ژنێكی ته‌مه‌ن ١٧ ساڵ، دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بێوه‌پیاوێك ده‌كات كه ١٥ ساڵ له خۆی گه‌وره‌تره و خاوه‌نی منداڵێكه له ژنێكی تر كه لێی جیا بووه‌ته‌وه، له‌میش منداڵێكی تر دروست ده‌كات و دواتر به‌هۆی ژنی یه‌كه‌میه‌وه "ته‌ڵاق" ده‌درێت و له منداڵه‌كه‌شی بێبه‌ش ده‌كرێت، چونكه ماڵی باوكی ڕازی نابن ئه‌و منداڵه له‌خۆ بگرن.
"سابات" ناوی خوازراوی ئه‌و ژنه‌یه كه چه‌ند مانگێكه له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا بووه‌ته‌وه و بۆ له باوه‌شگرتنه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ی وه‌ك خۆی باسی ده‌كات "شه‌و و ڕۆژی نه‌ماوه". ئه‌و چیرۆكی هاوسه‌رگیرییه ١٨ مانگییه‌كه‌ی بۆ "وشه" ده‌خاته ڕوو و ده‌ڵێت، "تا ڕازی كردم هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بكه‌م، خۆی وه‌ك فریشته پیشان ده‌دا و وامده‌زانی خوا هه‌رچی باشی دنیایه له‌و پیاوه‌دا كۆی كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ته‌نیا خۆنواندن بوو هیچی تر، ئه‌گه‌رنا ئه‌و گورگ بوو له پێستی مه‌ڕدا".
"سه‌لمان" هاوسه‌ری سابات بووه، پێش ئه‌م ژنێكی تری هه‌بووه و خاوه‌نی كوڕێكی حه‌وت ساڵ بووه لێی، به‌ڵام جیا بوونه‌ته‌وه، دواتر ئه‌و ژنه هاوسه‌رگیری ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش به‌هه‌ر جۆرێك بێت وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه "سابات" ده‌خوازێت، به‌ڵام دواتر له‌به‌ر هاوسه‌ری یه‌كه‌می له سابات جیا ده‌بێته‌وه.
سابات باسی چۆنیه‌تی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ سه‌لمان ده‌كات كه ناسراویان بوونه و ماڵیان له كه‌ركووك بووه، رۆژێك كوڕه‌كه‌ی نه‌خۆش ده‌كه‌وێت بۆ سه‌ردانی دكتۆر چه‌ند جارێك هاتوچۆی سلێمانی ده‌كه‌ن و له ماڵی ئه‌وان ده‌مێننه‌وه. وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، له سروشتی خۆیدا منداڵی زۆر خۆش ده‌وێت، ئه‌و كوڕه‌ی سه‌لمانیش دایكی لا نه‌ماوه، بۆیه زۆر گرنگی پێ داوه.
زیاتر گوتی "ئه‌و چه‌ند جاره‌ی هاتنه ماڵمان سه‌لمان به‌هه‌موو جۆرێك هه‌وڵی له‌گه‌ڵم ده‌دا، دواتر ژماره‌كه‌می وه‌رگرت و شه‌و ڕۆژ وه‌ك منداڵ به ته‌له‌فۆن ده‌پاڕایه‌وه تا ڕازیكردم شووی پێ بكه‌م به هه‌زار شه‌ڕ و توانج".
ماڵی باوكی سابات سه‌ره‌تا به‌و هاوسه‌رگیرییه ڕازی نابن، چونكه سه‌لمان منداڵێكی هه‌بووه و ١٥ ساڵیش له كچه‌كایان گه‌وره‌تره، به‌ڵام سابات خۆی پێداگری ده‌كات و هه‌ڕه‌شه‌ی خۆكوشتن ده‌كات ئه‌گه‌ر نه‌یده‌ن به سه‌لمان، بۆیه ماڵی باوكی به ناچاری ڕازی ده‌بن. ئیتر له‌و ره‌زامه‌ندییه‌وه به په‌له له ماوه‌ی مانگێكدا هه‌موو ڕێوڕه‌سمی ماره‌كردن و گواستنه‌وه ته‌واو ده‌كه‌ن. به‌ڵام سابات ده‌ڵێ "ته‌نیا دوو مانگی سه‌ره‌تا هه‌ستم به خۆشی ژیان كرد، دوای ئه‌وه نان و شه‌قم ده‌خوارد، وه‌ك ئه‌وه‌ی له خوێندا وه‌ریگرتبم یان به‌سه‌ریدا ساغ بووبمه‌وه".
