانەوەی ئاشكرا كرد

:: AM:11:42:18/04/2018 ‌

نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئاشكرای كرد، مانگی داهاتوو دوایین پشكنین ئەنجام دەدات و ئەو كات بۆی روون دەبێتەوە كەی دەتوانێ دووبارە دەست بە یاریكردن بكاتەوە.

نیمار بۆ دەزگاكانی راگەیادنی بەڕازیل راگەیاند: دوایین پشكنینی تەندروستیم لە رۆژی 17ی مانگی داهاتوو دەبێت، ئەو كات بەفەرمی رادەگەیەنرێ كەی دەتوانم بەشێوەی ئاسایی بێمەوە ناو یاریگە و دەست بە یاریكردن بكەمەوە.

یانەی پاریس سان جێرمان پێشتر ئاشكرای كردبوو كە نیمار لەم وەرزەدا لە هەندێ یاریی تری یانەكەدا بەشدار دەبێتەوە، دوایین یاریی ئەم وەرزەی یانەی پاریس سان جێرمانیش لە 19ی ئایار دەبێت بەرامبەر یانەی كان.

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان رەنگە نیمار لەم وەرزەدا هیچ یارییەكی تر لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان ئەنجام نەداوەتەوە بۆ ئەوەی تووشی كێشەی پێكان نەبێتەوە بەر لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا.

رەنگە نیمار دوای راگەیاندی دوایین پشكنینی تەندروستی راستەوخۆ پەیوەندی بە یەكەی مەشق و راهێنانەكانی هەڵبژاردەی بەڕازیلەوە بكات كە بڕیارە رۆژی 21ی مانگی داهاتوو دەست پێ بكات بەمەبەستی خۆ ئامادەكردن بۆ یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م