كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان: له‌ هه‌رێم ناوەندی دەنگدان بۆ ئاوارەكان دەكه‌ینه‌وه‌

:: PM:03:58:20/04/2018 ‌
جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند، ناوەند و وێستگەی دەنگدان بۆ سەرجەم ئاوارەكانی قەزا و ناحییەكان كراوەتەوە دەتوانن دەنگ بدەن لەو شوێنەی كە ئێسته‌ تێیدا نیشتەجێن.

ئه‌ومڕۆ هه‌ینى 20ى نیسان، ڕزگار حاجی حەمە به‌ ڕۆژنامه‌نووسانى گووت، "بە بڕیاریكی كۆمسیۆن دەبێت سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی بە هۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوونه‌ بەتایبەت لە پارێزگاكانی موسڵ و سەڵاحەدین و كەركووك و ئەنبار، دەتوانن لە شارەكانی هەرێمی كوردستان یان ئەو شوێنەی كە ئێسته‌ تێیدا نیشتەجێن دەنگ بدەن، چوونكه‌ ناوەند و وێستگەی دەنگدان بۆ هەموو ئەو كەسانە كراوەتەوە".

رزگار حاجی حەمە گووتیشی، لە سلێمانی و قەزا و ناحییەكانی دەروروبەری نزیكەی 20 ناوەندی دەنگدان كراونەتەوە.

لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی‌ و دوو كاندیدی‌ تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبڕكێ‌ لەسەر 46 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.


وشە - محەمەد میران