پارەكەی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە دەگاتە هەرێم

:: PM:04:18:19/04/2018 ‌
تا ئێستە خشتەی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مانگی یەكی ساڵی 2018 رانەگەیەنراوە و بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕای گەیاند، ئەمەریكا ئاگاداریان كردووین كە هەفتەی داهاتوو بڕی هاوكارییەكانیان بۆ پێشمەرگە دەگات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی نیسان/ ئەپریل، لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆك ئەركان بۆ ئۆپڕاسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەرپرسانی ئەمەریكا پێیان ڕاگەیاندووین كە هەفتەی داهاتوو پارەكەیان وەك هاوكاری بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەگات و لەوبارەیەوە پێوەندیمان هەیە.

لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی كە ئەمەریكا وەك هاوكاری بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی دەنێرێت ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، بڕەكەی بەپێی لیستی مانگانەی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دەگۆڕێت و ئەوان بۆ ناردنی پارەكە پشت بە لیستی مووچە دەبەستن كە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ئامادە دەكرێت.

لیوا قارەمان شێخ كەمال ئەوەیشی خستەڕوو لەگەڵ گەیشتنی پارەكە هەوڵدەدرێت مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەش بكرێت.

ناردنی ئەو پارەیە لەلایەن ئەمەریكاوە لەكاتێكدایە كە پێشمەرگە یەكێكە لە ئەندامانی هاوپەیمانان بۆ دژایەتی تیرۆرستانی داعش و هاوكات لەشەڕی تیرۆر بە دانپێدانانی وڵاتان ڕۆڵی گەورەی هەبووە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم