بۆچی ترەمپ لە سووریا پاشەكشە ناكات؟

:: PM:10:11:19/04/2018 ‌

بەم دواییە و بەر لە لێدانی گورزێكی سەربازی لە سووریا لەلایەن ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنساوە لە وەڵامی هێرشە كیمیاییەكەی سوپای سووریا بۆ سەر شاری دۆما و كوشتن و برینداركردنی دەیان هاووڵاتی سووری بەو هۆیەوە، هەواڵەكان باسی ئەوەیان دەكرد كە ترەمپ دەیوێت هێزەكانی لە سووریا پاشەكشە پێ بكات. بەڵام تا چەند ئەو ئەگەرە بەردەستە؟. 

خەریكە ئەمەریكا لە خواستەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەو وڵاتە دوور دەكەوێتەوە لەبارەی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەكان لەوەی پاشەكشەی ئەو هێزانە ببێتە هۆی داگیرسانی جەنگ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل.

چەند دامەزراویەكی دەسترۆیشتووی ئەمەریكا و لە سەروویانەوە پنتاگۆن سەرقاڵی هەڵمەتێكی فرەوانن لە ناو ریزەكانی ئەندامانی كۆنگرێس لە كۆماری و دیموكراسییەكان بۆ پاڵەپەستۆ خستنە سەر ترەمپ بۆ پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەكەی، ئەو هەڵمەتەش پشت بە دروشمی "دووبارە گەڕانەوەی داعش" دەبەستێت.

بەڵام داڕێژەرانی پلانەكانی ئەمەریكا لە سووریا لەوە دەترسن كە ئەو بۆشاییەی لە ئەنجامی هەر پاشەكشەیەكی هێزەكانیان لە سووریا دروست دەبێت ببێتە هۆی دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەیەكی فرەوان لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەكانی لەلایەك و ئیسرائیل لەلایەكی ترەوە كە شێوەی ناوچەكە بەتەواوەتی بگۆڕێت.

لای خۆیەوە سیناتۆر بۆب كۆركر، سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە كۆنگرێسی ئەمەریكا وریایی لەوە دا كە پلانی سوپای ئەمەریكا كە لەسەر ئەوە بنیات نراوە كە واشنتن دەستی لە سووریا بشواتەوە، مانای جێهێشتنیەتی بۆ دەسەڵاتی رووسیا و ئێران.

ئەو لێدوانانەی كۆركر دوای راگەیاندنی بەرپرسێكی پنتاگۆن هات بەوەی هێزەكانی ئەمەریكا چاودێری گەڕانەوەی داعشیان كردووە بۆ هەندێك ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی حكوومەتی سووریا، ئەو دەڵێت مۆسكۆ و تاران خاوەن دەسترۆیشتوویەكی زۆرن لەو وڵاتەی كە جەنگ وێرانی كردووە. بۆیە ئەگەر ئەمەریكا لەوێ پاشەكشە بكات هەلێكی گەورە بە ئێران دەدات بۆ دانانی سنوورێك بۆ ستراتیژیەتی ئەمەریكا بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتەكانی ئێران لە ناوچەكە بەر لەوەی دەست پێ بكات، هەروەها هەر بەهایەك بۆ ئەگەری پاشەكشەی ئەمەریكا لە رێككەوتننی ئەتۆمی ئێران نایەڵێت.

هەروەها پاشەكشەی ئەمەریكا رێگە لەبەردەم جەنگی بەتەنیای ئیسرائیل لە بەرانبەر فرەوانبوونی دەسەڵاتی ئێران خۆش دەكات، بەتایبەتی ئەگەر رووسیا كلیلی بەڕێوەبردنی پێوەندی نێوان هەردوولا لە سووریا لەدەست بدات.

