شەوی ڕابردوو ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی ئێران دوای سەردانی بۆ بەغدا، دوا دیداری لەگەڵ سەركردەكانی حەشدی شەعبی ئەنجام دا و گەڕایەوە تاران، ئەمەیش هێندەی تر گومانی لەسەر میلیشیاكان دروست كردووە و دەپرسن حەشدی شەعبی هێزێك نییە لە دەرەوەی هێزەكانی عێراق، بۆچی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئێران كۆ بوونەتەوە.
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی ئێران لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەحمەد ئەسەدی گوتەبێژی حەشدی شەعبی و سەركردەی كۆمەڵێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی كۆ بووەتەوە، لە دیدارەكە ئەبو مەهدی موهەندیس ڕۆڵی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرز نرخاندووە لە سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش لە عێراق. دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە ئەو سەركەوتنەی عێراق بەهۆی بەرەی بەرگری بووە كە ئێران سەركردایەتی دەكات.
كۆبوونەوەی وەزیری بەرگریی ئێران لەگەڵ سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەكاتێكدایە، وەزیری بەرگریی ئێران لەگەڵ عیرفان حەیالی وەزیری بەرگریی عێراق و قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق پێشتر كۆ بووەوە، كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبیش بەشێكن لە هێزەكانی عێراق و لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراقدان، كاتێك شاندێك لەگەڵ وەزیری بەرگری كۆ دەبێتەوە، بۆچی دەبێ لەگەڵ هێزێكی دیاریكراویش كۆ ببێتەوە، ئەمە پرسیاری لای عێراقییەكان دروست كردووە و دەڵێن، تۆمەتەكانی ئەمەریكا بێبنەما نییە كە دەڵێن حەشدی شەعبی هێزێكی سەر بە ئێرانە نەك عێراق.
حەشدی شەعبی لە 13ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 لەسەر بنەمای فەتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف بۆ پاراستنی شوێنە ئاینییە پیرۆزەكانی شیعە و پاڵپشتیكردنی سوپای عێراق دامەزرا، ژمارەیان 140 هەزار چەكدار دەبێت و بودجە و چەكیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ دابین كراوە و لەمیانەی بەشدارییان لە شەڕەكانی ئەنبار و تكریت و فەلووجە و ناوچەكانی دیالە و باشووری كەركووك پێشێلكاری گەورەیان بەرامبەر بە یاساكانی جەنگ و بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەنجام داوە، لە تكریت ماڵ و سامانی خەڵكیان دزی و لە فەلووجە بە مووشەك هاووڵاتییانی سڤیلیان بۆردمان كرد و لە دیالە و ناوچەكانی تریش نزیكەی 250 مزگەوتیان وێران كردووە و تەقاندوویانەتەوە.
رۆژی شەموو 20 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2016 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرچوواندنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق دەركرد.