ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەردۆغان ڕزگار دەكات؟

:: AM:10:24:19/04/2018 ‌

 
چاودێرانی كاروباری توركیا لەو بڕوایەن راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان و سەرۆكایەتی، دەرئەنجامی خراپی دۆخی سیاسی و ئابووری ناوخۆی توركیایە بەتایبەت دابەزینی نرخی لیرە خەریكە ئابووری توركیا دەباتە لێواری داڕمان. هەردوو حزبی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا، ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن بۆ رزگاركردنی ئەردۆغان لە دۆخەكە.

رۆژ دوای رۆژ رەوشی سیاسی و ئابووریی توركیا رووی لە خراپی دەكات، بەتایبەت دابەزینی نرخی لیرەی توركی بەرانبەر بەدراوەكانی تر ئابووری ئەو وڵاتەی بردووەتە لێواری داڕمان، هەروەها هێرشی توركیا بۆ عەفرین و زیاتر تێوەگلان و دەستوەردانی لە دۆخی سووریا و هەڕەشەی دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق بەپاساوی لێدان لە پەكەكە، شەقامی توركی دووچاری ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی كردووە.

بۆ دەرچوون لەم دۆخە، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست بە سەرۆكایەتیی دەوڵەت باخچەلی كە بەشداری دەسەڵاتە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان بەسەرۆكایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی دەوڵەتی توركیا، رۆژی سێشەمی رابردوو پێشنیاری هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد.

دوێنێ سەركردەكانی هەردوو پارتەكە كۆ بوونەوە و پێشنیارەكەیان قبووڵ كرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، هەندێك لایەنی تری ناو توركیاش پێشوازییان لە پێشنیارەكە كرد، بەڵام چاودێران دەڵێن ئەوەی روو دەدات رزگاركردنی توركیا نییە لەو تەنگژانەی تێی كەوتووە، بەڵكو رزگاركردنی ئەردۆغان خۆیەتی.

چاودێرانی دۆخی توركیا دەڵێن راگەیاندنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی كۆمار، هەوڵێكە بۆ رزگاركردنی ئەردۆغان كە ماوەی 15 ساڵە دەستی بەسەر دەسەڵات لە توركیا گرتووە.


ئەردۆغان بە دەستكاریكردنی دەستوور لەرێی راپرسی هەمواری دەستوور لە راپرسی مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، بووە هۆی فراوانتركردنی دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار و تەواوی دەسەڵاتەكانی دەوڵەتی توركیای بكەوێتە ژێر ركێف، ئێستەش كە كار بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات، دڵنیا نییە لەوەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سەركەوتوو دەبێت یان نا لەو كاتەی بازنەی ناڕەزایەتی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵات فراوانتر دەبێت.

ئەردۆغان لەسەر راگەیاندنی بڕیاری پێشوەختە دەڵێ، پێوەندی بە هەڵوێستی توركیا هەیە بەرانبەر بە عێراق و سووریا، هەروەها پێویستی وڵات بۆ دەركردنی هەندێك بڕیاری ئابووری.

لێدوانەكەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە لەماوەی رابردوودا بازنەی ناڕەزایەتی لە باكوری كوردستان دژ بە ئەردۆغان لە فراوانبوونی زیاتر بوو بەهۆی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر عەفرین.

هاوكات خراپبوونی دۆخی ئابووریش وایكرد هاووڵاتییانی توركیش ناڕەزایەتی دەرببڕن، كە بەمدوایییە بەهای لیرە بەجۆرێك دابەزیوە بەرانبەر بە دۆلار كە كاریگەری خراپی كردووەتە سەر بازاڕی ئابووری وڵات.

ئەردۆغان رای گەیاند كە 24ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی كۆمار بەیەكەوە ئەنجام دەدرێت لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركی.

راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە كاتێكدایە چەند هەفتەیەك پێش ئێستە ئەرۆدغان رای گەیاند پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەنگۆیە و بنەمای نییە.

 ئەردۆغان گوتی "لیژنەی هەڵبژاردنی باڵا دەستبەجێ ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونكە پەرەسەندنە خێراكانی سووریا و پێویستی بڕیاردانی پێویست و گرنگ لەبارەی دۆخی ئابووری هۆكاری سەرەكین بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە".

