گه‌نجێك به‌ هۆی هاككردنی به‌رپرسان سزا درا

:: AM:09:13:21/04/2018 ‌

هه‌رزه‌كارێكى به‌ریتانى به‌ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى چه‌ندان ئیمێلى به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكى هاك كردووه‌، دادگاى كرا و به‌ دوو ساڵ زیندانى سزا درا.

به‌ پێى هه‌واڵێكى سكاى نیوز، كانى گامبل كه‌ ئێسته‌ ته‌مه‌نى 18 ساڵه‌، له‌ ساڵانى 2015- 2016 ئیمێل و ته‌له‌فۆنى به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكى هاك كردووه‌.

 ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت ئه‌و به‌رپرسانه‌ى له‌لایه‌ن ئه‌و هه‌رزه‌كاره‌وه‌ هاك كراون، كه‌سانى هه‌واڵگرى و ده‌زگاكانى ئاسایشن له‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌وانه‌ مارك جیۆلیانۆ به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووى نووسینگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى فیدراڵى، جیه‌ جۆنسۆن وه‌زیرى پێشووى ناوخۆى ئه‌مه‌ریكا، جۆن برینان به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووى ده‌زگاى ناوه‌ندى هه‌واڵگرى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ چه‌ندان به‌رپرسى تر.

 داواكارى گشتى به‌ریتانى ئاشكراى كرد، ئه‌و گه‌نجه‌ به‌ریتانییه‌ كه‌مێك له‌و زانییارانه‌ى دزه‌ پێ كردووه‌ كه‌ له‌ هاككردنه‌كه‌ ده‌ستى كه‌وتووه‌.

گامبل كه‌ ئێسته‌ ته‌مه‌نى بووه‌ته‌ 18 ساڵ ساڵى رابردوو دانى به‌ تاوانه‌كه‌ى ناوه‌ و دوێنێ هه‌ینیش بڕیارى ئه‌وه‌ى بۆ درا كه‌ دوو ساڵ له‌ سه‌نته‌رێكى لاوان بمێێته‌وه‌.

سه‌رۆكى دادگاى ناوه‌ندى كه‌تن له‌ له‌نده‌ن گوتوویه‌تى، "هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ى گامبى له‌ هاككردن، كارێكى بێزراوه‌ و  تیرۆری ئه‌لیكترۆنییه‌، چه‌ندان كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانى ئه‌م كاره‌ى ئه‌و هه‌رزه‌كاره‌".



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل