دادگای ئیتاڵیا بڕیاری بەندكردنی هەشت بەرپرسی حكوومەتی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، لە ناویاندا سەركردەی حزبەكان و لێكۆڵەرانی پۆلیس بوونیان هەیە، كە لەگەڵ مافیاكان دانوستاندنیان كردووە و پێوەندییان هەبووە.
دادگا سزای بەندكردنی بۆ ماوەی هەشت تا 28 ساڵ بەسەر ئەو بەرپرسانە سەپاند بەهۆی ئەوەی دەستیان لە تاوانی كوشتن و تەقینەوە هەبووە، كە مافیاكان ئەنجامیان داوە و بەوهۆیەوە 23 كەس گیانیان لە دەست داوە، لە ناویاندا دوو دادوەر بوونیان هەبووە، بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی مافیاكان، لەلایەن ئەوانەوە كوژراون.
لە ناو بەرپرسە تۆمەتبارەكان سەرۆكی پێشووی بەشەكانی پۆلیس "ماریۆ مۆری، جۆزیبی دی دۆنۆ، ئەنتۆنیۆ سوبارانی" بوونیان هەیە، جیا لەوەیش مارشیلۆ دیل ئۆتری هاوبەش و دامەزرێنەری حزبەكەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا "سێلیڤیۆ برلسكۆنی" تۆمەتبارە.
مافیاكان بە پشتیوانی ئەو بەرپرسانە هێرشیان كردووەتە سەر سیاسەتكاران و نوێنەرانی دەوڵەت، ئەوان دانوستاندنیان لەگەڵ مافیاكان لە دوورگەی "سەقەلییە" كردووە، بەهۆی هەڕەشەی مافیاكانیش داواكاری گشتی ئەنتۆنیۆ دی مانتیۆ ماوەیەكی زۆرە ژمارەیەك پاسەوان و هێزی چەكداری بۆ دابین كراوە، چونكە ویستی ڕووبەڕووی مافیاكان ببێتەوە.