هه‌ریه‌ك له لیسته‌كانى حه‌یده‌ر عه‌بادى و عه‌ماڕ حه‌كیم، نووسینگه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنیان له سلێمانى كردووه‌ته‌وه و 25 كاندیدیشیان هه‌یه كه زۆرینه‌یان كوردن، له‌باره‌ى ئه‌و پێشهاته بۆچوونى جیاواز هه‌یه و خۆیشیان ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێت كه‌موكورتیى خزمه‌تگوزارى له سلێمانى پڕ بكه‌نه‌وه.
له ساڵى 2003ـه‌وه هیچ هێزێكى عه‌ره‌بى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نووسینگه‌ى له سلێمانى نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه حزبه‌كه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى و عه‌ماڕ حه‌كیم له سلێمانى نووسینگه‌ى بانگه‌شه‌یان داناوه و عه‌بادى نۆ كاندیدى هه‌یه هه‌شتیان كوردن و حه‌كیمیش 16 كاندیدى هه‌یه زۆرینه‌یان كوردن. به‌ڵام به‌شێك له هاووڵاتییان و لایه‌نه سیاسییه‌كان پێیان وایه سلێمانى هه‌میشه لانكه‌ى كوردایه‌تى بووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بووه‌ته جێى پاڵه‌وانانى نانبڕ و بكوژانى ڕۆڵه‌ى كورد و به ئاشكرا داواى ده‌نگى كورد ده‌كه‌ن.
سه‌ركه‌وت ئیسماعیل /33 ساڵ/ دووكانداره له‌ناو بازاڕى سلێمانى، ئاماژه‌ى به‌وه دا كه بۆ ئه‌و جێى نیگه‌رانییه حزبه عه‌ره‌بییه‌كان بوونه‌ته نه‌هامه‌تى بۆ كورد و له سلێمانیشه‌وه بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و داواى ده‌نگ له‌وانه ده‌كه‌ن كه چوار ساڵه مووچه‌كه‌یان بڕیون.
سه‌ركه‌وت بۆ "وشه" گوتى، "به‌ڵام له‌م هێزانه هه‌موو شتێك چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، خاك و خه‌ڵك و كوردایه‌تى و هه‌موو ههیبهتێكى مرۆڤى كوردیان دۆڕاند، بۆ بهدهستهێنانهوهشى هه‌موو جۆره سازشێك ده‌كه‌ن و هاتنى ئه‌و لیسته عه‌ره‌بییانه‌ش بۆ سلێمانى له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه."
پارێزگاى سلێمانى 18 كورسیى له په‌رله‌مانى عێراق بۆ دیاری كراوه و زیاتر له 10 هێز كێبه‌ركێی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
شیلان عاسى /28 ساڵ/ مامۆستایه، بۆ "وشه"ـى ڕوون كرده‌وه كه سلێمانى هه‌میشه پێشه‌نگى ڕاوهدوونانى دوژمنانى كورد بووه له مێژوودا، به‌ڵام دیاره ئێسته هێزه سیاسییه كوردییه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌واندا پێویستیان به ڕاوه‌دوونان هه‌یه. زیاتر گوتى، "جێى شه‌رمه بۆ یه‌كێتى ئه‌و هێزه بێنێته سلێمانى و ده‌رفه‌تى بانگه‌شه‌ى پێ بده‌ن كه ده‌یان كوڕى ئه‌م وڵاته به فه‌رمانى ئه‌و شه‌هید كران."
هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانیش له‌وباره‌یه‌وه بۆچوونیان جیاوازه، هه‌یانه پێى ئاسایییه و هه‌یشه بوونى نووسینگه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌و حزبه عه‌ره‌بییانه به ئاسایى نازانن.
به‌ختیار شاوه‌یس په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له په‌رله‌مانى عێراق به"وشه"ـى گوت، كردنه‌وه‌ى نووسینگه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌و هێزه عه‌ره‌بییانه كارێكى ده‌ستوورییه و ڕێ به‌هه‌موو قه‌واره‌یه‌ك دراوه له هه‌ر شوێنێكى عێراق بیانه‌وێ بانگه‌شه بكه‌ن.
زیاتر گوتى، "خۆ پێشتر لیسته كوردییه‌كان نووسینگه‌ى بانگه‌شه‌یان له ناوچه‌كانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق هه‌بووه، ڕاسته ئه‌وه یه‌كه‌مجاره لیستى عه‌ره‌بى به‌و جۆره فراوانه له كوردستان بانگه‌شه بكات، به‌ڵام شتێكى ئاسایی و یاسایییه."
به‌ڵام به‌لاى پارتى دیموكراتی كوردستانه‌وه ئه‌و حاڵه‌ته ئاسایى نییه چونكه پێیان وایه له‌مه‌ودوا ئه‌وه ده‌بێته كولتوور.
دانا محه‌مه‌د جه‌زا كاندید له لیستى پارتى بۆ په‌رله‌مانى عێراق، پێى وایه نه‌ده‌بوو ڕێ بدرایه به كردنه‌وه‌ى نووسینگه‌ى بانگه‌شه‌ى لیسته عه‌ره‌بییه‌كان له سلێمانى.
جه‌زا بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته روو كه "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ئه‌گه‌ر هه‌زار ده‌نگ بێنن، هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ده‌بنه دوو هه‌زار و به‌و جۆره هاتنى ئه‌و لیستانه بۆ كوردستان هه‌م ده‌نگى كورد ده‌به‌ن، هه‌م ده‌بێته كولتوور و هه‌ڵبژاردنى داهاتوو هه‌موویان كاندیدى كوردیان ده‌بێ و نووسینگه ده‌كه‌نه‌وه."
هه‌رچى لیسته عه‌ره‌بییه‌كانن كه له سلێمانى نووسینگه‌یان هه‌یه، حاڵه‌ته‌كه به ئاسایى ده‌زانن و ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێت خزمه‌ت به شاره‌كه بكه‌ن.
به‌كر حه‌بیب كاندید له‌سه‌ر لیستی نه‌سر كه عه‌بادى سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، به"وشه"ـى گوت، "ڕاسته له‌سه‌ر لیستى عه‌بادى كاندیدین، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت ئه‌و كهموكورتییهى له خزمه‌تگوزاریدا له سلێمانى هه‌یه پڕى بكه‌ینه‌وه."
"له بانگه‌شه‌دا له‌وپه‌ڕى دیموكراتییانه و ئارامانه كارى خۆمان ده‌كه‌ین و هیچ بارگرانى و گرژییه‌ك دروست ناكه‌ین" حه‌بیب وای گوت.
وشه/ سلێمانى- هه‌ستى كه‌مال