ئێران هۆشداری دەستپێكردنەوەی چالاكی ناوكیی دەدات

:: AM:09:17:21/04/2018 ‌

ئێران هۆشداری دەدات ئەگەر ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی بێتە دەرەوە، ئەوا ئێران بە بێ دوودڵی دەست بە چالاكییە ناوكییەكانی خۆی دەكاتەوە.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی CBSی ئەمەریكی ئاماژەی بەوە كرد لە كاتی دەرچوونی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی، ئێران خۆی بۆ كۆمەڵێك بژاردە ئامادە كردووە و لە گرنگترین ئەو بژاردانەش ئەوەیە بە خێرایی دەست بە چالاكی ناوكی دەكاتەوە.

بڕیارە دیمانەكە سبەی بە تەواوی بڵاو بكرێتەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گوتوویەتی ئەگەر هەرچی زووە كەموكورتییەكانی رێككەوتنی ناوكی چارەسەر نەكرێن، ئەوا چیتر راگرتنی سزاكانی سەر ئێران بە هەڵواسراوی ناهێڵێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بە توندی رەخنەی لە ئەمەریكا گرت و گوتی، ناكرێت یەكلایەنە ئەوانیش رێككەوتنێك جێبەجێ بكەن كە لایەنی بەرانبەر جێبەجێی نەكردووە.

ترەمپ دەڵێت لە رێككەوتنەكە هەندێك سنوور بۆ چالاكییە ناوكییەكانی ئێران دانراون كە ١٠ تا ١٥ ساڵ لە خۆ دەگرێت، بەڵام ئەمەریكا خوازیاری ئەوەیە ئەو سنوورە نەهێڵرێت و تاهەتایە ئێران لەم جۆرە چالاكییانە دوور بكەوێتەوە.

سەرچاوە/BBC 




وشە - سلێمان تاشان