"ریژیسۆر و نمایش: له سلێمانییه‌وه بۆ ستۆكهۆڵم" دوایین كتێبى ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌رى به‌ناوبانگى كورد دكتۆر فازڵ جاف، كه له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌رده‌م له‌م نزیكانه‌دا چاپ كراوه. هه‌رچه‌نده له ژێر ناونیشانه‌كه‌ى له به‌رگى ژووره‌وه یاده‌وه‌رى نووسراوه، به‌ڵام نووسه‌ره‌كه‌ی بۆ "وشه" باس له‌وه ده‌كات، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستى ئه‌وه نییه بیره‌وه‌رییه‌كانى بگێڕێته‌وه.
"ریژیسۆر و نمایش" له 10 به‌ش پێكهاتووه. سه‌فه‌رى ئه‌زموونى داهێنه‌رێكى كورده له سلێمانییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا دوایین كاره‌كانى له تاراوگه و له‌كاتى ئێسته ده‌گیرسێته‌وه.
فازڵ جاف بۆ "وشه" باسى له‌وه كرد كه ئه‌م كتێبه بیره‌وه‌ری نییه و خۆى وه‌ك نووسه‌رى كتێبه‌كه مه‌به‌ستى گێڕانه‌وه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانى نه‌بووه، به‌ڵكو باس له ئه‌زموونى ده‌رهێنه‌رى "ریژیسۆرى" خۆى ده‌كات. زیاتر گوتى، "له كتێبی ڕیژیسۆر و نمایشدا هه‌وڵم داوه ئه‌زموونی ڕیژیسۆری خۆم تاوتوێ بكه‌م، باس له قۆناغی یه‌كه‌می كاری ڕیژیسۆری خۆم بكه‌م پێش ده‌رچوونم له كوردستان، كه ده‌كاته كاركردنم له تیپی نواندنی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی. ئه‌م قۆناغه كه نیوه‌ی دووه‌می حه‌فتاكان ده‌گرێته‌وه، ده‌كاته قۆناغی یه‌كه‌م له گه‌شتی هونه‌ریی و پیشه‌ی ڕیژیسۆریم".
ئه‌مه ناساندنى ژانراى كتێبه‌كه بوو له‌لایه‌ن نووسه‌ر خۆیه‌وه و ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه ئه‌م جۆره نووسینه له ئه‌ده‌بیاتى شانۆى دنیا هه‌یه. فازڵ جاف ئه‌وه‌یش ده‌خاته ڕوو كه، "ژماره‌یه‌كی زۆری ڕیژیسۆرانی شانۆ له دنیادا به نووسین باسیان له ئه‌زموونی هونه‌ریی خۆیان كردووه، ئه‌وان ئه‌م كاره‌یان بۆ ئه‌وه ئه‌نجام داوه، هه‌موو بنه‌ما و به‌ها و پره‌نسیپه هونه‌ری و ئیستاتیكییه‌كانی به‌رهه‌م و داهێنان و میتۆدی كاركردنیان بۆ كه‌سانی تر به تایبه‌تی بۆ ڕیژیسۆرانی گه‌نج تاوتوێ بكه‌ن".
ده‌كرێت هه‌ر داهێنه‌رێك له بوارێكى هونه‌ری و ئه‌ده‌بى و هه‌ر بوارێكى تر ئه‌زموونى خۆى بگێڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى سوود به نه‌وه‌ى نوێ بگه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاره‌كه‌ى دكتۆر فازڵ ئه‌زموونى نووسه‌رێكى قووڵى پێوه دیاره و له گه‌شته‌كه‌ى خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆى ده‌بات. به‌گوته‌ی خۆى، "ئه‌م كاره ئیستاتیكییه دووره له گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری و یاداشت و یادگاری، هه‌رچه‌ند ژانری كتێبه‌كه به‌وه له قه‌ڵه‌م دراوه كه بیره‌وه‌ری بێت، به‌ڵام به‌شبه‌حاڵی خۆم له نووسینی كتێبه‌كه به‌هیچ جۆرێك ئه‌وه مه‌به‌ستی من نییه، هه‌ر كه‌سێكیش كتێبه‌كه به وردی بخوێنێته‌وه، له‌وه ده‌گات كه نووسه‌ر مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی ژیانی تایبه‌تی خۆی نییه".
كتێبه‌كه‌ى فازڵ جاف به‌سه‌ر 10 به‌ش دابه‌ش كراوه، بۆ هه‌ر به‌شێكى ناونیشانێكى ئاسایى نییه، به‌ڵكو وا هه‌ست ده‌كه‌یت مامۆستایه‌كى جیا له بیره‌وه‌رى، وانه ده‌ڵێته‌وه، له شوێنى پێویست پێناسه بۆ كار و چه‌مكه‌كان ده‌كات، وێڕاى هه‌موو ئه‌مانه، ده‌یان وێنه‌ى پڕ له بیره‌وه‌رى له دووتوێى كتێبه‌كه بڵاو كردووه‌ته‌وه.
خوێنه‌ر كه كتێبه‌كه ده‌خوێنێته‌وه، له هه‌ڵدانه‌وه‌ى هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك وا هه‌ست ده‌كات شانۆیه‌ك نمایش ده‌كرێت، شانۆیه‌ك یادگارییه‌كانى خۆى ده‌گێڕێته‌وه و خه‌یاڵى شانۆییی دێته زه‌ینیه‌وه. هه‌موو شتێك له كتێبه‌كه ئاوێته بووه به شانۆ، ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه نووسه‌ره‌كه‌ى خۆى زیاتر له 40 ساڵ وه‌ك ده‌رهێنه‌ر ئه‌زموونى له‌گه‌ڵ شانۆ هه‌یه و له‌مباره‌یه ده‌ڵێ، "هیچ هونه‌رێك به ئه‌ندازه‌ی شانۆ، پێوه‌ندی به ژیانه‌وه، یان ڕاستتر بڵێم به پوخته و مانا و به‌های ژیانه‌وه نییه".
"من له گه‌شتی ژیانمدا خۆم به قه‌رزاری شانۆ ده‌زانم، چونكه وه‌ك له كتێبه‌كه‌یشدا باسم كردووه، شانۆ وای لێ كردووم ڕۆژ له دوای ڕۆژ خۆم به مرۆڤێكی باشتر بزانم. شانۆ به‌لای منه‌وه هونه‌ری ژیانه، ناوه‌ڕۆك پوخته‌ی ژیانه، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نیم كه ده‌ڵێن شانۆ ئاوێنه‌ی ژیانه، نه‌خێر، پێم وایه شانۆ میكرۆسكۆپی ژیانه" جاف وای گوت.
به‌پێچه‌وانه‌ى زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌باره‌ى شانۆى كوردییه‌وه ده‌نووسن و باس له‌وه ده‌كه‌ن كه "شانۆى كوردى له ته‌نگژه‌دایه" فازڵ جاف كه یه‌كێكه له دیارترینه‌كانی ئه‌و بواره، پێی وایه شانۆى كوردى به‌ره‌و پیشه‌مه‌ندێتى هه‌نگاو ده‌نێ، به‌ڵام هه‌مان تێڕوانینى بۆ ره‌خنه‌ى شانۆ نییه. ئه‌وه‌یشی روون كرده‌وه، "ڕه‌خنه لاوازترین ڕه‌گه‌زه له‌ناو پێكهاته‌كانی شانۆیی ئێسته‌ماندا. ڕه‌نگه شانۆی كورد تاكه شانۆ بێت كه شانۆكار تێیدا خه‌ریكه به‌ره‌و پیشه‌مه‌ندێتی و پسپۆڕێتی و ئه‌كادیمیبوون هه‌نگاو ده‌نێت، به‌ڵام ڕه‌خنه‌گره‌كان تا ئێسته پسپۆڕێتی و ئه‌كادیمیبوون به مه‌رج و پێویست نازانن. واته شانۆكار له ڕه‌خنه‌گر ئه‌كادیمیتره، له‌مه‌یشدا به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو دنیاین".