دوایین كارتی مالیكی بۆ هەڵبژاردنەكان چییە؟

:: PM:08:15:19/04/2018 ‌


هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی چاوی لە بنكەی جەماوەری فراوانی شیعەیە لە پارێزگای بەسرە بەمەبەستی بەربەرەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق كە بەپێی راپرسییەكان خاوەن چانسێكی زیاترە بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری داهاتوو و بەدەستهێنانی دووەم خولی سەرۆكایەتی وەزیران. 

ئێستا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا خەریكی یاریكردنە بە كارتی "ستەملێكراوی بەسرە" لە رێگەی بەرزكردنەوەی درووشمێكی نامۆ لە پرۆسەی سیاسی، ئەویش ئەوەیە كە دەبێت سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق لەو پارێزگا دەوڵەمەند لە رووی ئابوورییەوە و بێبەش لە رووی كۆمەڵایەتییەوە بێت.

بودجەی ساڵانەی عێراق پشت بە داهاتی نەوتی بەسرە دەبەستێت كە لە كێڵگەكانی رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت دێتە بەرهەم و زۆرینەشی هەناردەی دەرەوەی عێراق دەكرێت، لەگەڵ ئەوەش ئەو پارێزگا شیعە تێكڕای بەرزی هەژاری و كەموكورتی لە پێویستییە سەرەكییەكانی ژیان وەك ئاوی خواردنەوە و كارەبا بەخۆیەوە دەبینێت.

لە ماوەی دوو خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی زۆرینەی كورسییەكانی پارێزگای بەسرەی لە پەرلەمانی عێراق بەدەست هێناوە، لەو كاتەی ماوەی چوار ساڵ پۆستی پارێزگاری بەسرەی بەدەست هێنا، بەر لەوەی بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لەدەستی بدات و دوای ئەویش كۆنگرەی نیشتیمانی.

لەگەڵ ئەوەدا دەوڵەتی یاسا نەیتوانی دۆخی بژێوی دانیشتوانی پایەتەختی ئابووری عێراق باشتر بكات كە رەنگە لەو هەڵبژاردنەی ئێستە باجەكەی بداتەوە، ئەگەر پێشبینی دەنگدانی سزایی بۆ هاوپەیمانیەتییەكەی مالیكی راست بێت. 

خەڵەف عەبدولسەمەد، سەرۆكی لیستی مالیكی لە بەسرە كە پارێزگاری پێشووتری پارێزگاكەیە، هەڵمەتێك بەڕێوە دەبات بۆ كردنی بەسرە بە خاوەن بڕیار لەسەر بەرزترین ئاست و ئەو وای دەبینێت كە ئەوە نایەتە دی بەبێ ئەوەی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق خەڵكی بەسرە نەبێت، بۆیە ئەو بەئاشكرا خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی لە شوێنی عەبادی دەپاڵێوێت. 

چاودێران بۆ دۆخی عێراق دەڵێن كە نووری مالیكی تا ئێستەش "ستەملێكراوی شیعە" وەك درووشمێك بۆ خۆی و بارستەكەی بەكار دێنێت ئەو كاتەی باسی ئەوە دەكات كە پێویستە فەرمانڕەوایی بەتەواوەتی بۆ شیعە بێت بەپاساوی زۆرینەی سیاسی، ئەوەش سەرەڕای هەموو ئاماژەكان كە دووپاتی دەكەنەوە بەوەی پارتە شیعەكان لە سەروویانەوە پارتی دەعوە كە مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، لە 12 ساڵی رابردوو بەتەنیا باڵادەست بووە و سامانی وڵاتی بەدەست بووە.

چالاكێكی مەدەنی لە بەسرە لەو بارەوە دەڵێت، مالیكی بێئومێد بووە لە بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆیە پێ دەچێت بڕیاری دابێت كە رووكەشی پارتەكەی لە دەسەڵات بە شێوەیەكی كاتی لە "ستەملێكراوی شیعە" بۆ "ستەملێكراوی بەسرە" بگۆڕێت، ئەوەش لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی بێبەشكراوانی شارە دەوڵمەندەكە كە لە ماوەی ساڵانی فەرمانڕەوایی حزبی دەعوە فەرامۆشكردنێكی سەرانسەریان بەخۆیانەوە بینی لە خزمەتگوزاری بنەڕەتی لە بەرانبەر گەورەبوونی رێژەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی كە هەڵاتنی پارێزگاری پێشووی بەسرە یەكێك بوو لە لێكەوتەكانی.