بەگوێرەی سیستەمی هەڵبژاردن دەبوو لە مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری 2019 هەڵبژاردنی بۆ پەرلەمان و سەرۆك كۆماری توركیا بكرێت كە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە مانگی ئادار/ مارسی داهاتوو زووتر ئەنجام دەدرێت.
 
دینگیز میر محەمەد فیرات كەسایەتی سیاسیی كوردی باكور قسەی بۆ "عەرەب" كردووە،  دەڵێ هەوڵی توركیا بۆ داگیركردنی عەفرین، وایكرد توركیا ببێتە ڤێتنامێكی تر لە ناوچەكەدا، راستە توركیا كۆنتڕۆڵی ناوچەكەی كردووە، بەڵام وەك كۆنتڕۆڵی ئەمەریكا وایە بۆ باشووری ڤێتنام.
 
هەر لەسەر بڕیارەكەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، كەمال كلیچدار ئۆغڵو پێشوازی لە بڕیارەكە كرد و رای گەیاند لەم هەڵبژاردنە پارتی داد و گەشەپێدان بەدەر دەنێین و لە دەسەڵات دووری دەخەینەوە.
 
چاودێران پێیان وایە هەڵبژاردنی پێشوەخت رەنگە چارەسەرێكی كاتی بێت، راستییەكەی زیاتر خۆدزینەوە لە چارەسەركردنی تەنگژەكان.

ئەردۆغان كە ئێستە جەماوەری لە توركیا زۆر كەمی كردووە، دەیەوێت لە راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت كە خۆی لە دەسەڵاتدایە، گورزێكی كوشندە لە ركابەرە سیاسییەكانی بدات پێش دەستپێكردنی هەڵبژاردنی ئاسایی كە بڕیارە لە ساڵی 2019 ئەنجام بدرێت. ئەردۆغان بەم جووڵەیەی دەیەوێت تەواوی پلانی ركابەرەكانی پووچەڵ بكاتەوە كە دەیانەوێت خراپی رەوشی سیاسی و ئابووری وڵات و تەنگژەكان بكەنە بانگەشەی هەڵبژاردن.

چاودێران و شارەزایانی كاروباری ناوخۆی توركیا ئەوەش دەخەنە ڕوو كە ئەردۆغان دووچاری بەربەستی گەورە هاتووە بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی توركیا كە تەنانەت ناتوانێت لایەنگر و ئەندامانی حزبەكەشی بڕوا پێ بهێنێت، بەتایبەت دۆسیەی دادگاییكردن و گرتنی هەزاران لە لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن كە لە بنەڕەتدا بەشێكی گرنگی دەنگدەری پارتی داد و گەشەپێدان بوون.

راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە كاتێكدایە ماوەیەكی كەم بەسەر هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن تێپەڕیوە كە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا پێیان وایە هەموارەكە رێ بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری فراوانتر دەكات و پاكیەتی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری دەخاتە ژێر پرسیار.

بەگوێرەی هەمواری یاساكە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە توركیا دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت چەند بازنە و بنكەیەكی دەنگدان تێكەڵ بكات، تەنانەت سندووقی دەنگدانیش بۆ بنكەیەكی تر بگوازێتەوە. جگە لەمە بۆی هەیە داوای هاتنە ژوورەوەی كارمەندانی ئاسایش بكات و هەروەها كارتی دەنگدانی بێ مۆریش دابەش بكات.

پارتی دادو گەشەپێدان لە ساڵی 2003 دەسەڵاتی لە توركیا گرتە دەست، رەجەب تەیب ئەردۆغان ماوەی 15 ساڵە لە لووتكەی دەسەڵاتدایە لە توركیا چ وەك سەرۆك وەزیران و چ وەك سەرۆكی دەوڵەت.

ئەردۆغانی تەمەن 64 ساڵ، دوای هەمواری دەستوور رێی بۆ خۆی خۆش كردووە بۆ دوو خولی تری سەرۆكایەتی خۆی كاندید بكات.




وشە - فه‌رمان سادق