داعش دووبارە سنوورەكانی سایكس-پیكۆت تێكدەشكێنێتەوە

:: AM:09:31:21/04/2018 ‌
سەرچاوەیەكی سەربازی تایبەت ئاشكرای كرد، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵی كردنەوەی ڕێ و ڕێڕەوی نوێ لە نێوان عێراق و سووریا دەدا، بۆ ئەوەی هاتوچۆ لە نێوان هەردوو وڵات بكات و چەكدارانی بگوازێتەوە تا دووبارە بە بەهێزیی خۆی دەربخاتەوە.

ئەو سەرچاوەیە بە "قودسی عەرەبی" ڕاگەیاند، داعش زۆر هەوڵ دەدا ڕێ و تاكتیك و شێوازی نوێ بدۆزێتەوە تا دزە بكاتە ناوەوەی سنووری عێراق، بەڵام تا ئێستە لەوەدا سەركەوتوو نەبووە، هێزەكانی عێراق كە لە سنوورەكە بڵاو كراونەتەوە و خاڵی پشكنین و قولەی سەربازییان داناوە، توانیویانە ڕێ لەو پیلانەی تیرۆریستان بگرن.

ئاماژەی دا، دوور نییە تیرۆریستان لەو پیلانە سەركەوتوو بن و جارێكی تر ڕوو لە عێراق بكەنەوە، چونكە سنووری نێوان عێراق و سووریا فرەوان و دوور و درێژە و كۆنتڕۆڵكردنی كارێكی ئاسان نییە، ئێستەیش تیرۆریستان بە ئاسایی هاتوچۆی لێ دەكەن و دێنە عێراق و لێی دەچنە دەرەوە.

له بەشێكی تری قسەكانی ئەو سەرچاوە سەربازییە هێمای بۆ ئەوەیش كرد، عێراق بە تەنیا ناتوانێ كۆتا بە جموجۆڵە سەربازییەكان بهێنێت، چونكە لە دیوی سووریاوە هیچ هێزێكی تۆكمەی سەر بە دەوڵەت بوونی نییە، بۆیە بەردەوام لە دیوی سووریاوە تیرۆریستان هەوڵ دەدەن و هێرش ئەنجام دەدەن و پلانە تەناهییەكانی هێزەكانی عێراق بۆ پاراستنی سنوور تێكدەشكێنن.

ئەو هەوڵانەی داعش لە كاتێكدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بۆردمانی چەندان بنكە و بارەگای تیرۆریستانیان لە سنووری نێوان سووریا و عێراق و خاكی سووریا كرد، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی هێزەكانی عێراقیش زیاتر لە 29 چەكداری داعش لە ئەنجامی بۆردمانەكان كوژراون.

داعش لە نۆی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 بۆ یەكەمجار بە شۆفڵ سنووری نێوان سووریا و عێراقی هەڵوەشاندەوە، لای زۆر لە شارەزایان و ناوەندەكانی توێژینەوە، ئەمە بە دەسپێكی هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنی سایكس-پیكۆت هەژمار كرا، هەمووان باس لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە دەكەن، ئێستەیش هەوڵەكان بەو ئاراستەیەوە هەنگاو دەنێن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د