سابات له‌به‌رئه‌وه‌ی به زۆر ماڵی باوكی ناچار كردووه ڕازی ببن به‌و هاوسه‌رگیرییه، ناتوانێت خراپی و ئه‌شكه‌نجه‌كانی سه‌لمانیان بۆ بگوازێته‌وه. بۆیه "به ناچاری قبووڵی ده‌كات".
به‌پێی گوته‌كانی سابات، ژنی یه‌كه‌می سه‌لمان زوو زوو پێوه‌ندی به پیاوه‌كه‌یه‌وه كردووه و تا گه‌یشتووه به‌وه‌ی به به‌رده‌وامی به ته‌له‌فۆن قسه‌یان كردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌وه كێشه‌كان زیاتر و زیاتر بوون. دووپات له‌وه‌یش ده‌كاته‌وه "چه‌ند جارێك به‌هۆی ئه‌و ژنه‌وه لێی دام و سووكایه‌تی پێ كردم و ده‌یگوت خۆت و تایه‌فه‌كه‌شت ده‌كه‌م به قوربانی دایكی كوڕه‌كه‌م".
ژیانی سابات به‌و جۆره به‌رده‌وام ده‌بێت تا كچه‌كه‌ی له دایك ده‌بێت، ئه‌وكات دوو مانگ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵی دایكی بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ندروستی خۆی و منداڵه‌كه باش بێت، له‌و ماوه‌یه‌دا ژنی یه‌كه‌می سه‌لمان له هاوسه‌ری دووه‌می جیا بووه‌ته‌وه و پلانی ئه‌وه داده‌نێن كه دووباره هاوسه‌رگیری بكه‌نه‌وه. بۆیه كاتێك سابات ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵه‌كه‌ی، له ڕێی خه‌زووریه‌وه به‌و هه‌واڵه ده‌زانێت.
سه‌لمان دوای ئاشكرابوونی هه‌وڵی دووباره ماره‌كردنه‌وه‌ی ژنی پێشووی كه دایكی كوڕه‌كه‌یه‌تی، به سابات ده‌ڵێ "ئه‌وه‌ی ڕازییه ده‌بێت خزمه‌تی بكات و بیخاته سه‌ر سه‌ری، ئه‌وه‌یشی ڕازی نییه ده‌توانێت ماڵ جێ بێڵێت".
به‌ڵام ماڵی باوكی سابات ڕازی نابن. بۆیه شه‌ڕ له نێوان براكانی سابات و سه‌لمان ڕوو ده‌دات و ئه‌و شه‌ڕه بۆ سابات ده‌بێت به خێر و وه‌ك لایه‌نی شه‌ڕكه‌ر ده‌چێته‌وه ماڵی باوكی و له سه‌لمان جیا ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ماڵی باوكی ڕازی نابن منداڵه‌كه‌ی بباته‌وه لای خۆی و ده‌ڵێن "ئێمه منداڵی ناپیاوێك به‌خێو ناكه‌ین، با بۆ خۆیان بێت".
سابات ئێسته تێده‌گات كه به‌هه‌ردوولا ژیانی ئه‌ویان وێران كردووه و نایشارێته‌وه كه "دوای ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه، ئێسته ده‌زانم سه‌لمان منی ته‌نیا له ڕقی ژنی یه‌كه‌می ماره كرد بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه لای، چونكه كه ئه‌و گه‌ڕایه‌وه، منی نه‌ویست و فڕێی دام".
به‌ڵام دڵنیایی ده‌دات كه به‌لایه‌وه گرنگ نییه سه‌لمان و ژنه كۆنه‌كه‌ی هاوسه‌رگیرییان كردووه‌ته‌وه و به‌یه‌كه‌وه‌ن، "ته‌نیا خه‌می كچه‌كه‌مه و ده‌مه‌وێت خۆم په‌روه‌رده‌ی بكه‌م، به‌ڵام ماڵی باوكم ڕێم پێ ناده‌ن".
وشه/ هه‌ولێر- ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان