دامەزرێنەری تێلیگرام شەڕی دژ بە ئێران و رووسیا ڕاگەیاند

:: PM:03:02:18/04/2018 ‌

پاوڵ دۆرۆف دامەزرێنەری تێلیگرام بڵاوی كردەوە بۆ رێگریكردن لە فیلتەركردنی تێلیگرام لە وڵاتان ئامادەیە بە ملیۆنان دۆلار خەرج بكات. دوای ئەوەی تێلیگرام داواكاری هاوكاری حكوومەتی رووسیای رەت كردەوە ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە لە رووسیا فیلتەر كرا. ئێرانیش دەمێكە لە هەوڵی ئەوەدایە ئەم تۆڕە لە ئێران دابخات و رێگری لە بەكارهێنانی بكات.

ئێران هەموو تۆڕێكی كۆمەڵایەتی بە نەیاری خۆی دەزانێت و پێشتریش لە ناچاریان قبووڵی ئەو تۆڕانەی كردووە لە ناوخۆ كاریان پێ بكرێت. لە خۆپێشاندانەكانی ئەمدواییەی ئێران تێلیگرام رۆلێكی گرنگی لەو پێوەندییەدا هەبوو و هەر ئەو كاتیش ئێران بڕیاری دا تۆڕەكە فیلتەر بكات.

بەگوێرەی "saat24" ئێستە ئێران كار بۆ ئەوە دەكات بە تەواوی تێلیگرام پەراوێز بخات و هەر ئەمڕۆكەش كەناڵی تێلیگرامی هەریەك لە رێبەری ئێران و جێگری سەرۆك كۆمار داخران و ماڵئاوایییان لەو تۆڕە كرد.

دوای ئەوەی دامەزرێنەری تێلیگرام هەستی بەوە كرد تۆڕەكەی لە ئێران و رووسیا فیلتەر دەكرێت دەستبەكار بووە بۆ ئەوەی هەموو رێوشوێنێك بگرێتە بەر رێگری لە فیلتەركردنی ئەم تۆڕە بگرێت.

ئەو لە ئەمەریكا دەژیت و ئەمڕۆكەش ڤێرژنێكی نوێ لە بەرنامەی تێلیگرامی بڵاو كردەوە كە تەنیا بۆ رووسیایە و لە رێی گووگڵەوە بڵاوی كردەوە.

بەگوێرەی "ئێقتێسادنیوز" ئەو ڤێرژنە نوێیەی تێلیگرام بە ئاسانی فیلتەر ناكرێت و ئەگەر وڵاتێك بیەوێت هەوڵی فیلتەری بدات ئەوا زیانێكی زۆری بەردەكەوێت چونكە لە رێی گووگڵەوە بڵاو كراوەتەوە. ئەپلیكەیشنی تێلیگرام  پێوەندی راستەوخۆی بە سێرورەكانی ئەمازۆن، گەوگڵ و مایكرۆسۆفت هەیە و ئەگەر رووسیا بیەوێت فیلتەری بخاتە سەر، ئەوا دەبێت بەشێكی بەرچاو لە تۆڕی ئینتەرنێتی وڵاتەكەشی رابگرێت.

ئەو ڤێرژنە نوێیە دژە فیلتەر نییە، بەڵام فیلتەرەكە ئاستەمتر دەكات. دوایین ڤێرژنی تێلیگرام هێشتا بۆ هەموو وڵاتەكان بڵاو نەكراوەتەوە و هێشتا لە ئێران سوود لە ڤێرژنە كۆنەكە وەردەگیرێت. ڤێرژنە نوێیەكەی تێلیگرام 4.8.6ە و لە ئێران بە 4.8.4 و4.8.5 كاری پێ دەكرێت.




وشە - سلێمان تاشان