سەرسووڕانی لەناكاو هەستانەوە چییە؟

:: PM:05:33:18/04/2018 ‌

پزیشكێكی شارەزای نەخۆشییەكانی دڵی ئەڵمانی دەڵێت كە سەرسووڕانی لەناكاو هەستانەوە، بریتییە لەو سەرسووڕانەی بەهۆی گۆڕانی دۆخی لەش لە ئاسۆییەوە بۆ دۆخێكی ستوونی دروست دەبێت ئەو هۆكارەكەی روون دەكاتەوە كە بەهۆی كەم گەیشتنی خوێن بۆ سەر روو دەدات.

ئۆڵف لاندمیسر، پرۆفیسۆر و شارەزای بواری نەخۆشییەكانی دڵ لە ئەڵمانیا لەو بارەوە دەڵێت، هۆكاری ئەو حاڵەتە بۆ وەستانی خوێن لە قاچەكان و نەگەیشتنی خوێنی پێویستە بۆ سەر، كە ئەوەیش دەبێتە هۆی هەستكردن بە سەرسوورشان. جیا لە ئەگەری نەمانی بینین و تاریكبوونی بەرچاو بۆ ماوەیەكی كورت.

رەنگە ئەو حاڵەتە بۆ بەكارهێنانی چەند جۆرە دەرمانێك بگەڕێتەوە وەك دەرمانی دابەزاندنی پاڵەپەستۆی خوێن، لەو بارەوە لاندمیسر روونی دەكاتەوە كە سەرسووڕانی لەناكاو هەستانەوە شتێكی بێزاركەرە، بەڵام مەترسیدار نییە.

ئەو دەڵێت بۆ خۆپاراستن لە سەرسووڕانی هەستانەوەی لەپڕ، پێویستە لەكاتی خواستی گۆڕینی دۆخی لەش بەهێواشی ئەو كارە بكرێت و بڕێكی پێویستیش لە شلەمەنی بخوورێتەوە، بێجگە لەوەش گرنگە كە وەرزش بكەیت. ئەگەر ئەوانەش سوودیان نەبوو ئەو كات پێویست بە راوێژی پزیشك دەكات. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل