دادگای پێداچوونەوەی فڕەنسا سكاڵای ژنێكی رەت كردەوە كە بەهۆی تۆقەنەكردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەكە لە رەگەزنامەی فڕەنسی بێبەش كرابوو.
ژنەكە سكاڵای لە دادگا كردبوو و تیایدا نووسیبووی كە ئەو ئەركە ئایینییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە و نەدەبوایە بەم شێوازە سزا درابا و دوای دوو ساڵ لە سكاڵاكەشی دواجار دادگا سكاڵاكەی رەت كردەوە و بەو پێیە ژنەكە بۆ هەمیشە لە رەگەزنامەی فڕەنسی بێبەش دەبێت.
ژنەكە گوتوویەتی بە هۆی بۆچوونە مەزەوییەكانی تۆقەی نەكردووە. ئەو رێك لەو كاتەی كە بەرپرسانی فڕەنسا ویستوویانە رەگەزنامەی پێ بدەن، بەرپرسان دەستیان درێژ كردووە بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لێ بكەن و رەگەزنامەكەی رادەست بكەن، بەڵام ئەو تۆقەی لەگەڵیاندا نەكردووە. بۆیە بەرپرسانی فڕەنسا بڕیاریان دا مافی هاووڵاتیبوون لە ژنەكە بستێننەوە و گوتیان ئەو ژنە ناتوانێت خۆی لەگەڵ كۆمەڵگەی فڕەنسا بگونجێنێت.
لە ساڵی ٢٠١٠ەو ئەو ژنە جەزائیرییە لەگەڵ پیاوێكی فڕەنسی ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و رێوڕەسمی پێدانی مافی هاووڵاتیبوون بە ژنەكە لە ساڵی ٢٠١٦ بەڕێوە چووبوو.
هەر لەو ساڵەدا لە سویسراش لە یەكێك لە قوتابخانەكان دوو قوتابی كوڕ ئامادە نەبوون تۆقە لەگەڵ مامۆستا ژنەكەیان بكەن، بەڵام دواتر دادگا بڕیاری دا ئەگەر لەم كارەیان بەردەوام بن، ئەوا سزایان بەسەردا دەسەپێنێت.