شاندێكی سلێمانی دەچنە بەغدا

:: PM:12:12:21/04/2018 ‌
پارێزگاری سلێمانی ئاشكرای كرد، شاندێكی شارەكە لەم هەفتەیە دەگەنە شاری بەغدا و تاوتوێی چەندان پرسی تایبەت بە پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دەكەن.

هەڤاڵ ئەبوبەكر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرای كرد، شاندێك بە سەرۆكایەتیی پارێزگاری سلێمانی و عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی و لیوا فەخرەدین فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی سنوور لە پارێزگای سلێمانی، لەم هەفتەیە دەچنە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسی وەزارەتە جیاجیاكانی حكوومەتی فیدراڵ كۆ دەبنەوە.

زیاتر گوتی، ئەو شاندە پرسی كردنەوەی دەروازەی پشتە و سووتەمەنی بۆ پارێزگای سلێمانی و پێویستییەكانی پارێزگاكە بۆ كارەبا تاوتوێ دەكەن، دواتریش لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق تاوتوێی بەردەوامی هاوكاری بۆ ئاوارەكان و پرسی مووچەی كارمەندانی بەنداوی دووكان و دەربەندیخان دەخەنە بەرباس.

چوونی ئەو شاندەی سلێمانی لە كاتێكدایە پێنجشەمی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتی كردەوە هیچ شاندێكی فەرمی بەناوی هەرێمی كوردستان لەم نزیكانە بچنە بەغدا، چوونی ئەو شاندەی بەغدا هاوشێوەی هەوڵەكانی پێشووی هەندێ بەرپرس و لایەنە كە دەیانویست بەغدا ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات و بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەگەڕێتەوە، كە قەوارەیەكی دەستووری ددان پێدانراوە لە دەستووری هەمیشەیی عێراق.


وشە - باز ئه‌حمه‌د