لای خۆیەوە رۆگەر بویز، شرۆڤەكار لە رۆژنامەی "تایمز"ی بەرتانیایی لەو بارەوە دەڵێت، ئێران باڵادەستە بەسەر چوار پایەتەختی عەرەبی ئەوانیش بەیرووت و بەغدا و دیمەشق و سەنعان، بەڵام لە سووریا زیاتری دەوێت، ئەویش دروستكردنی رێگەیەكی ستراتیژییە بەرەو سنوورەكانی لبنان و خستنی ئیسرائیل بۆ ژێر كاریگەری راستەوخۆی خۆیەوە. 

زیاتر گوتی، بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا لەوە دەترسێت كە رێككەوتن لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل بكرێت بەو پێیە حكوومەتی بنیامین نەتنیاهو ئازادی تەواوی پێ بدرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەدژی ئێران. ئەو كارە ئێرانیش نیگەران دەكات كە هەست بەوە دەكات ئەم هاوینە گۆڕانكارییەكی گەورە لە دۆخی لە ناوچەكە بە گشتی دروست دەبێت، ئەوەش لە خۆسازدانەكانی رەنگی داوەتەوە لە رێگەی زیادكردنی ژمارەی بنكە سەربازییەكانی لە سووریا و هەوڵدان بۆ زیادركدنی هاریكاری سەربازی لەگەڵ عێراق و زیادكردنی بودجەی بەرگری. 

راپۆرتەكان باسی ئەوەیان كرد كە بەم دواییە قاسم سولێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بە نهێنی سەردانی سەرانی حزبوڵای لبنانی كردووە كردووە لەپێناو داڕشتنی پلان بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی چاوەڕوانكراو لە لبنان.

شارەزایان دەڵێن كە سیاسەتی زیادكردنی خۆپڕچەككردنی ئێران خۆسازدانێكە بۆ ئەگەری هەر پاشەكشەیەكی ئەمەریكا لە رێككەوتننی ئەتۆمی و دووبارە سەپاندنەوەی سزاكان بۆ سەر ئێران و دواتر گەڕانەوەی ئێرانییەكان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، كە ئەوەش هەڕەشەی نزیكبوونەوەی هێرشێكی سەربازی یان ئەمەریكایی بۆ سەری زیاد دەكات لە سایەی باڵادەستی و هاتنی هەڵۆكانی وەك جۆن بۆڵتن و مایك پۆمپیۆ بۆ ناو ئیدارەی ترەمپ. 

پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا رووبەڕووی بەرهەڵستكاریەكی سەختی ئیسرائیل و دامەزراوە خاوەن بڕیارەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی ئەو وڵاتە لە ئەوروپا دەبێتەوە و لەو بارەوە دیپلۆماسییەك دەڵێت، رەنگە ئەگەر ئیسرائیل یان چەند وڵاتێكی رۆژئاوا ناچار بن پەنا بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی داعش و رێكخراوە هاوشێوەكانی ببەن بۆ ناچاركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ مانەوە لە سووریا. بۆیە كۆركر ئاماژە دەكات كە وا بزانم پلانی ئیدارەی ترەمپ تەواوكردنی هەوڵەكانی جەنگی دژ بە داعش دەبێت نەوەك تێوەگلانی راستەوخۆ لەو جەنگەوە.

ئەو هەوڵانەی رەتكردنەوەی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا لەگەڵ هەوڵەكانی ترەمپ یەك ناگرێتەوە كە دەیەوێت لە پلانەكانی پێشانی بدات بەهۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی نیوە نوێكردنەوەی كۆنگرێسی ئەمەریكا لە نۆڤێمبەری داهاتوو كە دەیەوێت پشت بە بڕیاری پاشەكشەكردن ببەستێت بۆ پەیداكردنی پاڵپشتی لەناو لایەنگرانی و بتوانی لەو رێگەوە پارێزگاری لە زۆرینەی كۆمارییەكان لە هەردوو ئەنجوومەنەكە بكات. 

سەرچاوە ئەلعەرەب 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل