دیپلۆماتكارە ئەمەریكییەكان دەبنە بازرگانی چەك

:: PM:02:15:19/04/2018 ‌


لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوا لە شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح میری كوێت دەكات پەلە بكات لە جێبەجێكردنی گرێبەستی كڕینی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا كە بەهاكەی 10 ملیار دۆلارە.

كەسە نزیكەكان و ئاگادارەكان لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكە دەڵێن، ترەمپ لەو كاتەی پێوەندی بە شێخ سەباح میری كوێت كردووە، زۆر دووپاتی لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی كۆمپانیای بوینگ كردووە كە دووەمین گەورەترین كۆمپانیایە لە دابینكردنی یەدەگی هێزی بەرگریی ئەمەریكی.

لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ترەمپ بێ هیوایی خۆی گەیاندووەتە شێخ سەباح لەدواخستنی جێبەجێكردنی گرێبەستەكە بۆ ماوەیەكی درێژ، دۆسیەی گرێبەستەكەش بەشێكی گرنگی پێوەندییە تەلەفۆنییەكە بووە.

لەسەر پێوەندییە تەلەفۆنییەكە، كۆشكی سپی هیچ زانیارییەكی بڵاو نەكردووەتەوە كە بەلای چاودێران و شارەزایان ئەوە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراوە لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكا كە پۆستەكەی بۆ بەرژەوەندی گرێبەستی كۆمپانیایەك بەكار بهێنێت.

شارەزایان دەڵێن، ئەوەی رووی دا بەشێكی بچووكە لە رەوشتەكانی ترەمپ لەماوەی بوونی بە سەرۆك، بەڵكو لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكانی تری و دیدارە راستەوخۆكانیشی لەگەڵ سەركردەكانی وڵاتانی دنیا زیاتر وەك نوێنەری فرۆشی كۆمپانیا پیشەسازییەكانی چەكی ئەمەریكی دەردەكەوێت.

بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن ئەوەی ترەمپ ئەنجامی دەدات، دووپاتكردنەوەیە لەسەر زیادكردنی ئاستی هەناردەی چەكی ئەمەریكی و سوود وەرگرتنە لە هەژموونی وڵات لە بازاڕی چەكی جیهانی.

حكوومەت هەموویان بەشدارن
ئەوەی لە رابردوودا رووی داوە رێكەوت نەبووە، بەڵكو بەشێكە لەپلانی ستراتیجی ترەمپ و ئەم هەفتەیەش دەستپێشخەرییەكی راگەیاند بەناوی "لە ئەمەریكا بیكڕە" بە ئامانجی رێدان بە زۆرینەی وڵاتان تا چەكی ئەمەریكی زۆرتر و زیاتر بكڕن.

بەرپرسانی دەڵێن ئەو دەستپێشخەرییە رەنگە بنەمای هەناردەكردنی چەك لەوەی پێشتر پێڕەو دەكرا سووكتر بكات، رەنگە نەك هەر یەدەگ و فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، بەڵكو بگاتە ئاستی فرۆشتنی كەشتی جەنگی و زریپۆش.

ئاژانسی "رۆیتەرز" لەسەر دەستپێشخەرییەكە لە چەند سەرچاوەیەكی كۆمپانیا پیشەسازییەكانی دروستكردنی چەكی و كەلوپەلی یەدەگی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە كە پێ دەچێ ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی نیسان، یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی چەكی ئەمەریكا رێنوێنیی نوێ دەربكەن و رێ بە فرۆشتنی بڕێكی زۆرتری چەك بدەن، تەنانەت ماوەی پێوەست بوون بە گەیشتن و ئامادەكردنی چەكی خواستراویش لە چەند ساڵییەوە كەم بكەنەوە بۆ چەند مانگێك. راپۆرتەکەش رۆژنامەی "عەرەب" کردوویەتی بە عەرەبی.

شارەزایان و ئاگاداران لە دەستپێشخەرییەكە دەڵێن ئەو ستراتیجە نوێیە، وا پێویست دەكات كاربەدەستانی كابینەكەی ترەمپ زۆرجار نێوەندگیری لە نێوان وڵاتان و كۆمپانیاكان بكەن بۆ تەواوكردنی گرێبەستەكە یان دەست گەیشتن بە گرێبەست. هەروەها لە داهاتووی نزیكدا رەنگە شاندی زیاتری حكوومەتی ئەمەریكی بە وڵاتان بڵاوە ببن بۆ پڕوپاگەندەكردن بۆ چەكی ئەمەریكا، یان بەشدارییان لە پێشانگا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە چەك زیاتر دەبێت.

دوای ئەو دەستپێشخەرییە، پشكی كۆمپانیاكانی دروستكردنی چەكی ئەمەریكی لە بازاڕی پشكەكان بەرز بووەتەوە، ئێستەش پشكی كۆمپانیای ریسیوان بەرزترین ئاستی تۆمار كردووە.

 لەسەر ئەو پرسە دۆناڵد ترەمپ دووپات لە ستراتیجەكەی دەكاتەوە كە ئامانجی سەرەكی هاوكاریكردنی كۆمپانیاكانی كەلوپەل و بەرگری ئەمەریكییە تا بتوانن باشتر كێبەركێ و رووبەڕووی كۆمپانیا چینی و رووسییەكان ببنەوە كە بەبڕوای ترەمپ ئەوان لە بازاڕدا جموجۆڵیان زۆر بووە. دیوێكی تر كە سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی پێ داوە، دیوە ئابوورییەكەیە كە بەلای ئەو فرۆشتنی چەكی زیاتر داهاتی زۆر و هەلی كار لە ئەمەریكا دەستەبەر دەكات.

یەكێك لە راوێژكارەكانی ترەمپ كە قسەی بۆ "رۆیتەرز" كردووە بەو مەرجەی ناوەكەی پارێزراو بێت، دەڵێ دەستپێشخەرییە نوێیەكە ئامانجی سووككردنی كۆتوبەندەكانی پێوەند بە مافەكانی مرۆڤە كە زۆرجار بووەتە رێگر لە بەردەم فرۆشتنی چەك بە وڵاتان.

بەڵام كۆشكی سپی ئەوە رەت دەكاتەوە كە گرێبەستەكانی فرۆشتنی چەك كاریگەری لەسەر مەرج و كۆتوبەندەكانی پێوەست بەمافەكانی مرۆڤەوە هەبێت.
 
پیتەر ناڤارۆ یەكێك لە ئەندازیارانی سەرەكی پشتەوەی ئەو سیاسەتەی ترەمپ و یەكێك لەوانەی هەمیشە سكاڵای لەسەر سیاسەتی بازرگانی چین هەبووە، بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییە ئەستێرەی بەختی كرایەوە و نزیك كەوتەوە لە بازنەی یەكەمی كەسە نزیكەكانی ترەمپ. بەرپرسانی ناو كۆشكی سپی دەڵێن هەوڵەكانی پیتەر بۆ زیادكردنی ئاستی فرۆشی چەك هیچ ئاستەنگ و رێگرییەكی لەناو كۆشكی سپی نەهاتە بەردەم.

ئەو دەستپێشخەرییە چەند مانگێكە كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام پێش ئەوەی جێبەجێ بكرێت زیاتر لە 10 كۆمپانیای دروستكردنی چەك بەرهەمەكانیان زیاد كرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترسیان هەبوو لە دوا ساتدا ترەمپ پاشگەز ببێتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریكی دەڵێن گرتنەبەری ئەو سیاسەتە دەخوازێت هەموو بەرپرسانی حكوومەت بەشداری تێدا بكەن، تەنانەت پاشكۆ سەربازی و دیپلۆماسییەكانیش بۆ پڕوپاگەندەكردن بۆ چەكی ئەمەریكی و هێنانی ملیاران دۆلار بۆ ناو ئەمەریكا.

چاوەڕوان دەكرێت هەریەكە لە كۆمپانیاكانی بۆینگ، لوكهید مارتن گرووپ، ریسیۆن، جەنەڕاڵ داینامكس گرووپ و نۆرسرۆب جرومان گرووپ قازانجی زۆر لە گرێبەستەكانی تایبەت بە كڕینی چەك بكەن.

پشكی هەموو ئەو كۆمپانیایانەش لە بازاڕەكانی دنیادا تا 10% بەرز بووەتەوە، بەتایبەت بوینگ كە لەوەتەی ترەمپ بووە بەسەرۆك نرخی پشەكەكانی دوو هێند بووەتەوە.

ئاژانسی هاریكاری تەناهی ئەمەریكی دەڵێ، فرۆشی سەربازی ئەمەریكی بۆ دەرەوە لە ساڵی رابردوودا 42 ملیار دۆلار بووە. كەچی رووسیا كە ركابەری سەرسەختی ئەمەریكایە، فرۆشەكەی نیوەی ئەوەی ئەمەریكا بووە.

رابیتەی پیشەسازی فڕۆكەوانی و ئاسمانی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات كە گوشاریان خستووەتە سەر دۆناڵد ترەمپ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ساڵی 2016 تا هانی هاوپەیمانانی ئەمەریكی بدات زیاتر گرنگی بە پاراستنی دۆخی تەناهی خۆیان بدەن، لەمەشدا پێویستە پشتگیری لە پیشەسازیی یەكێتی پیشەگەرانی كەرتی فڕۆكەوانی ئەمەریكی بكات.

ترەمپ و سەرۆكەكانی تر
ئەگەرچی زۆرینەی سەرۆكەكانی تر كە هاتوونەتە كۆشكی سپی، پڕوپاگەندەیان بۆ چەكی ئەمەریكی و كۆمپانیاكانیان كردووە، بەڵام هیچیان وەك ئەوەی ئێستە دۆناڵد ترەمپ ئەنجامی دەدات نەیكردووە. شارەزایان دەڵێن ترەمپ زۆر بێ شەرمانە و بێ سڵەمینەوە پڕوپاگەندەی بۆ دەكات و بازاڕیشی بۆ دروست دەكات.

بەیاننامەكانی كۆشكی سپی هەمیشە باس لەوە دەكەن كە ترەمپ بە بەرنامە باسی وردەكاری گرێبەستەكانی چەك لەگەڵ سەرگردەكانی وڵاتانی دنیا دەكات.

لەو كاتەی سەردانی ژاپۆنی كرد، هەستی كرد كە شینزۆ ئابێ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن داوای زیاتری چەكی ئەمەریكی دەكات. لەو كاتەشی لە كۆشكی سپی پێشوازی لە میر محەمەد جێنشینی شای سعوودیە كرد، وێنەی دەیان فڕۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەر و كەشتی دەریایی ئەمەریكی هەڵواسی بوو، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەش ئاماژەی پێ دا كە ئەمەریكا باشترین جۆری چەك لەسەر ئاستی دنیا دروستدەكات.

ئەوەی ترەمپ كردوویەتی پێشتریش سەرۆكەكانی تر ئەنجامیان داوە وەك ریچارد نیكسۆن و بێڵ كلنتن و جۆرج بۆش، بەڵام ولیام هارتونگ بەڕێوەبەری پڕۆژەی چەك و تەناهی لە ناوەندی سیاسەتی نێودەوڵەتی كە دامەزراوەیەكی لێكۆڵینەوەی قازانج نەویستە، دەڵێ ئەوان بە لێهاتوویی ئەنجامیان دەدا نەك وەك ئەوەی ترەمپ دەیكات.

ئەو گوتی "هیچ كامێكیان وەك دۆناڵد ترەمپی نەكردووە، ئەوان بە دەنگی بەرز پڕوپاگەندەیان نەدەكرد، پێشتریش باراك ئۆباما هەوڵی دا بیكات، بەڵام راوێژكارەكانی پێیان راگەیاند باشترە پڕوپاگەندە بۆ فرۆشتنی چەك نەكات".

لە سەردەمی ئۆباما گرێبەستەكانی فرۆشتنی چەك پێوەست كرابوون بە كۆتوبەندی مافەكانی مرۆڤ، لەگەڵ ئەمەشدا رووبەڕووی رەخنە بووەوە لە نیشاندانی رەزامەندی لەسەر هەندێك گرێبەست، لەوانە فرۆشتنی كەلوپەل بە سعوودیە بە بەهای حەوت ملیار دۆلار.
 
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ دەستوەردانی لە گرێبەستی فرۆشتنی چەك بە كوێت، لەسەر داوای شێخ سەباح میری كوێت بووە كە داوای لێ كردووە تا وەزارەتی دەرەوە رەزامەندی نیشان بدات لەسەر پێدانی كوێت 40 فڕۆكەی جەنگی لە جۆری سوپەر هۆرنیت ئێف/ئەی- 18، بەڵام وەزارەتی دەرەوە لە كۆتا مانگەكانی ماوەی سەرۆكایەتی ئۆباما رەزامەندی نیشان دابوو، بەڵام ئەوە كوێت بوو دانوستاندنەكانی پەك خستبوو، دۆناڵد ترەمپیش پرسەكەی یەكلاكردەوە و كوێتی رازی كرد.




وشە - فه‌رمان سادق