توندوتیژی دژ بە پیاوان لە دەربەندیخان ڕوو لە زیادبوونە

:: PM:02:36:28/11/2016 ‌

لە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتاندا، بەڕێوەبەرانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان و دەربەندیخان، ئامارەكانی توندوتیژی دەخەنە ڕوو. لە گەرمیان، حاڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان كەمی كردووە و لە دەربەندیخانیش حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە پیاوان زیادی كردووە.

عەمید لەمیعە محەمەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان، بە "وشە"ی  راگەیاند، خۆشبەختانە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی پار، زۆربەی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان كەمی كردووە.

ئەو گوتی،  لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوو ئافرەت كوژراون و پێنج ئافرەتیش خۆیان كوشتووە، بەڵام ساڵی پار سێ ئافرەت كوژرا بوون هاوكات حەوت ئافرەت خۆیان كوشتبوو. هەر لەو شوێنە ئەمساڵ شەش حاڵەتی سووتان تۆمار كراوە كە ساڵی رابردوو ژمارەكە ١٦ بوو. حاڵەتەكانی خۆسووتاندنیش لە ١١ حاڵەت بۆ چوار حاڵەت دابەزیوە.

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان روونی كردەوە، حاڵەتەكانی لاقەكردنی سێكسی، هی ساڵی پار 16 حاڵەت بوون، بەڵام ئەمساڵ چوار حاڵەت تۆمار كراوە، كۆی سكاڵاكانی ساڵی رابردووش ٦٨٨ بوون، كەچی هی ئەمساڵ 557 سكاڵا تۆمار كراوە .

جیاواز لە زۆرێك لە ناوچەكانی تری كوردستان، حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە پیاوان لە شارۆكەی دەربەندیخان زیادی كردووە. شەهاب ئەحمەد، بەرپرسی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە شارۆكەی دەربەندیخان بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵی رابردوو 79حاڵەتی توندوتیژی جۆراوجۆر دژی ئافرەتان تۆمار كرابوو، بەڵام هی ئەمساڵ ٥٧ حاڵەتن.

ساڵی رابردوو 11حاڵەتی توندوتیژی دژی پیاوان لە سنووری دەربەندیخان تۆمار كرابوو، بەڵام هی ئەمساڵ گەیشتووەتە 34 حاڵەت.

گەرمیان /سەبری هۆرینی




وشە - سلێمان تاشان