ئاسۆی بازاڕی نەوت دوای دوو هەفتە لە هەڵكشانی نرخ لێڵە

:: AM:11:32:21/04/2018 ‌

ئاسۆی بازاڕی نەوت دوای دوو هەفتە لە هەڵكشانی نرخی نەوت ناڕوونە و ماوەیەكە ئەوەندەی رووداوە سیاسییەكان كاریگەرییان بۆ سەر بازاڕەكە هەبووە، رووداوە ئابوورییەكان نەیانبووە.

بازاڕی نەوت هەفتەیەكی تر لە هەڵكشانی نرخی نەوتی تۆمار كرد و نرخی نەوت لەوەتەی 24ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014ەوە بەرزترین نرخی تۆمار كرد. نرخی نەوت هەفتەی رابردوو بە  72 دۆلار و 50 سەنت كرایەوە و دواجار بە  73 دۆلار و 61 سەنت داخرا، سەرەڕای ئەوەی كە هەر لەم هەفتەیەدا نرخی 74 دۆلار و 70 سەنت تۆمار كرا و لەوەتەی دوو ساڵ و پێنج مانگی رابردوو ژمارەی پێوانەیی شكاند.

بەگوێرەی dailyfx هەفتەیەك پێشتریش نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمار كردبوو و لە 67 دۆلارەوە  بەرز بووبووەوە بۆ 72 دۆلار و 50 سەنت. پێشتر دوو هەفتەی لەدوای یەك نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردبوو. لە هەفتەی رابردووی بازاڕی بۆڕسەی نەوت رۆژانی دووشەم و پێنجشەم دابەزینی نرخ تۆمار كرا و لە رۆژەكانی تر نرخی نەوت هەڵكشا.

لەم دوو هەفتەیە كۆمەڵێك رووداوی نوێ روویان داوە كە كاریگەری گرنگیان لەسەر بازاڕی نەوت هەبووە، یەكێك لەو رووداوانە هێرشی مووشەكی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ سەر سووریا بوو كە تا رادەیەك نرخی نەوتی بەرز كردەوە، بەڵام ئەوەی زیاتر لەمە كاریگەریی خستووەتە سەر بازاڕی نەوت و نرخەكەی هەڵكشاندووە، ئەگەری هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ناوكییە لە لایەن ئەمەریكا كە لەو كاتەدا كێشە بۆ بازاڕەكانی نەوت دێتە كایەوە و سەپاندنی سزاكانی سەر ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە.

هەندێك سەرچاوە پێشبینی دەكەن ئەو كاتەی ترەمپ بڕیاری كشانەوە لە رێككەوتنەكە بدات، نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت ١٠ دۆلار بەرز ببێتەوە.

ئەوی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا كاریگەریی گرنگی بۆ سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە، ئەو رێككەوتنانە بووە كە لە لایەن وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك لەبارەی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت واژوو كراون.

گرنگترین رێككەوتن لە كۆتای 2016 واژوو كرا و دوای شەش مانگ لە ساڵی 2017ەش رێككەوتنەكە درێژ كرایەوە. پێشتر وڵاتان بە لێشاو نەوتیان دەخستە بازاڕەوە لە كاتێكدا بازاڕ پێویستی بەو بڕە زۆرەی نەوت نەبوو، كاتێكیش ئاستی خستنەڕوو زۆر بەرزتر بوو لە ئاستی داخوازی، ئەوا نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد. نرخی نەوت لە كۆتای ساڵی 2015 گەیشتە 27 دۆلار كە لەو كاتەدا هەندێك وڵاتی ئەندامی ئۆپێك لە خوارووی 20 دۆلار نەوتەكانیان ساغ دەكردەوە و ئەمەش كاریگەریی زۆری بۆ سەر ئابووری ئەو وڵاتانە دانا.

لەو ماوەیەدا سەرەڕای ئەوەی كە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، بەڵام وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بۆ جاری سێیەم باس لە درێژكردنەوەی رێككەوتنەكانیان دەكەن. ئەوان دوێنی هەینی لە كۆبوونەوەیاندا بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بازاڕی نەوت هەبوو. ئەلكساندر نۆڤاك وەزیری وزەی رووسیا ئاماژەی بەوە كردبوو كە لەوانەیە پێویست نەكات رێككەوتنەكەیان بۆ سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەمیشە درێژەی هەبێت و دەكرێت تەنیا ئەمساڵ كاری پێ بكرێت. وڵاتی تر هەبوو چاوی لەوە بوو نرخی نەوت تا دەگاتە 100 دۆلار، پلانەكەیان درێژەی هەبێت و وڵاتی واش هەبوو پێداگری لەوە دەكرد نەوت لە نرخێك جێگیر بكرێت باشترە لەوەی بەم شێوەیە بەرز بكرێتەوە، چونكە لە داهاتوودا زیان بە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێك دەگات. ئاخر ئەمەریكا لە كاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەرەی زیاتر بە نەوتی لیتەیی دەدات و جڵەوی بازاڕی نەوت بەدەستەوە دەگرێت.

  وڵاتانی ئۆپێك سەرەڕای ئەوەی كە بەڵێنی دابەزاندنی بەرهەمهێنانیان بە تەواوی جێبەجی كردووە 60%ی تر بەگوێرەی رێككەوتنەكە نەوتی كەمتریان هەناردە كردووە. ئەوان مانگی رابردوو رۆژانە 31 ملیۆن و 815 هەزار بەرمیل نەوتیان خستە بازاڕەوە.

ماڵپەڕی بلوومبێرگ بڵاوی كردەوە، هەریەك لە سعوودیە و وڵاتانی تری هاوپەیمانی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت، زیاتر لە رادەی پێویست بەڵینەكەیان جێەبەجێ كردووە.

هەڵبەت یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە خستنەڕووی نەوتی ئۆپێك لە ماوەی مانگی رابردوودا كەم بببیتەوە، دۆخی نالەباری ڤەنزوێلایە كە تووشی تەنگژە بووە و ئاستی وەبەرهێنان لەم وڵاتە بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە و هەر ئەوەش وای كردووە بەرهەمهێنانی نەوت لەم وڵاتە زۆر دابەزێت. 

ئەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی 2016 سەرووی 20% لە بەرهەمهێنانی نەوتەكەی كەمی كردووە و رۆژانە خوارووی ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات.

هاوكات وڵاتێكی تری هەناردەكەری نەوت كە چاوەڕوان دەكرا ئاستی هەناردەكەی بەرز ببێتەوە، دابەزیوە، ئەو وڵاتەش ئێرانە و تەنیا لە هیندستانەوە بە رێژەی 15% لە هاوردەی نەوتەكەی كەمی كردووە.



وشە - سلێمان تاشان