هەواڵگری ئێران لەتبوون و كێشەی تێ دەكەوێ

:: AM:11:46:19/04/2018 ‌


دوای ململانێی نێوان دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران لە نێوان حكوومەت و رێبەری باڵا، ناكۆكییەكان قووڵتر بوونەتەوە و درزی خستووەتە ریزەكانی دەزگای هەواڵگری ئێران بەجۆرێك دادگا مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی هەواڵگری ناكات، ئەمەش خامەنەیی ناچار دەكات لەگەڵیان كۆ ببێتەوە. خامەنەیی لە كۆبوونەوەكەیدا دووپاتی كردەوە دەبێت دەزگا هەواڵگرییەكان خۆیان بەدوور بگرن لە ركابەرییە سیاسییەكان و ریزەكانی خۆیشیان یەك بخەنەوە.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەم 18ی نیسان، عەلی خامەنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵات ئەنجام دا.

لە كۆبوونەوەكەدا خامەنەیی داوای كرد كە دەزگا هەواڵگرییەكان ریزەكانیان یەك بخەن و خۆیان بەدوور بگرن لە ململانێی سیاسی نێوان رەوتە سیاسییەكانی وڵات. هاوكات داوای ئەوەشی لێ كردن كە ئامادەكاری بكەن و پلان بۆ هێرشی هەواڵگری دابنێن كە وڵاتەكەی ئێستە لە جەنگێكی هەواڵگری فرەواندایە بە ئامانجی "گۆڕینی بنەماكانی یارییەكە" تا دەزگای هەواڵگری ئێرانی رۆڵی كاریگەرتری هەبێت.

خامەنەیی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وەزارەتی هەواڵگری رای گەیاند، وڵاتەكەی جەنگێكی هەواڵگری گەورەی دژ بە دوژمنانی رژێمی ویلایەتی فیقهی دەست داوەتێ و گوتی، "لەلایەك ئێران كەوتووەتە ناو گۆڕەپانێكی گەورەی جەنگ، لەلایەكیش بەرەیەكی بەهێز لە دوژمنی هەیە"، زیاتر گوتی "لەم یارییەدا هەموو شێوازەكان رێ پێدراون، وەك سەپاندنی هەژموون و دزینی زانیاری، كاریگەری دانان لەسەر بڕیاربەدەستان بۆ گۆڕینی بڕیارەكانیان، گۆڕینی بڕوای خەڵك، ورووژاندنی دڵەڕاوكێی دارایی و ئابووری".

هەمیشە خامەنەیی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەی رادەسپێرێت بۆ سەركوتكردنی چالاكانی سیاسی بە توندترین شێواز و پێی وایە ئەوان نەك ئۆپۆزسیۆنی سیاسەتی ویلایەتی فیقهین، بەڵكو دوژمنن.

لەسەر ئەو پرسە، خامەنەیی دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتی راسپارد لەجێی گرتنەبەری سیاسەتی بەرگری و پڕكردنەوەی بۆشایییەكان، گرنگە لەمەولا هێرش و دەستپێشخەری هەبێت بۆ رێگرتن لە ئەگەری هەر رووداوێك. گوتی "پێویستە دەزگای هەوڵگری هێرش ئەنجام بدات بەهەر جۆرێك كە یارییەكە پێویستی پێیەتی لە چوارچێوەی پاراستنی شۆڕشی ئێرانی".

درز تێكەوتن لە ریزەكانی دەزگای هەواڵگری ئێران كە ئێستە بە روونی هەستی پێ دەكرێت، دەگەڕێتەوە بۆ سێ ساڵ پێش ئێستە، بە تایبەت دوای یەكەم گوتاری خامەنەیی دوای رێككەوتنی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك لەسەر بەرنامەی ناوەكی ئێرانی كە ئێستە ئەویش بووەتە كێشە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرانی.

خامەنەیی ئەوكات لە گوتارەكەیدا مەترسی سەرهەڵدانی هەژموون و ململانێی لەنێوان دائیرەكانی دروستكردنی بڕیاری ئێرانی نەشاردەوە بەهۆی كرانەوەی ئابووری ئێران بەرووی رۆژئاوا، بۆیە دووپاتی لە بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی "ئابووری بەرگری" كردەوە، بەڵام ئەوكات هەندێك بەهەڵە لێكدانەوەیان بۆی كرد و پێیان وابوو ئەمە بۆ رێگرییە لە حكوومەتی حەسەن روحانی لە بەستنی پێوەندی و كرانەوە بەرووی وڵاتانی رۆژئاوا.

خامەنەیی زۆر هەوڵی دا دەزگای هەوڵگری وڵاتەكەی لە رۆڵی كلاسیكی و تەقلیدی كاروباری ناوخۆی ئێران دوور بخاتەوە، لەسەر ئەم پرسەش رای گەیاند دەزگای هەواڵگری سەر بە سیاسەتی رژێمی ئێرانە و رەوتێكە و سەر بە رەوتی شۆڕشە. ئەمەش وەك هۆشدارییەك خوێنرایەوە لە كاریگەری وەزارەتی هەواڵگری لە دەستوەردان و چوونە ناوەوەی ململانێكانی ناوخۆی وڵات.

قسەكانی خامەنەیی لە دوا ساڵی تەمەنی حكوومەتەكەی روحانی لە ساڵی رابردوو بە روونی دەركەوت كاتێك ململانێیەكی بچووك لەنێوان وەزارەتی هەواڵگری و دەزگای پێوەندار بە وەزارەتەكە لە هەواڵگری سوپای پاسداران سەری هەڵدا، بەتایبەت دوای كردنەوەی بەشێكی تایبەت لە هەواڵگری سوپای پاسداران بە چالاكی هەواڵگری لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران. ئەمەش وایكرد دەسەڵاتی دادوەری ئێرانی وەزارەتی هەواڵگری لە چەندان بۆنەدا پشتگوێ بخات بۆ گرتن و ئەنجامدانی چالاكی، لەمەدا زیاتر پشتی بە هەواڵگری سوپای پاسداران دەبەست، لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران چەندان چالاكی كۆمەڵگەی مەدەنی لە تیمی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی روحانی بۆ خولی دووەمی بگرن، ئەمەش نیگەرانی لای مەحموود عەلەوی وەزیری هەواڵگری لێ كەوتەوە.

چالاكییەكانی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران بەردەوامی هەیە، دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی وڵات بۆ جاری دووەمیش ئەو دەزگایە بەهاوكاری دادگا حوسێن فەرەیدوونی برای سەرۆكی وڵات و مەهدی جهانگیری برای ئیسحاق جهانگیری جێگری سەرۆك كۆمار بە تۆمەتی گەندەڵی گرت.

دوای تێپەڕبوونی چەندان مانگ بەسەر گرتنیان، تا ئێستە هاووڵاتییانی ئێرانی نازانن گەندەڵی ئەو دوو كەسەی گیرابوون چی بوو.

لەكۆتای كانوونی یەكەمی رابردوو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان چەندان پارێزگای ئێرانی گرتەوە دژی بەرزبوونەوەی نرخی خواردن و دابەزینی نرخی دراوی وڵات و بێكاری، دواتر بۆ وەستاندنی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان، خامەنەیی بڕیاری بە دەزگای هەواڵگری ئێرانی كرد خۆپیشاندەران بگرن و بەرەوڕوویان بوو بۆ وەستاندن و كۆتا پێهێنانی خۆپیشاندانەكان.


سەرچاوە/ شەرق ئەوسەت



وشە - فه‌رمان سادق