ئەمڕۆ ریال مەدرید تاقیكردنەوەی قورس بەرامبەر ئەتلەتیك بیلباو ئەنجام دەدات

:: PM:12:29:18/04/2018 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 33ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ مێوانداری یانەی ئەتلەتیك بیلباو دەكات.

یانەی ریال مەدرید كە ئێستا بە كۆكردنوەی 67 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت، بەو هیوایەیە لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بەرامبەر ئەتلەتیك بیلباو سەركەوتن بەدەست بێنێ تا لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید نزیك ببێتەوە كە بەجیاوازی 4 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی یانەكاندایە.

یانەی ریال مەدرید ئاوات دەخوازێ لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بباتەوە و یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیش سبەی پێنجشەم بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد بدۆڕێ بۆ ئەوەی جیاوازی خاڵەكانیان تەنیا بۆ یەك خاڵ بمێنێتەوە و بەلایەنی كەم بگات بە ریزبەندی دووەمی یانەكانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا دوای یانەی بەرشەلۆنە.

یانەی ریال مەدرید لە یارییەكانی ئەم دواییەی خولی ئیسپانیادا ئەنجامی زۆر باشی بەدەستهێناوە و لە 6 یاریی رابردوودا 5 سەركەوتن و یەكسانبوونێكی تۆمار كردووە، لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش گەیشتۆتە قۆناغی پێش كۆتایی و رۆژی 25ی ئەم مانگە بەرامبەر یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی یاری دەكات.

یانەی ریال مەدرید لە یاریی چووندا بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو لە گەڕی 14ی خولی ئیسپانیا نەیتوانیبوو سەركەوتن بەدەست بێنێ و لەنێو یاریگەی سان مامیس بەبێ گۆڵ یەكسان ببوون، دوایین سەركەوتنی یانەی ئەتلەتیك بیلباویش بەرامبەر ریال مەدرید لە ساڵی 2015 بوو بە گۆڵێكی بێ وەڵام دوای ئەوەی یانەی شاهانە لە یاریی چوونی خولی ئیسپانیا بە 5 گۆڵی بێ وەڵام سەركەوتنی بەسەردا بەدەستهێنابوو.

یارییەكەی نێوان ریال مەدرید و ئەتلەتیك بیلباو سەعات 10:30ی شەو بەكاتی كوردستان بەڕێوە دەچێت، یانەی ئەتلەتیك ئێستا بەكۆكردنەوەی 39 خاڵ لە ریزبەندی 13ی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م