پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەتی دەكاتەوە، ئەوان لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بن لە شوێنی سەركۆمار لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە 12ی ئایار/مایۆ بێتە ئەنجامدان.
محەمەد عوسمان بە "
قودسی عەرەبی" ڕاگەیاند، پرسی گۆڕینی پشكی كورد لە پۆستە سیادییەكان و وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار لەلایەن سوننەوە و سەرۆكی پەرلەمان بۆ كورد، تا ئێستە تەنیا قسەی میدیایە و هیچ ڕێككەوتنێكی لەسەر نەكراوە.
زیاتر گوتی، نە حزبە كوردییەكان، نه كورد لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بە هیچ شێوەیەك گفتوگۆی لەسەر ئەو بابەتە نەكردووە، جا سوننە بن یان شیعە، بۆیە جارێ بڕیاری لێ نەدراوە و ئەوەیشی لە میدیا دەگوترێ نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەو قسانەی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی لە كاتێكدایە پێشتر میدیاكان لە زاری بەرپرسانی كوردەوە بڵاویان كردەوە كە ئێستە حزبە كوردییەكان بەسەر دوو بەرە دابەش بوون، بەشێكیان كە لە هاوپەیمانی و گۆڕان و كۆمەڵ پێكهاتوون دەیانەوێ پۆستی سەركۆمار وەربگرنەوە و بەرهەم ساڵح ئەو پۆستە وەربگرێ، بەشێكی تریش كە پارتی و بەشێكی یەكێتی و یەكگرتوو و حزبەكانی تری كوردستانن لەگەڵ ئەوەن لە دوای هەڵبژاردن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە كورد بدرێ، چونكە لە چوار ساڵی ڕابردوو سەركۆماری هیچی بۆ كورد دەستەبەر نەكرد و نەیتوانی هیچ ڕێگرییەك لە سزادانی بە كۆمەڵی خەڵكی كوردستان بكات.
پێشتر لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕێككەوتن لەسەر پۆستە سیادییەكان كرابوو، بەوهۆیەوە یەكێتی لە كوردستان پشتیوانی پارتی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پارتیش لە بەغدا پشتیوانی یەكێتی بوو تا پۆستی سەركۆمار بەر یەكێتی بكەوێ، بەڵام ئێستە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەماوە و بە یاسا دەسەڵاتەكانی دابەش كراوە، تا ئێستەیش ڕوون نییە لە دوای هەڵبژاردن پۆستی سیادی پشكی كورد بەپێی هەمان ڕێككەوتن دەبێ، یان فراكسیۆنی زۆرینەی ناو فراكسیۆنە كوردییەكان وەری دەگرێ، بەگوێرەی زانیارییەكانیش ئەو ڕێككەوتنە بە هەڵوەشاوە هەژمار كراوە، چونكە یەكێتی پابەندی نەبووە.