هونەرمەندێكی كورد لە ئەڵمانیا كێشەكانی تاكی كورد نمایش دەكات

:: PM:02:55:18/04/2018 ‌
لە شاری بێلیفێڵد لە ئەڵمانیا هونەرمەندی كورد حەمە هاشم پێشانگایەكی تایبەتی بۆ كارە هونەرییەكانی كردەوە  كە تێیدا  30 تابلۆی نمایش كرد و سەرجەم كارەكانی لەسەر شێوازی "ئەبستراكتی دەربڕینخوازی" ئەنجام درابوو كە ئەم پێشانگایە بە ھاوكاری "سەنتەری لالش" لە هۆڵی "لالش زێنتروم" بەڕێوە چوو.

هونەرمەندی شێوەكار حەمە هاشم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەم پێشانگایە بە سپۆنسەری "گرووپی هونەری و كولتووری بووژان" ئەنجام دراوە كارەكان دەربڕی كێشە قووڵەكانی مرۆڤە بەتایبەت كەسێتی تاكی كورد كە بە هۆی شەڕ و ئاشووبی زۆرەوە دووچاری شپرزەیی دەروونی و لە دەستدانی هیوایەكانی بۆ ژیان بووەتەوە لە ئاكامی هەستكردن بە بێكەسی بەتایبەت لە پرسە گرنگەكانی وەك هێرش و تۆقاندن و رفاندنی كوردانی ئێزیدی و لە دەستدانی سنوور و راوەدوونان و نەهامەتییە یەك لەدوا یەكەكان كە بەدرێژایی مێژوو لەسەر جەستەی هەڵكۆڵڕاوە.

هونەرمەند لەكارەكانیدا هەوڵی داوە تەنیای تاكی كوردمان پێشان بدات و پەیامێكیش بدات بە دنیا كە جگە لەمەش لە تابلۆكانیدا خواستی نمایشی جوانبەخشی و ئیستاتیكی فەرامۆش نەكراوە. ئەم پێشانگایە ئەمڕۆ كراوەتەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت.

هونەرمەندی شێوەكار لەماوەی ڕابردوو چەندان پێشانگای تایبەت و هاوبەشی لە كوردستان و وڵاتانی تری دنیا كردووەتەوە هاوكات خاوەنی یەكێك لە خەڵاتە جیهانییەكانە كە تایبەتە بە هونەری شێوەكاری.











وشە - سه‌رخێڵ هاشم