بەفەرمی وادەی یاریی كلاسیكۆ دیاری كرا

:: AM:09:30:19/04/2018 ‌

یەكەتیی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا (لالیگا) بەفەرمی وادەی یاریی كلاسیكۆی زەوی لەنێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید دیاری كرد.

یەكەتییەكە ئاشكرای كرد: یانەی بەرشەلۆنە لە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە گەڕی 36ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا مێوانداری یانەی ریال مەدرید دەكات.

یەكەتییەكە ئاشكراشی كرد كە یارییەكە سەعات 9:45ی شەو (بەكاتی كوردستان) بەڕێوە دەچێت.

یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی كلاسیكۆی چووندا لە گەڕی 17ی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە 3 گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی ریال مەدریدی بردبووەوە.

یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بەكۆكردنەوەی 83 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی ئیسپانیایە و یانەی ریال مەدریدیش بە 68 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمە و یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیش بە 71 خاڵ لە ریزی دووەمە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م