ئەو چالاكە زیاتر دەڵێت، پێدەچێت مالیكی كە ناوی بە چەندان گومانی گەندەڵییەوە بەستراوەتەوە و عێراقیان كردووەتە دەوڵەتێكی فاشیل، تا ئێستە چەندان كارتی بەدەستەوەیە لەناو ماڵی شیعەدا یاری پێ بكات لەدژی نەیارە سیاسییەكانی لەناو شیعە و لەناو حزبەكەش، كە ئەوەش خواستەكەی دێنێتە جێ بەوەی ببێتە بڕیاردەری سیاسی لەناو ماڵی شیعەدا. 

بۆیە هەوڵی راكێشانی دانیشتوانی بەسرە كە پێشتر ناڕەزایی بەهۆی خراپیی خزمەتگوزارییەكانی بنەڕەتی بەخۆیەوە بینی لە رێگەی ئەوەی سەركردایەتی عێراق لە پشكی ئەوان دەبێت، هەوڵەكانی ئاشكرا دەكات بۆ قۆناغی داهاتوو، چونكە ئەو سەركردایەتییە بەر لە ئاوڕدانەوە لە بەسرە دەكەونە ژێر فەرمانەكانی ئەوەوە. دووپاتی دەكاتەوە كە لە رێگەی كاندیدكردنی عەبدولسەمەد، مالیكی هەوڵێكی تر دەدات بۆ گەڕانەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەپشتەوەی پەردەكەوە.

عەبدولسەمەد لای خۆی و لەو بارەوە دەڵێت، گۆڕینی دۆخی خراپی خەڵكی بەسڕە پێویست بە بوونی رۆڵەیەكی شارەكە لە سەرووی دەسەڵات لە بەغدا دەكات، لەو كاتەی نەیارانی دەوڵەتی یاسا لە بەسرە دەڵێن كە هاوپەیمانیەتییەكەی مالیكی بەدوای هۆكارێكی نوێدا دەگەڕێت كە وا لە دانیشتوانی ئەو پارێزگایە بكات بۆ دەنگدان بۆ كاندیدەكەی لە بەرانبەر مۆتەكەی لەدەستدانی زۆرینە لەو شارەدا.

چاودێرانی عێراقی لەو بارەوە دەڵێن، رەنگە ئەو هەڵمەتەی مالیكی بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لە خەڵكی بەسرە وەڵامدانەوەی لای دانیشتوانی شارەكە دروست كردبێت لەوانەی تا ئێستە هیچیان لە سامانی نەوتی ئەو شارە بەرنەكەوتووە.

بەسرە خاوەن 25 كورسی پەرلەمانە لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق كە سێیەك گەورەترین ژمارەیە لە عێراق لەگەڵ بەغدا و نەینەوا، بۆیە چاودێران پێیان وایە كە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق لە رێگەی قەبارەی پاڵپشتیكردنی لە بەغدا و بەسرە دیاری دەكرێت و ئەوان ئاماژە دەكەن كە ئەو لیستە شیعەیە لە بەغدا و لە بەسرە لە پێشەوە دەبێت هەڵی گەوەرتری بۆ بوون بە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی بۆ دەرەخسێت.  

ئێستە سێ لیستی شیعە كێبەركی لەسەر بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكەن ئەوانیش نەسر بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی و فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری و سائیروون كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە پاڵپشتی لێ دەكرێت، لەو كاتەی دوو لیستی تری شیعە ركابەری لەسەر پلەی دووەم دەكەن ئەوانیش دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی و حیكمە بە سەرۆكایەتیی عەمار حەكیم.

سەرچاوە ئەلعەرەب

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل